14/11/2019 12:26 PM

باڵەخانەیەك بۆ كڕین و فرۆشتنی جەستە

 

باڵەخانەی یاقوبیان
باڵەخانەیەك بۆ كڕین و فرۆشتنی جەستە

سورکێو ناسر
رۆمانی باڵەخانەی یاقوبیانی عەلا ئەسوانی بە یەكێ‌ لە رۆمانە نایابەكانی رۆژگاری ئەمڕۆ دادەنرێ‌ لە دنیای ئەدەبیاتی میسری‌ و لەسەر ئاستی جیهانیش بە بەرهەمێكی گرنگ دادەنرێ‌ ‌و لەگەڵ رۆمانی شیكاگۆدا ناوبانگی عەلا ئەسوانیان بەدنیادا بڵاوكردەوە. ئەم رۆمانە كراوە بە فیلم ‌و پاشان كراوە بە زنجیرە درامای تەلەفیزۆنی، هەرچی عەلا ئەسوانی نوسەری ئەم كتێبەیە تووشی ناڕەحەتی ‌و ئازارو ئەشكەنجە بووەتەوە و بەهۆی بەرهەمە رەخنە ئامێزەكانییەوە سانسۆرێكی زۆری لەسەرە، ئەم رۆمانە حیكایەتی ژیانی خەڵكی میسرە. حیكایەتی قوربانییە، قوربانییەكانی ناو ئەم رۆمانە تەها شازلی، بوسەینە، سوعاد، عەبد رەبە،.. هەموو ئەمانە قوربانین هەریەكە و بەجۆرێك لە جۆرەكان قوربانین. كاتێك بەهۆی هەژاری‌ و گەندەڵییەوە تەها شازلی بەهیوای خۆی ناگات‌ و ناتوانێ‌ لە كۆلێژی سەربازی بخوێنێ‌ ‌و بەناچاری روو لە بوارێكی دیكەی خوێندن دەكات لەوێوە وەك گەنجێك تێكەڵ بە بزوتنەوەیەكی ئیسلامی توندڕەو دەبێت‌ و هەرچی دەسەڵاتیشە لەبری نەرمی نواندن ‌و دوورخستنەوەی لەو بزووتنەوەیە بە توندی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن‌ و ئازاری دەدەن ‌و داری تێدەبڕن لێرەوە تەها شازلی رق ئەستوورتر دەبێت‌ و زیاتر رۆدەچێتە ناو ئەو بزوتنەوە تیرۆریستییە، سەرئەنجام وەك قوربانییەك ژیانی خۆی بەخت دەكات بوسەینەش كچێكی قوربانییە و جەستەی خۆی دەفرۆشێ‌ تا بژێوی خێزانەكەی دابین بكات ‌و سەرئەنجام دەچێتە باخەڵی پیرە كوڕێكەوە، بوسەینە ئەگەر هەژاری نەبایە هەرگیز خۆی بەشیاوی ئەوە نەدەزانی كەشوو بە زەكی بەگ بكات كە لە تەمەنی باوكی دایە ئەمەش جۆرێكە لە مردن ئەگەر هەژاری نەبوایە بوسەینە ‌و تەها شازلی خێزانیان پێكەوە دەنا، خێزانێكی تەندروست. سوعاد و كۆرپەكەی سكی قوربانین، قوربانی دەستی جەللادێكن كە حاجی عەزامییە، حاجی عەزامی بۆ چێژی سێكسی خۆی‌ و دامركاندنەوەی هەوەسی خۆی سوعاد مارە دەكات، وەك ئەوەوایە، كە بە پارە بیكڕێت، چونكە مامەڵە كردنی حاجی لەگەڵ سوعاددا مامەڵە كردنی پیاوێكە لەگەڵ سۆزانییەكدا حاجی غەزامی دەبێتە هۆی دابڕانی سوعاد و كوڕەكەی ‌و سوعادی بۆ رابواردنە و نایەوێت منداڵی لە سوعاد هەبێت.
عەبد رەبە یەكێكی دیكەیە لە قوربانیەكان ‌و بۆ بژێوی ژیان حاتەمی رۆژنامەنووس كە سەرنووسەری رۆژنامەیەكە و منداڵبازە فریوی دەدات ‌و لەگەڵیدا رادەبوێرێ‌ ‌و بەپارە فریوی دەدات‌و وەك (كۆیلە) مامەڵەی لەگەڵ دەكات.
رەزوە قوربانییەكی دیكەیە كە بیلال بۆ مەرامی سیاسی بەكاری دەهێنێ ‌‌و لەو پیاوانەی مارە دەكات، كە دەیانێرێ‌ بۆ جیهاد. رەزوە وەك باوكێكی میهرەبان لەبیلال دەڕوانێت، بەڵام لەڕاستیدا رەزوە قوربانییە و بیلال یاری بەژیانی دەكات ‌و لەهەر پیاوێكی مارە دەكات ‌و پاشان ئەو پیاوە بەناوی جیهادەوە بەكوشت دەدات.
لەبەرانبەر ئەم قوربانییانەدا كۆمەڵێك جەللاد هەن زەكی بەگ، حاتەمی رۆشنبیر، حاجی غەزامی، شێخ بیلال، دەسەڵاتی میسری‌ و پۆلیس ‌و تەڵاڵ.. هەموو ئەمانە جەللاد و خاوەن پارەی خوێنمژن كە لە ڕێگای دەسەڵات‌و پارەوە كۆمەڵگایان شێواندووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان ‌و ئارەزووی خۆشگوزەرانی خۆیان. لەم رۆمانەدا كۆمەڵێك دیمەنی جیاواز هەیە و هەر دیمەنە و تابلۆیەكە لە ناشیرین كردنی مرۆڤەكان ‌و ئازاردانی مرۆڤەكان. دەسەڵات وەك تابلۆیەكی ناشیرین ئازاری خەڵكی دەدات‌ و تا بینە قاقا لەگەندەڵی دایە، حاجی عەزامی بەهۆی پارەوە بەشێكە لەو دەسەڵاتە و مامەڵە بە ژیانی خەڵكەوە دەكات دیمەنێكی تری ئەم رۆمانە دیمەنی بڵاوبونەوەی نێربازی‌ و رابواردنی پیاوانە لەگەڵ رەگەزی خۆی ‌و هاوكات دیمەنی سێكسی پیاوان ‌و ژنان دیمەنێكی تر تابلۆی ترسناكی تیرۆرە.
لێرەدا كۆمەڵگای میسری بەهۆی گەندەڵی ‌و هەژارییەوە بەسەر كۆمەڵێك دیمەندا دابەشبووە. بوونی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی ‌و تیرۆریستی هاوكات بوونی باڕو كەبەرییە بۆ مەرامی سێكسی‌ و رابواردن. میسر هەم وەك مەملەكەتی ئاینی دەبینرێ‌، هەم وەك مەملەكەتێكی فەساد، سێكس لەم رۆمانەدا لەزەت بەخش نییە بەڵكو ئازار دەرە. رەباب، بوسەینە، عەبد رەبە، سوعاد.. چێژ لەو سێكسە نابینن بەقەدەر ئەوەی كە ئازاریان دەدات، چونكە ئەوان بۆ بژێوی ژیان سێكس دەكەن. كەسایەتییەكی وەك زەكی دسوقی لە رێگای پارەوە چێژ لە جوانترین ژن وەردەگرێت‌ و هاوكات گەنجانی ئەو وڵاتە لەبەر نەبوونی ‌و هەژاری خەون بەژنەوە دەبینن ‌و ناتوانن دڵخوازەكانی خۆیان مارە بكەن. شوێنی روداوەكان باڵەخانەی یاقوبیانە و زەمەن سەردەمی جەنگی كەنداوە. رەوشی ژیانی خەڵكی دابەش بووە  كۆمەڵێك دژی داگیركاری رۆژئاوان بۆ وڵاتانی عەرەبی ئەوانە ئیسلامییە توندڕەوەكانن، كۆمەڵێك بێ‌ باكن لەوڵاتەكەیان ‌و بێزاری ژیان‌ و هەژاری‌ و نەبوونی كامەرانی وای لێكردوون كەنەك باوەڕیان بەپیرۆزی خاكی عەرەبی نییە، بەڵكو بێ‌ باكن لەوڵاتەكەی خۆشیان بوسەینە وەك كچێكی قوربانی رقی لە میسرە و لەگەڵ زكی دسوقی دا گفتوگۆ دەكەن‌ و زكی بەگ باوەڕی بەسۆزی نیشتیمان ‌و وڵات پەرستییە ‌و خاوەن پارەیە و كامەرانە، هەرچی بوسەینەیە هەژارو نەبوو و غەمگینە و گرفتەكان‌ و ژیانی نەهامەتی میسر وای لێكردوە كە گەمەی بەسۆزو خۆشەویستی میسر دێت.
نووسەر سەرەتا بە چیرۆكە سێكسییەكان دەچێتە ناو رۆمانەكەوەو وردە وردە حیكایەتە تراژیدیە تاڵەكانمان بۆ باس دەكات‌ و لەپڕێكدا دەچێتە سەرباسی مێژووی باڵەخانەی یاقوبیان‌ و باسی دروستكردن ‌و شێوازی دروستكردن‌ و مێژووەكەی مان بۆ دەكات‌ و حیكایەتی ئەو مرۆڤانەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە لەو تەلارەدان.
عەلا ئەسوانی لەم رۆمانەشیدا گرنگی بەو دووفاقییەداوە كەمێشك‌ و دڵی مرۆڤی میسری داگیركردوە، بۆ نموونە حاجی عەزامی خۆی بەكەسێكی ئیماندار دەزانێ‌‌ و كاتێك شەیتانی دەبێت ‌و ئارەزووی سێكسی هەڵدەستێ‌ لە ترسی ئەوەی تووشی حەرام نەبێت بە حەڵاڵی سوعادی بێوەژن مارە دەكات، بەڵام بەجۆرێك مامەڵەی لەگەڵ دەكات كە ئازاردەرە، كاتێك كە حاجی عەزامی مەرج بۆ سوعاد دادەنێت‌ و لەمنداڵ بێ‌ بەشی دەكات‌ و منداڵكەی سكی لەباردەبات كە منداڵی خۆشێتی بێ‌ ئیمانی حاجی عەزامیمان بۆ رووندەبێتەوە كە چەند دڕندانە مامەڵە لەگەڵ سوعاد دا دەكات شێوازی مامەڵەكردنی وەك ئەوە وایە كە لەگەڵ سۆزانیدا بژی نەك ژنی خۆی. عەزامی دەستی بۆ حەرام نەبرد، بەڵام ژیانی ژنێكی بە جۆرێك شێواند كە گوناهەكەی گەورەتر لەزینا بوسەینە بەهەمان شێوە ترسی خوداو دۆزەخی لەدڵدایەو هەست دەكات كارێكی باش ناكات‌و ناچارەو نەبوونی‌و هەژاری ناچاری كردوە لەگەڵ ئەوەی هەست بەو گوناهە دەكات بەردەوامەو پەشیمان نییە لەو كارەی، عەبد رەبە بەهەمان شێوە هەست بەوە دەكات، كە گوناهبارەو ناچارە بەردەوامبێت كاتێك منداڵەكەی دەمرێت‌ و ژنەكەی سەرزەنشتی دەكات، ئیدی هەست دەكات كە گوناهبارە و هەرچی حاتەمی رۆژنامەنووسە فێری منداڵبازی ‌و هۆمۆسێكسواڵیی بووەو ناتوانێ‌ دەست بەرداری عەبد ببێت ‌و بەپارە عەبد رەبە دەكرێت‌ و سەرئەنجام عەبد رەبە بەیەك جاری خۆی لەو گوناهە رزگار دەكات‌و خۆی لەو گوناهە پاك دەكاتەوە، وێنەی سەرەكی ئەم رۆمانە كە عەلا ئەسوانی گرنگی زۆری پێداوە ناتەندروستی‌ و شێوانی كۆمەڵگایە كە هۆكاری هەموو كێشەكانە هەرچی شێوانی كۆمەڵگایە بەهۆی گەندەڵی‌ و هەژاری ‌و حوكمی كۆمەڵێك مرۆڤی خوێنمژە. حاجی غەزامی لە ڕێگای كەمال فولییەوە بە بەرتیل دەچێتە ناو دەسەڵاتی میسرەوە، كەمال فولی پێی دەڵێ‌ هەڵبژاردن چییە پارە بدەو تەواو دڵنیابە پاشان حاجی غەزامی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆی ‌و بۆ بازرگانی‌و بۆ حەزی سێكسی بەكاردەهێنێ‌، حاتەمی رۆژنامەنووس كە حەزی لە نێربازییەو بۆ حەزی خۆی‌ و رابواردن لەگەڵ (عەبد رەبە)دا بەپێی دەسەڵاتی  خۆی واستە بۆ عەبد رەبە دەكات كە دەوام نەكات‌ و بە ئارەزووی خۆی مۆڵەتی سەربازی بۆ وەردەگرێ ‌‌و لەسزای سەربازی دەیپارێزێ‌، زكی دسوقیش بەهۆی پارەو بەهۆی ناسینی خەڵكی دەسەڵاتدارەوە هەرچییەك بیەوێت دەیكات‌و لەگەڵ جوانترین كچدا رادەبوێرێ‌‌ و زكی دسوقی پیرە كوڕێكە حەز دەكات هەر رۆژە و لەگەڵ كچێكدا رابوێرێ‌ ‌و هەر شەوە و لە باخەڵی كچێكدا بخەوێ‌ ‌و لەگەڵ دەوڵەتی خوشكیدا بەسەڕ دێت ‌و بەیەك جاری لەدەوڵەت دادەبڕێ ‌‌و ژیان لەگەڵ بوسەینەدا بەسەردەبات ‌و هەرچی دەوڵەتی خوشكێتی لای پۆلیس سكاڵای لەدژ تۆمار دەكات تا لەمیراتی بێ‌ بەشی بكات ‌و سەروەت ‌و سامانی باوكی بۆ منداڵەكانی خۆی بمێنێتەوە. زكی دسوقی ئەمەی پێ‌ قبوڵ نییەو ئومێدی بەژیان هەیە و لەپیریدا بیری لە ژیانی ژن‌ و مێردایەتی كردووەتەوەو سەرئەنجام لەگەڵ بوسەینەدا ژیانی ژن ‌و مێردایەتی دروست دەكەن‌ و ئەمەش كێشەكەی لەگەڵ دەوڵەتدا گەورە دەكات. لەسەرەتاوە بۆ كۆتا ئەم رۆمانە گوزارشتە لە كێشەی كۆمەڵایەتی خەڵكی میسرو ژیانی هەژارانە و شێواوی یاساو دەسەڵات‌و مامەڵەی مرۆڤەكان ‌و گوزارشتە لە داگیركاری فیكرو ئەندێشەی مرۆڤەكان، گوزارشتە لەداگیركاری جەستەی مرۆڤەكان. خوڵاسە حیكایەتی كوشتنی روحی مرۆڤەكانە كوشتنی حەزو ئارەزووەكانە، هێڵێكی سەرەكی لەم رۆمانە بەریەككەوتنی دووچینە، چینی هەژار و چینی دەوڵەمەند، هەموو ئەو كێشەو گرفتانە كە تووشی كۆمەڵگای میسری بوون، یاخود هەموو ئەو كارەساتانەی كە لەم رۆمانەدا نووسەر باسی كردووە بەهۆی ئەو دابەشبوونەی كۆمەڵگای میسرییە كە بەشێكی بێ‌ ئەندازە هەژارو دەستكورتن ‌و، بەشێكی دیكەی بێ‌ ئەندازە دەوڵەمەند و خاوەن پارەن، چینی ناوەند نامێنێت، لێرەوە خاوەن پارەكان ‌و دەسەڵاتداران بەئارەزووی خۆیان هەژارەكان دەچەوسێننەوە، ئەم مامەڵەیە دیمەنی مامەڵەی (كۆیلە) و (سەرمایەدار) وەردەگرێت، دەرئەنجام كۆیلەكان هەندێكیان دەبن بەقوربانی‌و ژیان لەدەست دەدەن ‌و تەنانەت خاوەنی جەستەی خۆیان نین، هەندێكیان پەنا دەبەنە بەر ئاژاوەگێڕی، تیرۆر، یاخیگەری، كۆمەڵگاش شیرازەی تێكدەچێ‌‌ و دەبێت بە كۆمەڵگایەكی ناتەندروست.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved