9/11/2019 10:02 AM

دابەزینی رێژەی زاوزێ لە جیهاندا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی کردبوو کە رێژەی دانیشتوانی جیهان تا ساڵی 2100 ئەگاته 11.2 ملیار کەس. بەڵام ئەم ڕێکخراوە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە پێشبینییەکەی خۆیدا چووەوە و ئەم ژمارەیەی کرد به 10.9 ملیار کەس. هۆکاری ئەو پێداچوونەوەیە ئەوەیە کە رێژەی زاوزوێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا خەریکە کەم ئەبێتەوە.
"دارل بریکێر" خوێندکاری زانکۆی تۆرنتۆی کەنەدا و یەکێک لە نووسەرانی کتێبی " هەسارەی بەتاڵ: شۆکی دابەزینی دانیشتووانی جیهان" باس لەوە ئەکات کە ئەم پێداچوونەوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر سەیر نییه چونکە ئەوەی ئێمه لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا ئەیبینین ئەوەیە کە رێژەی زاوزێ زۆرخێراتر لەو بەراوردەی نەتەوە یەکگرتووەکان خەریکی دابەزینه. رێژەی جێگرکردنەوەی دانیشتوان واته رێژەی ئەو زاوزێیەی کە بۆ ڕاگرتنی رێژەی دانیشتوانی جیهان لە ژمارەیەکی تایبەتدا. ئەم رێژەیه لە وڵاتانی پێشکەوتوودا 2 و لە وڵاتانی دیکەدا لە نێوان 2.5 بۆ 3.5ـوە. بەڵام کێشە ئەوەیه ئەم ژمارەیه لە هەندێک شوێنی جیهان ناگاته ژمارەی 2ـش. کەوابوو کەسانێک بۆ نموونه "بریکێر" لەسەر ئەو بڕوایەن کە بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوانی جیهان تا ناوەڕاستی سەدەی 21 ئەگاته 8 یان 9 ملیار کەس و لەپاشان لەگەڵ دابەزینی ئەم رێژەیە رووبەڕوو ئەبینەوە.
بە گوتەی بریکێر یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بابەتە بەرزبوونەوەی رادەی "شارنشینی"یه. شارنشینی گرێدراوی کۆمەڵێک یاسا و رێسای تایبەتە کە یەکێک لەوان ئەوەیه کە دەبێ مناڵت نەبێ یان مناڵت کەم بێ. هەروەها ترس و دڵەڕاوکێیەک کە بەهۆی هەندێک میدیا و راگەیاندن بۆ نموونه سینەماوە بەدیهاتووە کە گۆیا رۆژێک دێت "زەوی ئیتر جێگای هیچ مرۆڤێکی تیا نابێتەوە" لە بواری سایکۆلۆژییەوە زەینی مرۆڤەکانی بە نسبەت مەسەلەی زاوزوێ لێڵ و ناڕوون کردووە.

 

سەرچاوە: cbc

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved