20/10/2019 11:03 AM

هاوارەبەرە و میرزا


هاوارە بەرەو میرزا یەكێك لەو بەرهەمە نایاب و نازدارەی نووسەری ناوداری كورد فەتاح ئەمیرییە، ئەم رۆمانە جوانە پڕ لەوشەی جوانی كوردی، بەدەر لە رووداو و فەزا و گێڕانەوە و.. خەزێنەیەكی گەورەی زمانی كوردییە، گێڕانەوە هێندە جوان و شیرینە لە خوێندنەوەی تێر نابێ خوێنەر، پڕە لە وێنەی جوانی سروشتی كوردستان و ژیانی سادە و ساكاری گوندی كوردی و ئەوینداری، هاوارە بەرە و میرزا چیرۆكی عەشق و تێكۆشانە، چیرۆكی گەلێكی ستەم دیدەیە، گێڕانەوە لەم بەرهەمەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ستەمی شای ئێران، كە چۆن وەك دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكان دەستیان ناوەتە بنەقاقای كوردی هەژار و خاك و ژیان و زمان و هەموو شتێكی ئەم گەلە ستەم دیدەیەیان داگیركردووە.
 ئەم رۆمانە لەدووتوێی 403 لاپەڕەدا چاپ بووە، لە بڵاوكراوەكانی چاپەمەنی خانییە، بەرهەمێكی دانسقەیە، لە رۆژهەڵات چەند جار چاپ كراوەتەوە، خوێنەرێكی بێشوماری هەیە، بەم دواییانە فەرهەنگی زاراوەكانی ئەم رۆمانەش بڵاوبووەوە، جەماڵ كاڕەشی ئامادەی كردوە و فەتاح ئەمیری نووسەری بەرهەمەكە شەرح و مانا لەیەكدانەوەكەی بۆ كردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێ كە رۆمانەكە بڵاوبۆتەوە و ئەو فەرهەنگە بۆ ئەو وشە جوان و رەسەنانەی نێو رۆمانەكە دانراوە، كە كەمتر بەر گوێی خەڵكی كەوتوون و وشەی رەسەنی كوردین و تۆزی زمانی داگیركەر دایپۆشیون، یان ئەو ئیدیۆمانەی لەرۆمانەكەدا هەن شەرح كراون، ئەمەش بۆ بەرچاو روونی خوێنەر، ناوەڕۆكی رۆمانی هاوارە بەرە و میرزا چیرۆكی ئەوینداری و شۆڕشە، میرزای پاڵەوانی رۆمانەكە ئەو پیاوە ئازایەی كە رۆڵی گرنگ دەگێڕێ لە رۆمانەكەدا بووە بە باسوخواسی خەڵكی. كەشی رۆمانەكە لەگوندە، رووداوەكان لەگوند روودەدەن،  چیرۆكی ژیانی گوند و بەسەرهاتی خەڵكی گوندە، بە زمانێكی ئەوەندە جوان و شیرین كە خوێنەر بە جارێك و دووان لێی تێر نابێ و كانگەی وشەی زێرین و جوانی كوردییە.
لەپێشەكی رۆمانەكەدا نووسەر دەڵێت: هاوارەبەرە ئاهەنگە، ئاهەنگێكی رەسەن و لە مێژینە، ئاهەنگێكی هەڵقوڵاو لەدڵی خەڵكدا، ئاهەنگێكی قووڵ و كورتە، ئاهەنگێكی شمشاڵە، پێش ئەوەی مۆسیقا رەنگی عیلمی  و شكڵی ئەوڕۆیی بەخۆی بگرێ بەبێ ئەوەی جوان مشت و ماڵ كرابێ، داتاشراو و ساف و سووف هاتۆتە دەرێ.هەر دەڵێی بەسەد ئاوان شۆراوە و نیسكی بەردە شۆركراوە! گوێگر بە تەواویی ئێحساسی ئەوە دەكات شمشاڵ ژەن هاواری لێ بڵیند بووە و یارمەتی دەوێ. ئەوەندەی من گوێم لێ بوو بێ ئەو حاڵەتە لە ئاهەنگی ( بوك و خەسوو)شدا بەتەواویی هەست دەكرێ. مانای ئاهەنگ لە دڵی ئاهەنگدا خۆ نیشان دەدا. ئەو كاتەی بووك قسە دەكات نەرم و نەوی دەدوێ. بەحاڵ لێوی دەبزوێ، زۆر فەقیرانە، حاڵەتی پاڕانەوە و لاڵنەوەیە. كەچی هەر نۆرەی خەسوودێ، بەپێی خو خدەی تایبەتی خۆی، دەقیژێنێ، دەشاتێنێ! تەنانەت رەنگە لەداخان سەروقژی بڕنێتەوە و سەری وەك مریشكی ئاوەڕووت لێ بكا، ئەو ئاهەنكانە چۆن لەدایك بوون؟ چۆن پێگەییون؟ چۆن پەروەردە كراون؟ رەنگە كاری منی لە مۆسیقا بێ خەبەر نەبێ قسە كردن لەو بابەتەوە دەسپێرم بە ئەهلی خۆی، رێ بەرێ داری! با نەبمە مام هۆرتك و رایەڵ وپۆ لەوانیش تێك نەدەم، رێسەكەیان لێ نەكەمەوە خوری و توك و دوعای ئەوانیش نەهێنمە ئەستۆی خۆم و هێندەی دی گێژ و وێژ نەبم!.
سوركێو ناسر




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved