1/10/2019 11:30 PM

ئه‌مریكا فێڵه‌كانی سپایده‌رمان له‌بری ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی

كۆمپانیایه‌ك فێڵه‌كانی سپایده‌رمان له‌ فیلم كارتۆن و فیلمی سینه‌ماییه‌وه‌ ده‌كاته‌ ڕاستی و بۆ مه‌به‌ستی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران و گومانلێكراوان ده‌یخاته‌ به‌رده‌ستی پۆلیس.

به‌مدواییه‌ پۆلیسی ئه‌مریكا سه‌رقاڵی تاقیكردنه‌وه‌ی ئامێرێكن كه‌ بڕیاره‌ ببێته‌ جێگره‌وه‌ی ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی و ئامڕازه‌كانی دیكه‌ی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران و گومانلێكراوان.

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ڕاپۆرته‌ ته‌ندروستییه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ژماره‌یه‌ك كه‌س به‌هۆی ده‌مانچه‌ی كاره‌باییه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

ئه‌و ئامێره‌ نوێیه‌ كه‌ ناونراوه‌ (پلاراپ) بریتییه‌ له‌ ده‌زگایه‌ك كه‌ كه‌مێك له‌ ته‌له‌فۆنی مۆبایل گه‌وره‌تره‌و به‌ئاسانی به‌ كه‌مه‌ری پۆلیسدا هه‌ڵده‌واسرێت و گوریسێك هه‌ڵده‌دات كه‌ درێژییه‌كی گونجاوی هه‌یه‌و به‌ تۆپێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ كه‌ له‌ قاچی گومانلێكراوه‌كه‌ گیرده‌بێت و ڕێگه‌ی هه‌ڵاتنی لێده‌گرێت، ئه‌و ئامێره‌ ده‌توانێت گوریسه‌كه‌ بۆ دووری سێ بۆ حه‌وت مه‌تر هه‌ڵبدات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ تۆم سمیس سه‌رۆكی كۆمپانیای (ڕاپ ئاندسترێز)ی دروستكه‌ری ئه‌و ئامڕازه‌ باسی له‌ سه‌ركه‌وتنی كۆمپانیاكه‌یان كردووه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنێكدا كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی یان سپرای بیبه‌رو داره‌كانی ده‌ستی پۆلیسه‌وه‌ دروستبووه‌.

سمیس وتی: ئه‌م ئامێره‌ی ئێمه‌ دروستمان كردووه‌ واده‌كات پۆلیس به‌ر له‌ به‌كارهێنانی ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی و سپرای بیبه‌رو داره‌كه‌ی ده‌ستییه‌وه‌ بیر له‌ به‌كارهێنانی (پلاراپ) بكاته‌وه‌، چونكه‌ چه‌كێكی بێزیانه‌و هیچ ڕووداوێكی نه‌خوازراوی لێناكه‌وێته‌وه‌.

سمیس وتیشی: خێرایی هه‌ڵدانی گوریسه‌كه‌ بۆ قاچی گومانلێكراوه‌كان نزیكه‌ی 200 مه‌تره‌ له‌ چركه‌یه‌كدا ئه‌مه‌ش واده‌كات گوریسه‌كه‌ نه‌بینرێت.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ تائێستا سمیس بیرۆكه‌ی ئامێره‌كه‌ی بۆ ده‌یان نوسینگه‌ی پۆلیس له‌ ئه‌مریكا ڕونكردووه‌ته‌وه‌و هه‌مان كاریشی كردووه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئوستورالیاو ئیوزله‌ندا.

پێویسته‌ بوترێت، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ده‌یه‌یه‌وه‌ به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌كارهێنانی ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی به‌رفراوان بووه‌، تائێستا له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌مریكادا زیاتر له‌ 1081 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاتێ بوونه‌ته‌ جێگه‌ی گومان له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی پۆلیسه‌وه‌ به‌هۆی ده‌مانچه‌ی كاره‌باییه‌وه‌ ده‌ستگیركراون به‌ ته‌نها له‌ ساڵی (2018) دا 49 كه‌س به‌هۆی ده‌مانچه‌ی كاره‌باییه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

س: العلوم و التكنولوجیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved