11/10/2019 07:46 PM

پشكنین بۆ فرۆشگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كرێت

له‌ پێناو پاراستنی ته‌ندروستی خوێندكاران، قائیمقامی سلێمانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان راده‌سپێرێت به‌ به‌رده‌وامی سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكه‌ن بۆ پشكنینی ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی له‌ فرۆشگاكان ده‌فرۆشرێت.

ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی راسپاردووه‌ رۆژانه‌ سه‌ردانی فرۆشگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكه‌ن و پشكنین بۆ ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی به‌ خوێندكاران ده‌فرۆشرێت ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو پاراستنی ته‌ندروستی خوێندكاران.

به‌ختیار فه‌ره‌ج سه‌رۆكی لیژنه‌ی 1ی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان رایگه‌یاند؛ قائیمقامی سلێمانی فه‌رمانی به‌ لیژنه‌كان كردووه‌ رۆژانه‌ سه‌ردانی فرۆشگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكه‌ن، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانیشه‌وه‌ پشكنین بۆ ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ ده‌كرێت بۆ‌ خوێندكاره‌كان ئاماده‌ ده‌كرێت.

وتیشى؛ جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌مانی كاركردن له‌ فرۆشگای خوێندنگه‌كاندا، بۆیه‌ پێویسته‌ خاوه‌نه‌كانیان پابه‌ندبن به‌ مه‌رجه‌كانی كاركردن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سزای شوێنه‌كه‌ ده‌درێت.

وتیشی؛ خوێندنگه‌كان پابه‌ندن به‌ جێبه‌جێكردنی لیستی ‌ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانیه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌‌و‌ رێگری له‌ فرۆشتنیان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كات كه‌ له‌ (شیرو شه‌ربه‌تی پاكه‌ت، بنێشت، نوقڵ، له‌فه‌ی سوره‌كراو، هه‌موو جۆره‌كانی چپس و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان) پێكهاتوون. 

هه‌روه‌ك وتیشی؛ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت له‌ڕێی نوێنه‌ره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری بازرگانییه‌وه‌ رێگری له‌ گرانفرۆشی له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كات به‌جۆرێك نابێت نرخی خوارده‌مه‌نیه‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی فرۆشگای خوێندنگاكان زیاتر بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ چاودێری فرۆشگاكاندا، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت پشكنین بۆ ته‌نكی ئاوی خوێندنگاو باخچه‌ی منداڵان و دایه‌نگه‌كانیش ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ تانكی ئاوه‌كان سه‌ربانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن خاوێن كرابێتنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ هۆی پیسبوونی ئاوی خواردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كه‌. 

خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی










created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved