12/11/2019 09:49 AM

رکابەرایەتی نێوان میسی و بەنزێما

درەوشانەوەی کەریم بەنزێما و لیۆنەل میسی لە یارییەکانی ئەم هەفتەیەی "لا-لیگا"ـدا، خشتەی باشترین گۆڵکارانی ئەم وەرزەیان تووشی شڵەژان کردووە. خشتەی باشترین گۆڵکارانی لا-لیگا کە پێی ئەگوترێ : " خشتەی پێچاوپێچ"، لەم هەفتەیەدا شایەتی گۆڕانێکی زۆر بووە. هۆکارەکەشی ئەوەیه کە ئەم دوو ئەستێرەیەی ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە بەباشی درەوشانەوە.
کەریم بەنزێما، هێرشبەری بەئەزموونی فەڕەنسی لە یاری لەگەڵ یانەی "ئیبار"ـدا 2 گۆڵی کرد و ڕۆڵێکی گرنگی لەسەرخستنی یانەی ریاڵ مەدرید گێڕا.  بەنزێما بەم دوو گۆڵە بووە خاوەنی 9 گۆڵ و ناوی لە سەرەوەی خشتەی گۆڵکاراندا جێگیر بوو. بەڵام ئەم خۆشییەی بەنزێما زۆری نەخایاند، چونکە لە "نیۆکامپ" هێرشبەری بەناوبانگی ئەرژەنتینی، خۆی گەیاندە بەنزێما و هۆشداری به بەنزێما دا کە ئەمساڵ رکابەرییەکی دژوار چاوەڕێی ئەکات. میسی لەیاری لەگەڵ یانەی "سەلتاویگۆ"ـدا کۆی گشتی گۆڵەکانی گەیاندە 8. لەم یارییەدا بەرشەلۆنه زۆر بەهێز دەرنەکەوت، بەڵام میسی به تۆمار کردنی 3 گۆڵی زیرەکانه جگە لەوەی بەرشەلۆنەی سەرخست، جێگە و پێگەی خۆی لەخشتەی گۆڵکاراندا چەندین پلە بەرز کردەوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved