14/11/2019 02:54 PM

Decidophobia: فۆبیای بڕیاردان

مرۆڤ سەرجەم چالاکییەکانی خۆی لەماوەی رۆژدا بەپێی پلان و بڕیاردان ئەنجام ئەدات. بۆ نموونه خواردن و خەوتن و پیاسەکردن و... بەڵام هەندێک کەس هەن لە بڕیاردان ئەترسن، بەتایبەت ئەو بڕیارە گەورانەی کە ئەتوانێ کاریگەری لەسەر ژیانی کەسانی دیکە و هەروەها لەسەر داهاتووی کار و پیشەی خۆی هەبێت. ئەم ترسە لە دەرونناسیدا پێی ئەگوترێ "decidophobia" یان "فۆبیای بڕیاردان" ئەم ترسە لەوانەیە کاردانەوەی ترسێک بێت کە بەهۆی بوونی بەرپرسایەتی لەبەرانبەر کەسانی دیکەوە بێتە ئاراوە. ئەم ترسە زۆرتر لە کەسانێکدا دەرئەکەوێت کە ئەزموونی رێبەرایەتی گرووپێکیان هەبووە و لەئاکامدا شکستی هێناوە. فۆبیای بڕیاردان هەروەها پەیوەندی به نەبوونی "ڕێزگرتی تاک لەخۆ/ Self-esteem" هەیه و ئەو کەسانەی کە ئەم فۆبیایەیان هەیه تەنها به فەرمان وەرگرتن لەکەسانی دیکە هەستی رەزامەندیان مسۆگەر ئەبێت، تەنانەت ئەگەر بشزانن کە ئایدیا و هزری خۆیان لە هی ئەو کەسانەی کە فەرمانی پێ ئەکەن بەرزترە.

یەکەم کەس کە دەستەواژەیەی"decidophobia" بەکارهێنا والتەر کافمەن فەیلەسووفی ئەلمانی- ئەمریکی بوو. کافمەن لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە فۆبیای بڕیاردان و نەبوونی توانای کۆنتڕۆڵکردنی ژیان، بە گشتی هەمان هۆکارە کە ئەبێته هۆی ئەوەی خەڵک یاسا گشتییەکانی کۆمەڵگە قەبووڵ بکات و سەرجەم بڕیارەکان کە کاریگەری لەسەر ژیانی تاکەکەسی خۆشی دائەنێت، به حکومەت ئەسپێرێت.
ترس و دڵەڕاوکێ (هێرشی پانیک) یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی ئەم ترسە. بەرزبوونەوەی رێژەی لێدانی دڵ، بەرزبوونەوەی رێژەی هەناسە هەڵکێشان، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و عارەقەکردنەوە بەشێکن لە نیشانەکانی دیکەی ئەم کێشە دەروونییه. بەپێی گوتەی توێژەرانی دەروونناسی، جێنەتیکیش ئەتوانێ دەروویەک بێت بۆ دروستبوونی ئەم کێشەیه لە تاکدا. بۆ نموونه ئەگەر جۆرەکانی فۆبیا و نەخۆشییە دەروونییەکان لە خێزانێکدا بوونی هەبێ، ئەگەری تووشبوونی ئەندامانی دیکەی ئەو خێزانه بەم کێشانه زیاتر ئەبێت.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved