9/10/2019 09:57 PM

سلێمانی.. ژمارەی‌ تووشبوانی‌ ئۆتیزم 329 توشبووە

ڕۆژى 9-10-2019 لە كۆنفرانسێكی‌ تایبەتدا بە ئامادەبوونی‌ بەڕێزان ژمارەیەك لە ئەندامانی‌ پەرلەمان‌و ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ژمارەیەك لە بەرپرسی‌ ڕێكخراوەكانی‌ ئۆتیزم‌و سەنتەرە فەرمییەكانی‌ بواری‌ ئۆتیزم، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئەنجامی‌ ڕووپێویەكی‌ بۆ توشبووانی‌ ئۆتیزم خستەڕوو، بەپێی‌ ئەنجامەكانی‌ ئەو ڕووپێوییە ژمارەی‌ توشبووانی‌ ئۆتیزم لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ (329) توشبووەو لەو ژمارەیەش (61)یان لە ڕەگەزی‌ (مێ) و (261)یان لە ڕەگەزی‌ (نێر)ن.

لەو كۆنفرانسەدا، سۆران سەعید بەرپرسی‌ بەشی‌ پلان‌و بەدواداچوون لە دیوانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ ڕوونكردنەوەی‌ پێویستی‌ لەبارەی‌ كات‌و چۆنیەتی‌ كاركردنی‌ ڕووپێویەكەو پڕۆگرامی‌ بە داتاكردنیان خستەڕوو، پاشان عومەر گوڵپی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ وتەیەكی‌ پێشكەشكردو تیایدا ئەنجامەكانی‌ بۆ ڕووپێوییەكی‌ خستەڕوو و تیایدا ڕوونكردنەوەی‌ پێویستی‌ لەسەر ژمارەكان خستە بەردەم ئامادەبووان و دەزگاكانی‌ ڕاگەیاندن.

لە سەرەتای‌ وتەكەیدا بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ بایەخی‌ بوونی‌ ئامارو زانیاری‌‌و داتای‌ بۆ چۆنیەتی‌ دانانی‌ پلان‌و بەرنامە خستەڕوو و وتی‌: ئەم ئامارو داتا متمانەپێكراوە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی‌ باشتر بتوانین بڕیار بدەین‌و پلانەكانی‌ خۆمان داڕێژین چ لەسەر ئاستی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ چ لەسەر ئاستی‌ وەزارەت.

هەر لە وتەكەیدا عومەر گوڵپی‌ ئاماژەی‌ بە كاركردنی‌ سەنتەری‌ ئۆتیزم داو وتی‌: ئەگەرچی‌ سەنتەری‌ ئۆتیزمی‌ سلێمانی‌ لەئاست خواستی‌ دایك‌و باوكان‌و كێشەی‌ ئۆتیزمدا نەبێت، بەڵام باشترین سەنتەری‌ سەرجەم عێراق‌و كوردستانە لە هەردوو ڕووی‌ ژمارەی‌ سودمەندان‌و كوالێتی‌ كاركردنەوە، بەرنامەشمان هەیە ئەم حاڵەتە جێگیربكەین، هەروەها لە ئایندەدا ڕاهێنانی‌ زیاترمان دەبێت بۆ خێزانەكانیش.

پاشان هەریەكە لە ئامادەبووان بێجگە لە دەستخۆشی‌ لە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ بۆ ئەمكارە گرنگەی‌، بۆچوونی‌ خۆیان لەبارەی‌ ڕووپێویەك‌و چۆنیەتی‌ كاركردن بۆ ئۆتیزم‌و توشبووانی‌ ئۆتیزم خستەڕوو.

لە خوارەوە پوختەو تەواوی‌ زانیارییەكانی‌ ڕووپێویەكە دەخەینەڕوو:

بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاوێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌
(پوختەی‌ ئەنجامی‌ ڕووپێوی توشبووانی‌ ئۆتیزم لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌)
پاش ڕاگەیاندنی‌ پرۆسەی‌ ڕووپێوی و ئاماری‌ توشبوانی‌ ئۆتیزم لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە بەرواری‌ ١٦ی‌ ٦ی‌ ٢٠١٩ەو گرتنەبەری‌ سەرجەم ڕێوشوێنەكان بۆ ئاگاداركردنەوەی‌ دایك و باوك و خێزانەكان لە چەندین ڕێگەی‌ جیاجیاوە، ئەنجامی‌ ڕووپێوی بۆ منداڵانی‌ ئۆتیزم لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەمجۆرەی‌ خوارەوە دەخەینەڕوو:

١ـ كۆی گشتی ئەو كەسانەی‌ كە ڕووپێوییەكە بەپێی‌ بەڵگەنامەی‌ فەرمی‌ بە توشبوی‌ ئۆتیزم ئەژماری‌ كردوون بریتین لە (329) توشبوو لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، لەوانە (268)یان لە ڕەگەزی‌ (نێر) و (61)یان لە ڕەگەزی‌ (مێ)ن.

٢ـ دابەشبوونی منداڵانی ئۆتیزم بەپێی شوێن لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌: (196) توشبووی‌ ئۆتیزم بەڕێژەی‌ (%60) دانیشتووی‌ ناو شاری‌ سلێمانین و ئەوانەشی‌ لە دەرەوەی‌ شاری‌ سلێمانی نیشتەجێن بریتین لە (133) توشبوو بەڕێژەی‌ (%40).

٣ـ دابەشبوون بەپێی‌ تەمەن: زۆرترین ڕێژەی‌ توشبووانی‌ ئۆتیزم بریتیيە لە منداڵانی‌ تەمەن (٧ بۆ ١١) ساڵ، بە رێژەی‌ (٤٧%) و كەمترینیان تەمەنیان لەنێوان (٢٧ بۆ ٣٠ ساڵیدایە) كە یەك توشبووە بە ڕێژەی‌ (0.30%).

٤ـ دابەشبوون بەپێی‌ سودمەندبوون لە سەنتەرەكان: ڕێژەی‌ منداڵانی‌ سوودمەند لە سەنتەرەكانی‌ ڕاهێنان بریتيیە لە (219) توشبووی‌ ئۆتیزم بە رێژەی‌ (%66.57)، لەو ڕێژەیەش (96) توشبوو لە سەنتەری‌ حكومی‌ سودمەندبوون بە ریژەی‌ (%29.17) و ئەوانەشی‌ لە سەنتەری‌ ناحكومی‌ سودمەند بوون بریتین لە (123) توشبوو بە ڕێژەی‌ (%37.38).

٥ـ دابەشبوون بەپێی‌ سودمەندبوون لە هاوكاری‌ كۆمەڵایەتی‌: ژمارەی‌ ئەو توشبووانەی‌ ئۆتیزم كە تۆمارن لە تۆڕی‌ پاراستنی‌ كۆمەڵایەتی‌ و سوودمەندن لە هاوكارییە كۆمەڵایەتییەكان بریتین لە (84) توشبوو بە ڕێژەی‌ (%25.53) و ژمارەی‌ ئەوانەشی‌ سوودمەند نەبوون بریتین لە (245) توشبوو بەڕێژەی‌ (%74.47).

٦ـ دابەشبوون بەپێی‌ خول و ڕاهێنانەكان: لە كۆی‌ (329) خێزانی‌ ئۆتیزم تەنها (70) لە خێزانەكانیان بەشداری‌ خول و ڕاهێنانیان كردووە بە ڕێژەی‌ (%21.28)، واتە (259) خێزان بە ڕێژەی‌ (%78.72) بەشداری‌ هیچ خول و ڕاهێنانێكیان نەكردووە.

٧ـ دابەشبوون بەپێی‌ سودمەندبوون لە مۆڵەتی‌ بەخێوكار: لە كۆی‌ (329) توشبووی‌ ئۆتیزم، (73)یان بەڕێژەی‌ (%22.19) سوودمەند بوون لە مۆڵەتی‌ بەخێوكار.

٨ـ دابەشبوون بەپێی‌ دۆخی‌ ئابوری‌: بەپێی‌ ئەنجامی‌ ڕووپێوییەكە (265) خێزان دۆخی‌ ئابووریان مامناوەندو باشە بە رێژەی‌ (%80) و (264) خێزانی‌ ئۆتیزم بە ڕێژەی‌ (%80.24) نیشتەجێن لە موڵكی‌ خۆیاندا، هەروەها ژمارەی‌ ئەو خانەوادانەی‌ كە دۆخی‌ ئابوریان خراپ و زۆر خراپە بریتيیە لە (64) خێزان بە رێژەی‌ (%19.46) و ژمارەی‌ ئەو خانەوادانەی‌ كە لە خانوی‌ كرێدان بریتيیە لە (61) خێزان بە رێژەی‌ (%18.54).

٩ـ بەپێی‌ ئەنجامەكانی‌ ڕووپێوییەكە (11) خێزان بێجگە لە توشبوو بە ئۆتیزم، یەكێكی‌تر لە ئەندامانی‌ خێزانەكەیان خاوەن پێداویستی‌ تایبەتە بە رێژەی‌ (%3.33).


خاك - ئاژانسه‌كان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved