9/10/2019 10:06 PM

ناسا: ئاستی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له‌ به‌رگه‌ هه‌وای زه‌ویدا به‌رزبووه‌ته‌وه‌

ئاژانسی ناسای ئه‌مریكی ئاشكرایكرد، ئاستی گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له‌ به‌رگه‌ هه‌وای زه‌ویدا له‌ مانگی ئابدا سێ پله‌ به‌رزتربووه‌ به‌ به‌راورد به‌هه‌مان مانگ له‌ ساڵی 2018دا.

ئاژانسی ناسا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی نه‌یتوانیوه‌ هیچ بكات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ده‌ردانی گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن به‌ره‌و به‌رگه‌ هه‌واو كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌تیسبوونی گه‌رمای گۆی زه‌وی.

ناسا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ تێكڕای دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له‌ به‌رگه‌ هه‌وای زه‌ویدا نزیكه‌ی (412) گه‌ردیله‌یه‌ له‌ ملیۆنێكدا، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سێ گه‌ردیله‌ به‌رزتره‌ له‌چاو ساڵی 2018دا.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ (ئه‌لیكسی كۆكۆرین)ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌شوهه‌واو وزه‌ له‌ ڕوسیا كه‌ سه‌ر به‌ (سندوقی نێوده‌وڵه‌تی ژیانی كێوی)یه‌ كه‌ به‌ (WWF) ناسراوه‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان ئاشكرایكردووه‌، چڕبوونه‌وه‌ی گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له‌ به‌رگه‌هه‌وای زه‌ویدا پله‌ پله‌ زیاد ده‌كات، ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌ هاویندا كه‌مده‌بێته‌وه‌ له‌ زستاندا داده‌به‌زێت.

ده‌شڵێت: ئه‌و پێدراوانه‌ی له‌به‌رده‌ستماندایه‌ ده‌ریده‌خات كه‌شوهه‌وای ئۆقیانوس و سیستمی ژینگه‌یی ته‌نها (50%)ی ده‌ردانی گاز لاده‌به‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ هه‌وادا به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌مێنێته‌وه‌.

كۆكۆرین ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، گۆرانكاری له‌ ته‌كنه‌لۆژیادا كه‌ خاڵی بێت له‌ كاربۆن پێویستی به‌وه‌یه‌ بازرگانان و كۆمپانیا گه‌وره‌كان پلانی ماوه‌درێژی بۆ دابنێن و ئه‌وه‌شی ده‌یزانین ئه‌وه‌یه‌ پرۆژه‌ سه‌وزه‌كان پێویستیان به‌ 25 بۆ 30 ساڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانیان ده‌ربكه‌وێت.

ئه‌و پسپۆڕه‌ وتی: ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه‌ وڵاته‌ گه‌شه‌نده‌كان كه‌ له‌ قۆناغی گه‌شه‌كردنی پیشه‌سازیدان هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ زیادبوونی ده‌ردانی گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن.

پسپۆڕانی ژینگه‌ییش له‌و بڕوایه‌دان كه‌ وڵاتانی گه‌وره‌ی پیشه‌سازیش تائێستا هه‌نگاوی جدییان نه‌ناوه‌ بۆ كه‌كردنه‌وه‌ی ده‌ردانی گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن و كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی قه‌تیسبوونی گه‌رمای گۆی زه‌وی كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی گۆڕانی كه‌شوهه‌وای جیهانه‌.

خاك - س: ڕویته‌رز



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved