19/10/2019 10:38 PM

پارازیت له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی نمایشكرا

فیلمی سینه‌مایی "پارازیت" (مشه‌خۆر) براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلمی حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "كان"ی فه‌ڕه‌نسا له‌ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی "سلێمانی" چووه‌ سه‌ر په‌رده‌و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلمی به‌ده‌ستهێنا.

به‌پێی ڕاپۆڕتی لێژنه‌ی ڕاگه‌یاندنی گشتیی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی "پارازیت" (مشه‌خۆر) PARASITE له‌ ده‌رهێنانی "بۆنگ جوون ـ هۆ" Bong Joon-ho له‌ وڵاتی كۆریای باشوور براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلمی حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "كان"ی فه‌ڕه‌نسا، له‌ به‌شی ركابه‌ریی سه‌ره‌كیی "سینه‌مای جیهان" له‌ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی "سلێمانی" Slemani له‌ هۆڵی سینه‌ما سالم له‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی ئه‌م به‌شه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ "بۆنگ جوون ـ هۆ" Bong Joon-ho و "هان جین ـ وون" Han Jin-Won بۆ نووسینی ده‌قی سیناریۆی فیلمی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ پێشكه‌شكرا.

فیلمی سینه‌مایی "پارازیت" (مشه‌خۆر) كه‌ ئه‌مساڵ پڕفرۆشترین فیلم له‌ نێوان هه‌موو براوه‌كانی چڵه‌ خورما له‌ گیشه‌ی جیهانییدا بۆ خۆی مسۆگه‌ر كرد؛ له‌ لایه‌ن وڵاتی كۆریای باشوور له‌ لقی باشترین فیلمی زمانی بیانی بۆ نه‌وه‌دودووهه‌مین خولی خه‌ڵاته‌كانی ئه‌كادیمیای ئۆسكار له‌ ساڵی 2020 ناسێندرا.

ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی ركابه‌ریی سه‌ره‌كیی "سینه‌مای جیهان" (نێونه‌ته‌وه‌یی) پێكهاتوو له‌ به‌رهه‌مه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی "سلێمانی" بریتی بوون له‌؛ "هینز هێرمانس" Heinz Hermanns ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی CEO و ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی كورته‌ فیلمی به‌رلین ـ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، خاتوو "پووران دره‌خشه‌نده‌" سیناریۆنووس، ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئێران، "ئادریان بیلچ" Adrian Belic ـ ده‌رهێنه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌هه‌ڵگرتنی فیلم و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا، "یوهانی ئالێنین" Juhani Alanen ـ به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ته‌مپره‌" Tampere له‌ وڵاتی فینله‌ندا و خاتوو "زولفیه‌ ئاكولاك" Zülfiye Akkulak ـ به‌ڕێوه‌به‌ری فیلم و راگه‌یاندن له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی "سلێمانی‌" له‌ لایه‌ن كۆمپانیای سینه‌مایی "مه‌ستی فیلم" به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی "فوئاد جه‌لال"، به‌ سه‌رۆكایه‌تی "مه‌لا به‌ختیار" به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی "دانه‌ر عومه‌ر فارس" و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو "لینا ره‌زا" و به‌ نمایش كردنی 134 فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌كانی ٧9 وڵاتی جیهان؛ له‌ دوو به‌شی ركابه‌ریی سه‌ره‌كیی "سینه‌مای جیهان" (نێوده‌وڵه‌تی) و به‌شی ركابه‌ریی "سینه‌مای كوردی" (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی په‌نێلی "شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی" و په‌نێلی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش واته "ده‌زگای فیلم"؛ له‌ 5 هۆڵی "سیتی سینه‌ما"، "سینه‌ما سالم"، هۆڵی "ئه‌منه‌ سووره‌كه‌" و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری "هونه‌ر" له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.

خاك - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی
فۆتۆكان: مه‌نسور جیهانی







created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved