8/10/2019 11:36 PM

ئه‌مریكاو ئه‌وروپا دژی هه‌سارۆكه‌ هێرشبه‌ره‌كان یه‌كده‌گرن

بۆ ڕوبه‌رووبونه‌وه‌ی هێرشی له‌ناكاوی هه‌سارۆكه‌كان و پاراستنی گۆی زه‌وی، ئاژانسی ناساو ئاژانسی فه‌زایی ئه‌وروپا به‌رنامه‌یه‌ك داده‌نێن.

ئاژانسی فه‌زایی ناسا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: له‌گه‌ڵ ئاژانسی فه‌زایی ئه‌وروپا سه‌رقاڵی دانانی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی هێزی به‌رگرییان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌سارۆكه‌یه‌ك و ڕێگرتن له‌ خۆكێشانی به‌ زه‌ویدا.

مه‌به‌ست له‌و هاوكارییه‌ش زانینی توانای به‌رگری ئه‌و ئاژانسانه‌یه‌ له‌دژی ئه‌و به‌رده‌ ئاسمانیانه‌ كه‌ ناوبه‌ناو ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر گۆی زه‌وی.

ئێستاش زاناكان خه‌ریكی ڕه‌وانه‌كردنی ڕۆكێتێكن بۆ هه‌ساره‌ی (دیدیمۆس B) كه‌ 11 سه‌عات جارێك به‌ده‌وری هه‌سارۆكه‌یه‌كی گه‌وره‌تردا ده‌سوڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ (دیدیمۆسA) ناسراوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتن یان شكستی تواناكانی ئه‌و ئاژانسانه‌ دیاری ده‌كات.

زانایانی گه‌ردوونناسی سیستمی دیدیمۆس له‌نێو لیستی ئه‌و ته‌نانه‌ داده‌نێن كه‌ نزیكن له‌ زه‌وییه‌وه‌، به‌ڵام نزیكییه‌كه‌شیان به‌ شێوه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ وای لێبكات به‌رزه‌وی بكه‌وێت.

له‌م پرۆسه‌ هاوبه‌شه‌ی ناساو ئاژانسه‌ ئه‌وروپییه‌كه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت هه‌ردوو ئاژانسه‌كه‌ سوودیان له‌ مه‌كۆیه‌كی ئاژانسی ناسا وه‌رگرتووه‌ كه‌ پێیده‌وترێت (DART).

له‌مباره‌یه‌وه‌ زانای گه‌ردوونناس (ئیان كارنیلی) له‌ ئاژانسی فه‌زایی ئه‌وروپا وتی: تائێستا ئێمه‌ یه‌كه‌مین كه‌سین له‌ مێژوودا كه‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی وامان هه‌یه‌ كه‌ بتوانێت ڕێڕه‌وی هه‌سارۆكه‌یه‌ك بگۆڕین بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری خراپی بۆ سه‌ر گۆی زه‌وی نه‌بێت.

وتیشی: تائێستا پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌و ته‌كنیك و نموونانه‌ی هه‌مانه‌ گونجاون بۆ كاركردن؟ (DART)یش به‌و ئه‌ركه‌ی پێیسپێردراوه‌ ده‌توانێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌.

ئه‌و زانا گه‌ردوونناسه‌ وتیشی: له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ هه‌ندێك كێشه‌ی هه‌بێت، چونكه‌ شتێكی كه‌م ده‌رباره‌ی ڕه‌فتاری ئه‌و ته‌نه‌ بچووكانه‌ ده‌زانین له‌كاتی به‌ریه‌ككه‌وتنداو ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامی خراپی هه‌بێت بۆ به‌رگریكردن له‌ هه‌ساره‌كان و له‌ گۆی زه‌وی.

بڕیاره‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ مانگی ته‌مموزی 2021دا بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌ ئه‌یلولی 2022دا ده‌ربكه‌وێت و هه‌روه‌ها بڕیاره‌ ئه‌و مه‌كۆیه‌ سه‌ته‌لایتێكی زیاده‌ی پێوه‌ بلكێنرێت كه‌ به‌ (LICIACube) ناسراوه‌، به‌رله‌وه‌ی ڕۆكێتی (DART)ی سه‌ره‌كی به‌ر هه‌سارۆكه‌كه‌ بكه‌وێت ئه‌و سه‌ته‌لایته‌ بچووكه‌ جیاده‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی دیمه‌نی ئه‌و ساته‌ مێژووییه‌ بگرێت و ڕه‌وانه‌ی بنكه‌ زه‌مینیه‌كانی ئه‌و دوو ئاژانسه‌ی بكات.

ئاماده‌كه‌رانی پرۆژه‌كه‌ش ده‌ڵێن: بڕیاڕه‌ مه‌كۆی (DART) به‌ خێرایی (2360) كیلۆمه‌تر له‌ سه‌عاتێكدا بگاته‌ (دیدیمۆس B)، هه‌موو ئه‌و هێزه‌ش وه‌رده‌گێڕدرێت بۆ گۆڕانكاری له‌ خێرایی ئاراسته‌كراو كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌یه‌ ته‌نێك ده‌یبڕێت له‌ یه‌كه‌ی كاتدا، به‌ تێكرای یه‌ك سانتیمه‌تر یان زیاتر، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بتوانێت ماوه‌ی خولگه‌یی له‌ 12 سه‌عاته‌وه‌ بكات به‌ چه‌ند خوله‌كێك.

بڕیاریشه‌ له‌ ساڵی 2023 دا ئاژانسی فه‌زایی ئه‌وروپا مه‌كۆیه‌ك به‌ ناوی (Hera) ڕه‌وانه‌ی بۆشایی ئاسمان بكات كه‌ ئه‌ركی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و تێبینی ده‌بێت له‌باره‌ی هه‌بونی مه‌ترسی هه‌سارۆكه‌ وێله‌كان بۆ گۆی زه‌وی.

خاك - س: سپۆتنیك



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved