8/10/2019 11:28 PM

چاودێری ئەو پاس و تاكسيانە دەكرێت كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن

ئەو پاس و تەكسییانەی خوێندكاران دەگوازنەوە دەبێت تەواوی رێنماییەكانی هاتوچۆو مەرجی سەلامەتی و لایەنی پەروەردەیی جێبەجێ بكەن، بەپێچەوانەوە سزای مادی هەتا لێسەندنەوەی مۆڵەتی كاركردن دەدرێن.

لیژنەی سەرپەرشتی گواستنەوەی منداڵانی باخچەو خوێندكاران لە ماڵەوە بۆ خوێندنگاو بەپێچەوانەوە كە سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییە، بە بەردەوامی و رۆژانە لە چەند كاتێكی جیاوازدا چاودێری ئەو پاس و تەكسییانە دەكات كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن و رێگەنادات لەرووی نرخ و چۆنێتی گواستنەوەوە بەدەر لە رێنماییەكان كاربكەن.

رائید چالاك سەڵاح نوێنەری هاتوچۆو سەرۆكی لیژنەكە رایگەیاند: بەپێی كۆنوسێك كە بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەكان لە قائیمقامیەتی سلێمانی واژوكراوە رێنمایی بۆ تەواوی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەرچووە كە هاتوچۆ بە خوێندكاران لە خوێندنگەو باخچەكانی ساوایان و بە حكومی و ناحكومییەوە دەكەن.

وتیشی: رێگە نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێك له ژمارەی كوشنەكان زیاتر خوێندكار هەڵبگرێت و نرخی گواستنەوەكانیش دیاریكراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پێویستە ئۆتۆمبێلەكە مەرجی توندوتۆڵی تێدابێت و لەرووی یاساییەوە هیچ كێشەیەكی نەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد بەپێی كۆنوسەكە پێویستە لەهەر خوێندنگەیەكدا لیژنەی تایبەت بە سەرپەرشتی پاسەكان هەبێت و بەڵێننامەو تەواوی بەڵگەنامەی شۆفێرو پاسەكانی لابێت و ئیدارەی خوێندنگەكە چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بكات.

وتیشی: هەر شۆفێرێك پابەندی ئەو رێنماییانە نەبێت بە سەرپێچی هاتوچۆ بۆی هەژمار دەكرێت و راستەوخۆ بەپێی یاسا سزای ماددی دەدرێت.

لەبارەی نرخی گواستنەوەشەوە ئەوەی ئاشكراكرد كە
- ئەو خوێندنگاو باخچانەی لە سنوری گەڕەكەكانی خۆیان نرخی گواستنەوەیان بە پاس لە (15–20) هەزارو بۆ تەكسی لە (25 – 30) هەزار دینار دەبێت بۆ هەر مانگێك.

- ئەو خوێندنگاو باخچانەی كە دەكەونە دەرەوەی سنوری گەڕەكەكانی خۆیان، بەڵام لەناو شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموددان بۆ پاس (20–30) هەزارو بۆ تەكسی (25–35) هەزار دیناردا دەبن بۆ هەر مانگێك و بەپێی دوورو نزیكی نرخەكان كەم و زیاد دەكات.

لیژنەی سەرپەرشتی گواستنەوەی منداڵانی باخچەو خوێندكاران لە ماڵەوە بۆ خوێندنگاو بەپێچەوانەوە كە سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییە لە نوێنەری هاتوچۆو ئاسایش و گواستنەوەو پەروەردەو چاودێری بازرگانی پێكهاتووەو بۆ گلەیی و رەخنە لەهەر پاسێك یان ئیدارەی خوێندنگەیەك كە تێبینی ئەوە كرابوو بەدەر لە رێنماییەكان كاردەكات، دەتوانرێت لەرێگەی پەیجی قائیمقامیەتی سلێمانی یان ژمارە موبایلی لیژنە هاوبەشەكانەوە (07708677777) سكاڵا بكرێت.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved