9/10/2019 09:48 PM

زانكۆكانی كوردستان و ئەوروپا هەماهەنگی دەكەن

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بەرنامەی تایگرس یەكێكە لە ستراتیژە گرنگەكانی وەزارەتەكەمان بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند زانكۆیەكی ئەوروپی.

ئەو لێدوانەی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانی پێشوازیكردنی هات لە وەفدێكی زانكۆی گۆتنگن لە وڵاتی ئەڵمانیاو شارەزایانی بواری سیتسمی بۆلۆنیاو بەرنامەی تایگرس كە پێكهاتبوون لە هەریەك (ئوڤە موس) بەرپرسی پەیوەندیيەكان لە زانكۆی گۆتنگن و (كارلۆس مەخادۆ) شارەزا لەبورای سیستمی بۆلۆنیاو ئەندامانی دیكەی زانكۆكەو لەبواری تایگرس.

لەو دیدارەدا كە هەریەك لە سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ ستراتیژی و لێكۆڵینەوەی زانستی و ڕاوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبوون، وەفدەكەی زانكۆی گۆتنگن لە وڵاتی ئەڵمانیا ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە ئامادەن لەڕێگەی پرۆژەی تایگرس و بەرنامەی نوێ هاوكارو یارمەتیدەری زانكۆكانمان بن، بەتایبەت هاوكاریكردنی زانكۆكانی كوردستان لە جێبەجێكردنی بنەماكانی پرۆسەی بۆلۆنیاو هەڵسەنگاندن بۆ ئەو زانكۆیانەی سیستمی بۆلۆنیا جێبەجی دەكەن.

لە بەرامبەردا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی وەفدەكە، باسی لە هاوكاری و هەماهەنگییەكانی حكومەت و گەلی ئەڵمانیا كرد بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش سوپاسی حكومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ پشتگیرییە جۆراوجۆرەكانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

وتیشی: شەڕی داعش و تیرۆر ئەو راستیەی بۆ بەرجەستەكردین، كە ئێوە چەند هاوكار پشتیوانی خەڵكی كوردستان بوونە، بەتایبەت لە سەنگەری بەرگری و ئازادی لە مرۆڤایەتی.

لەبارەی هاوكارییەكانی ئەڵمانیا بۆ سێكتەری خوێندنی باڵا، د.ئارام محمد ڕایگەیاند: هەوڵ و پرۆژەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ خوێندنی باڵای كوردستان بەرز دەنرخێنین و پێوستمان بەوەیە هاوكارییەكانیان بۆ سێكتەرو بەرنامەكانی دیكەی وەزارەت زیاتربێت.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی تایگرس لە زانكۆكانيش ڕایگەیاند: بەرنامەی تایگرس بریتیيە لە دارشتنی ستراتیژی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆ بەشدارەكانی كوردستان لەگەڵ هاوكارەكانیان لە زانكۆ ئەوروپییەكان، كە هەریەك لە زانكۆكانی كوردستان توانیویانە ستراتیژی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانیان دابڕێژن. بۆ ئەمەش د.ئارام دووپاتیكردەوە ڕاسپاردەو پێشنیازەكانی دوو رۆژی ڕابردووی دووەمین كۆنفرانسی پرۆژەی تایگرس كە لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو، كاری جدییان لەسەر دەكرێت و بەردەوامی بە پرۆژەكە دەدەین.

جێگەی ئاماژەیە لەڕێگەی پرۆگرامی تایگرس (١٠) زانكۆو دامەزراوەی هەرێمی كوردستان و (٥) دامەزراوەی ئەوروپی هەماهەنگی دەكەن بۆ فراوانكردنی رەهەندی نێودەوڵەتی زانكۆو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان، ئەم بەرنامەیەش بە پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان و پرۆگرامی ئیراسمەس پڵەسی ئەوروپی جێبەجێكراوە.


خاك - ڕاگەیاندنی خوێندنی باڵا




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved