27/10/2019 10:45 AM

چەند خاڵی سەرنجڕاکێش لە کەسایەتی چارڵی چاپلن

ئەو میراتەی چارڵی چاپلن بۆ سینەمای جێهێشتوە وەسف ناکرێت. ئەو خزمەتەی ئەو بەم هونەرەی کردووە زۆر بەرزترە لە کۆمێدیایەک کە خاڵی سەرەکی بەرهەمە هونەرییەکانیەتی. پاش تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر هێشتاش فیلمگەلێکی وەک: "مناڵۆچکه" (The Kid) و "رووناکییەکانی شار" (City Lights)، سەرنجی بەردەنگان و رەخنەگرانی سینەما بۆ لای خۆیان رادەکێشێن. لە درێژەی ئەم بابەتەدا چەن لاپەڕە لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی ئەم دەرهێنەرە خۆشەویسته هەڵئەدەینەوە. 

١-چارڵی چاپلن کەسێکی ئایدیالیست بوو
فیلمەکانی ئەم دەرهێنەرە بەهەڵکەوت نەدەبوون به شاکار. چاپلن سەرنجی یەک به یەکی وردەکارییەکانی ئەدا و هەندێک جار بۆ تۆمار کردنی یەک بەش لە فیلمەکە جگە لەوەی دەیان جار تۆمارکردنەکەی دووبارە ئەکردەوە، تەنانەت هەندێک جار ئەکتەرەکانیشی لە ماوەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا ئەگۆڕی. 

٢-گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ "مارلۆن براندۆ"
مارلۆن براندۆ ئەکتەری گەورە و بەناوبانگی ئەمریکی، یەکێک لە عاشقانی چارڵی چاپلن بوو. ئەم ئەکتەرە شانازی بەوە ئەکرد کە توانیویەتی لە فیلمی "کۆنتسێک لە هۆنگ کۆنگەوە" (Countess From Hong Kong) لەگەڵ ئەم دەرهێنەرە هاوکاری بکات، بەڵام پاش کۆتایی ئەم فیلمە گرژی و ئاڵۆزی کەوته نێوانیان و به چاپلنی ئەوت: ئەم پیاوە کەسێکی سادیسته، واتە حەز به ئازاردانی خەڵک ئەکات. 

٣-مناڵییەکی پڕئازاری بوو
چاپلن لەگەڵ باوکی کە ئەویش ئەکتەر بوو پەیوەندی نەبوو. هەر بۆیه لە بواری ئابوورییەوە لە قەیرانێکی زۆردا بوو. تا ئەو رادەیەی کە تەنانەت کاریگەری لەسەر باری جەستەییشی دانابوو. دایکیشی به ماوەی ٢٣ ساڵ به هۆی نەخۆشی سیفلسەوە لە نەخۆشخانەیەکدا بوو و پاشان کۆچی کرد. کەوابوو گەر چاپلن نەهاتایەته ناو سینەماوە، بێگومان  نەبوونی و هەژاری ئەم ئەستێرە درەوشاوەیەی لەناو ئەبرد. 
 
٤-به کۆمۆنیستیان ئەزانی
چاپلن به هۆی فیلمی "مۆسیۆ وێردۆ" (Monsieur Verdoux)ـەوە کە لەوێدا ڕەخنه لە سیستەمی سەرمایەداری ئەگرێت، به کۆمۆنیست ئەهاته ئەژمار و ئەمەش بۆ حکومەتی ئەمریکا خۆش نەبوو. چالن ئەگەرچی خۆی به کۆمۆنیست نەدەزانی بەڵام دژی دەستبەسەر کردن و ئازاردانی کۆمۆنیستەکان بوو. 

 

سەرچاوە: screenrant

خاک_پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved