7/10/2019 11:23 PM

سلێمانی.. ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر جگه‌ردا ‌گیرا‌

لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی‌ ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر جگه‌ری به‌ستووی قه‌ده‌غه‌كراودا‌ ده‌گرن و سه‌رۆكی لیژنه‌كان ده‌ڵێت؛ رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌گیرێته‌به‌ر.

بێوه‌ی ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی دووی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند؛ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بڕی (121) پارچه‌ جگه‌ری به‌ستووی قه‌ده‌غه‌كراودا گیراوه‌ كه خاوه‌نه‌كه‌ی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ وڵاتی ئێرانه‌وه‌ به‌نیازی ساخكردنه‌وه‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ شاری سلێمانی، هاورده‌ی كردووه‌.

وتی؛ به‌پێی رێنماییه‌كانی‌ ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری جگه‌ری به‌ستوو یه‌كجار خاوبووه‌وه‌ نابێت بۆ دووباره به‌ستنه‌وه‌ی‌ بخرێته‌وه‌ ناو به‌فرگر، چونكه‌ به‌ها خۆراكیه‌كه‌ی له‌ده‌ستده‌دات و ده‌بێت به‌ ناوه‌ندێك بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی میكرۆب و زیانگه‌یاندن به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ، بۆیه‌ هاورده‌كردنی جگه‌ر قه‌ده‌غه‌كراوه‌.

وتیشی؛ به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی ئه‌و جگه‌ره به‌ستووه‌‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه،‌ راده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی ده‌كرێت بۆ له‌ناوبردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیش رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌گرنه‌‌به‌ر.

لیژنەی دوو یەكێكە لە لیژنە هاوبەشه‌كان كه‌ قائیمقامیەتی سلێمانی له‌ڕێیانه‌وه‌ چاودێری بازاڕو ماركێت و شوێنە گشتیەكان ده‌كات و ئه‌ركی سەرەكی لیژنەكەش پاراستنی لایەنی تەندروستی هاووڵاتیان و پارێزگریكردنە لە ماف و بەرژەوەندی گشتی، له‌كاتی هه‌بوونی سه‌رپێچی شوێنه‌كه‌و خاوه‌نه‌كه‌ی روبه‌رووی رێكاری یاسایی ده‌كاته‌وه‌.


خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانى



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved