12/10/2019 09:51 PM

پاسكیلسواری كچانی نه‌ورۆز ده‌ ساڵه‌ پاڵه‌وانی عیراقن

دوای ئەوەی توانی لە قۆناغی چوارەم و كۆتایی خولی پاسكیلسواری یانەكانی عێراق لەسەر ئاستی تاک و تیپ پلەی یەکەم بەدەستبھێنێت، تیپی کچانی یانەکە نازناوی خولەکەی بردەوە.

تیپه‌كه‌ له‌ ساڵی 2007 وه‌ دامه‌زراوه‌و له‌و ساڵه‌وه‌ 10 جار له‌رێگه‌ی كچه‌ كورده‌كانی و به‌ لێهاتوويی سیروان سامی راهێنه‌ری دیاری پاسكیلسواری توانیان كۆنترۆڵی نازناوه‌كانی عێراق بكه‌ن.

یانه‌ی نه‌ورۆز كه‌ ته‌نیا یانه‌ی شاری سلێمانیه‌ چه‌ندین ساڵه‌ گرنگی به‌م تیپه‌ ده‌دات و وای له‌ یاریزانه‌كان كردووه‌ هه‌میشه‌ له‌ پێشه‌نگی یانه‌كان و بن و پشكی شێری هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش بۆ یارییه‌كه‌ پێكده‌هێنن.

تیپی پاسكیلسواری كچانی نه‌ورۆز به‌هۆی پێشه‌نگیان چه‌ندین ساڵه‌ وه‌ك نوێنه‌ری عێراق به‌شدارن له‌ پاڵه‌وانێتی یانه‌كانی عه‌ره‌ب و ئاسیاو خاوه‌نی چه‌ندین ده‌ستكه‌وتیشن بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق.

راهێنه‌ره‌ی یانه‌كه‌ ده‌لێت: یانه‌ی نه‌ورۆز تاقانه‌ یانه‌ی شاره‌ كه‌ خاوه‌نی تیپی پاسكیلسواری كچانه‌ له‌ شاری سلێمانی كه‌ ئه‌وه‌ش جێگه‌ی شانازییه‌كی زۆره‌، به‌ڵام گله‌يی له‌ به‌رپرسانی خۆجێی شاره‌كه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ك پێویست پاڵپشتی ئه‌م تیپه‌ نه‌بوون له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ندێكجار خه‌مساردی لای ئه‌و یاریزانه‌كانی دروستكردووه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێت تیپه‌كه‌مان شایسته‌ی پاڵپشتی و هاوكاری هه‌میشه‌یه‌ تاوه‌كو رۆژبه‌رۆژ ئاستيان به‌ره‌و پێشتر بڕوات.

پاسكیلسواری نه‌ورۆز ساڵانه‌ چه‌ندین یاریزانی تازه‌پێگه‌یشتوو لاو سه‌رده‌خاته‌ تیپی پێشكه‌وتوانه‌وه‌ به‌ رێگه‌یه‌كی زانستی و به‌ ئاستێكی به‌رز كه‌ ئه‌و یاریزانانه‌ش زووبه‌زوو له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان جێگه‌ ده‌ستی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن.

بریاریشه‌  پاسكیلسواری نه‌ورۆز بۆ وه‌رزی ئه‌مساڵ ببێته‌ نوێنه‌ری عێراق له‌ پاڵه‌وانێتی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئاسیا كه‌ بریاره‌ له‌ وڵاتی تونس و هندستان به‌رێوه‌بچێت.

خاك - هەرێز جەمال 














created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved