19/11/2019 10:57 AM

حەپسەخانی‌ نەقیب، ژنێكی‌ نوێخواز لە سەردەمی‌ كۆنەپەرستیدا بەشی دووەم


ئامادەكردنی : زاهیر سدیق

شێخ مەحمود وتویەتی‌ ئەگەر حەپسەخان پیاوبوایە جێگای‌ بەمن لێژ دەكرد

رەئوف عوسمان: حەپسەخان لە سێبەری‌ حكومەتەكەی‌ شێخ مەحمود دابووە، دیارە ئەو حكومەتە حكومەتی‌ بەرخودان و تێكۆشان و هەوڵ و تەقەلا و شۆڕش و ئاوارەیی‌ و دەربەدەری‌ بووە، حەپسەخان لە هەموو هەڵمەتەكاندا، لە هەموو شكست و ئاوارەییەكاندا هاوبەشی‌ كردووە و لە خۆشی‌ و ناخۆشیدا لە حكومەتەكەی‌ شێخ مەحمودا بووە، لە ساڵی‌ 1930 دا پێرسی‌ كۆكس كە مەندووبی‌ سامی‌ بەریتانی‌ بووە، هاتووە بۆ سلێمانی‌ حەپسەخان ژنانی‌ ئەو كاتەی‌ سلێمانی‌ هانداوە بڕژێنە سەرجادە و داوای‌ مافەكانی‌ میللەتی‌ كورد بكەن، ئەمە شتێكی‌ گەورەیە، جگە لەوەش بەیەكێك لە هەڵسوڕێنەرانی‌ شەشی‌ ئەیلولی‌ 1930 دەژمێردرێت، چونكە دوای‌ ئەو شكستە و ئەو خوێنرێژییەی‌ بەرانبەر خەڵكی‌ سلێمانی‌ كرا، حەپسەخانی‌ نەقیب كۆمەڵێك یاداشت و نووسینی‌ نارد بۆ عوسبەتولئومم بە ناوی‌ خۆی‌ و دەستە خوشكەكانییەوە داوای‌ ئەوەی‌ كرد میللەتی‌ كورد قەوارەی‌ خۆی‌ هەبێ‌ و بەشێوەیەكی‌ مرۆڤانە هەڵسوكەوتی‌ لەگەڵدا بكرێت، ئەمانە هەمووی‌ هەڵسوكەوتی‌ سیاسین حەپسەخان لەناو جەرگەی‌ واقیعی‌ سیاسییەوە هاوكاری‌ كردووە، جگە لەوە حەپسەخان هاوكاری‌ كۆماری‌ مهابادی‌ كردووە، هانی‌ گەنجەكانی‌ داوە بڕۆن بۆ ئەوێ‌ بۆ هاوبەشی‌ كردن لەو تاقیكردنەوە پیرۆزەدا، ئەو كاتەی‌ شەهیدان محەمەد قودسی و مستەفا خۆشناو و شێخ عەزیزی‌ شەمزینی‌ و نوری‌ ئەحمەد تەها، ئەمانە ئەو كاتە پێش ئەوەی‌ بڕۆن بۆ كۆماری‌ مهاباد بۆ هاوبەشی‌ كردن هاتوون بۆ لای‌ حەپسەخان وەكو مەرجەعییەتێكی‌ سیاسی‌، حەپسەخان دەستی‌ بەسەردا هێناون و هانی‌ داون و دوعای‌ خێری‌ بۆ كردوون و تەنانەت دوای‌ ئەوەی‌ رۆیشتوون ئاوی‌ بەسەردا ڕشتوون، كە لای‌ كوردەواری‌ خۆمان رەمزی‌ روناكی‌ و ئەو شتانەیە، تەنانەت ئەو كاتەی‌ ئەمری‌ لەسێدارەدانی‌ شەهید محەمەد قودسی‌ و خێروڵڵا عیزەت و مستەفا خۆشناو و ئەوان درا حەپشەخان هانی‌ خەڵكی‌ دا، بروسكەیان نارد، لە سلێمانیدا خۆپیشاندان كرا بۆ ئەوەی‌ لەسێدارە نەدرێن، جگە لەوەش كە تەرمەكانیان هێنایەوە حەپسەخان لەناو ئاپۆرای‌ جەماوەردا لە ریزی‌ پێشەوە بوو، هەتا لەمەراسیمی‌ ناشتنیاندا لەسەیوان ئەو رۆڵی‌ گەورەی‌ هەبووە، ئەمانە هەمووی‌ بەڵگەی‌ هاوبەشی‌ كردنی‌ كارای‌ سیاسیانەی‌ حەپسەخان بوون. جگە لەوە لە شەڕی‌ دەربەندی‌ بازیان لەساڵی‌ 1919دا خۆی‌ و ئایشەخانی‌ خوشكی‌ هانی‌ جەماوەریان داوە، تەنانەت نان و خواردنیان بۆ بردوون و كەلوپەلیان بۆ بردوون. جگە لەوەش ئەمانە ئاوارە بوون و رۆیشتوون ئاوارەی‌ كوردستانی‌ رۆژهەڵات بوون، دوای‌ ئەوە چوون بۆ لای‌ سمكۆی‌ شكاك، سمكۆش لە ساڵی‌ 1920 دا تووشی‌ شكست بووە، لەوێوەوە حەپسەخان دیسانەوە ئاوارەبووەتەوە و چووە بۆ ناوچەی‌ هەكاری‌ و سەرقەڵا و ئەو دەوروبەرە. ئەمانە هەموو بەڵگەی‌ ئەوەن كە حەپسەخان رۆڵی‌ كارای‌ هەبووە لە ژیانی‌ سیاسیدا. جگە لە هەموو ئەمانەش لە ساڵی‌ 1919 دا كۆمەڵێك ئەفسەری‌ دەرەجەداری‌ ئینگلیزەكان لە دەبۆكە بەندبوون كە پێشمەرگەكانی‌ شێخ مەحمود گرتبوویانن، حەپسەخانی‌ نەقیب بەگیانێكی‌ زۆر شارستانییانەوە خواردنی‌ بۆ ئەبردن و یارمەتی‌ ئەدان، چونكە ئەو كاتەش شێخ مەحمود بەندبوو لای‌ ئەوان بۆ ئەوەی‌ ئەوانیش رێزی‌ شێخ مەحمود بگرن، جگە لەوەش خۆی‌ گیانی‌ مرۆڤایەتی‌ زۆر بەهێزبوو، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت میللەتی‌ كورد هەر لەكۆنەوە ئینسان دۆست بووە. جگە لە مانەش ئەو كاتەی‌ مەلا مستەفای‌ بارزان و شێخ ئەحمەدی‌ برای‌ و شێخ حەمە سدیق كاتێ‌ هاتن بۆ سلێمانی‌ حەپسەخان هەمیشە هاتوچۆی‌ دەكردن و هەمیشە گیانی‌ دۆستایەتی‌ و برایەتی‌ لەگەڵیاندا پتەو بەتین بوو، درەخشانی‌ حەفید بۆی‌ گێرامەوە شەوانە حەپسەخان و عوسمان محەمەد سڵێمان كە ئێستاش ماوە لەگەڵ بابە تایەر شەوانە گوێنی‌ و بوخچەی‌ بۆ پڕ كردوون لەشت و بەدزییەوە ناردویەتی‌ بۆ ماڵی‌ شێخ سدیق بارزانی‌ و وتویەتی‌ نابێ‌ لای‌ كەسیش قسە بكەن. واتەی‌ ئەوەیە حەپسەخان پەیوەندی‌ لەگەڵ هەموو كوردستانییەكاندا هەبووە، لەگەڵ كوردستانی‌ رۆژهەڵات و لەگەڵ ناوچەی‌ بارزان و لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكان. لەڕاپەرینی‌ 1948و 1952 كۆمەڵێك عەرەب گیرابوون، هاتبوون بۆ بەندینخانەی‌ سلێمانی‌، جوابیان ناردبوو بۆ حەپسەخان بێت بەدەمیانەوە، حەپسەخان هەفتانە چێشت و خواردن و كەلوپەل و نانی‌ بۆ ناردبوون و داوای‌ كردبوو لە بەرێوبەری‌ بەندینخانەكە رێزیان بگرێ‌ و خۆشی‌ سەردانی‌ كردبوون و وتویەتی‌ ئەمانە میوانی‌ ئێمەن، دەبێ‌ رێزیان لێ‌ بگیرێ‌، چونكە لە سەر مەسەلەیەكی‌ نیشتمانی‌ هاتوون بۆ سلێمانی‌. ئەگەر ئەمانە هەموو بخەیتە لاوە، شێخ مەحمود چەند جارێك باسی‌ كردووە و وتویەتی‌ ئەگەر حەپسەخان پیاوبوایە جێگای‌ بەمن لێژ دەكرد.
د.كاوس قەفتان: حەپسەخان ژنێك بوو یەعنی‌ بێ وێنە، زۆر یارمەتی‌ خەڵكی‌ ئەدا، یەكێك بێ‌ دەرامەت بوایە یارمەتی‌ ئەدا بەبێ‌ ئەوەی‌ دەریخات، ئەوە نەبوو یارمەتی‌ خەڵك بدات و بڵێت یارمەتیم داوی‌. حەپسەخان خۆی‌ دیوەخانی‌ هەبوو، چۆن شێخ قادر دیوەخانی‌ هەبوو، لە سلێمانیدا هەموو ماڵێك دیوەخانی‌ نەبوو، حەمەی‌ ئەورەحمان ئاغا و تۆفیق ئەفەندی‌ ئاغا فەتحوڵڵا دیوەخانیان هەبوو. حەپسەخان بۆ ژنان هەیبوو، لەو رێیەوە كاریگەری‌ لەسەر خەڵك دادەنا، ئەچوون بۆ لای‌ دادەنیشتن و قسە ئەكرا، ئەفكاری‌ هەبوو، من ئەو وەختە منداڵ بووم، بەڵام گەورە بووم ئەوە نەما لەگەڵیدا دانیشم و گوێم لێ‌ بێ‌ و بیبینم، بەڵام هەتا ئێستاش روخساری‌ دێتەوە بەرچاوم، هەتا بڵێی‌ ناسك، هەتا بڵێی‌ رێكوپێك، عاقڵ. بیزانیبایە لەهەركوێ‌ كەسێك لێی‌ قەوماوە، خەڵكی‌ ئەنارد یارمەتی‌ بدایە. لەهەر بۆنەیەكدا قونسڵێك هاتبێ‌ باسی‌ كوردی‌ لەگەڵدا كردووە، هەركەسێك چووە بۆ لای‌ وتویەتی‌ ئەم ژنێكی‌ زۆر مەزنە.
رەئوف عوسمان: دیارە حەپسەخانی‌ نەقیب وەك وتم لەو بنەماڵە گەورەیە بووە و درێژە پێدەر و دەرهاویشتەی‌ زانستی‌ ئەو بنەماڵەیە بووە، لە ساڵی‌ 1926 ئەو كاتەی‌ قوتابخانەی‌ زانستی‌ كراوەتەوە لە سابوونكەران لە ماڵی‌ عەلی‌ بەگی‌ فەتحوڵڵا بەگ، یەكەمین كەس بەدەمێوە چووە و كۆبوونەوەی‌ بە ژنان كردووە، حەپسەخانی‌ نەقیب بووە، هانی‌ خەڵكی‌ داوە بۆ ئەوەی‌ بچنە ئەو قوتابخانەیە. تەنانەت هەندێك ژنی‌ لێهاتووی‌ بەتوانایان هەبووە بەگوێرەی‌ پێوانەی‌ ئەو رۆژە حەزیان نەكردووە بچێتە قوتابخانە، چونكە ئەو رۆژگارە وابوو، حەپسەخانی‌ نەقیب ناردویەتی‌ بەدوایاندا، یان خۆی‌ چووە بۆ لایان تاوەكو قەناعەتیان پێبكات كچەكانیان بخەنە مەكتەب، هەمیشە وتویەتی‌ كە تەنیا زانستە دەتوانی‌ میللەتی‌ كورد بەرەوپێشەوە بەرێت، هەر بەدوای‌ دروستبوونی‌ ئەو قوتابخانەیە، لە ساڵی‌ 1938دا یەكەمین ناوەندی‌ كچان لە ماڵی‌ شێخ مستەفای‌ نەقیب كە حەپسەخان خانوەكەی‌ پێشكەشی‌ ئەو ناوەندییەكردووە. حەپسەخان هەمیشە سەردانی‌ ئەو خوێندنگایەی‌ كردوە، تەنانەت ئەو قوتابیانەی‌ هەموو جارێك سەركەوتوو بوون لە خوێندندا حەپسەخان ساڵانە ئاهەنگی‌ تایبەتی‌ بۆ سازداون و پاداشتی‌ داونەتێ‌، لە ساڵی‌ 1951 ئینجا ئامادەیی‌ كچانی‌ سلێمانی‌ هەر لە خانووەكەی‌ كە حەپسەخان پێشكەشی‌ كرد بوون لەوێ‌ جارێكی‌ تر ناوەندی‌ كچان دروستبووەوە حەپسەخانی‌ نەقیب هەمان رۆڵی‌ تایبەتی‌ هەبوو لە پێشخستنی‌ زانستدا لە هاندانی‌ خوێنكارەكاندا تەنانەت ساڵانە، بەهاران هەموو خوێندنگاكەی‌ كۆ دەكردەوە لەسەر ئەركی‌ خۆی‌ دەیبردن بۆ سەیران و لەوێ‌ لەو سەیرانانەدا بەرنامەی‌ تایبەتیان بۆ دادەڕشتن، حەپسەخان لەریزی‌ پێشەوەی‌ ئەو چالاكیانەدا بوو، زۆرجار شاعیرو ئەدیب و هونەرمەندانیشیان بانگ دەكرد و لەو كۆڕانەدا هاوبەشیان دەكرد، ئەوەی‌ كە ئێچگار جێی‌ سەرنجە هەر لەو خوێندنگایە، قوتابخانەی‌ فێركردنی‌ ژنانیان بۆ شەوان دروست كرد، كە ئێستا ئێمە پێی‌ دەڵێین مەحولئومییە. حەپسەخانی‌ نەقیب خۆی‌ بوو بەخوێنكار لەوێدا و خۆی‌ فێری‌ خوێندەواری‌ كرد. ئەمە بەراستی‌ بەڵگەی‌ گەورەیە، براژنی‌ شێخ مەحمودە و بچێتە سەركورسی‌ خوێندن و شەوانە خۆی‌ فێری‌ خوێندن بكات، ئەمە ئەو پەڕی‌ خۆشویستنی‌ زانستە. جگە لەوەش هەمیشە پەیوەندی‌ بەمامۆستاكانەوە هەبووە و مامۆستاكان لە هەموو بۆنەكاندا بانگ كردووە و زۆرجار ئەوەی‌ وتووە و وتویەتی‌ من دایكی‌ ئەو خوێنكارانەم كە دایكیان سەرتان لێنادات، دایكی‌ ئەو خوێنكارانەم كە بێ‌ باوك و دایكن، پێویستییەكان و ئەركەكانیان چییە بەمن بڵێن من بۆیان جێبەجێ‌ دەكەم، ئیتر ئەو خوێنكارانەی‌ كە هەژاربوون هەمیشە حەپسەخان دەستی‌ پێیانەوە بووە، یارمەتی‌ داون، حەز دەكەم ئەوەش بڵێم ئەو كتێبخانە گەورەیەش كە شێخ مارفی‌ نۆدێ‌ و میرنشینی‌ بابانەكان بووە حەپسەخان پاراستویەتی‌، ئەو كتێبانەی‌ شێخ مارف كە مابوون و وەزارەتی‌ ئەوقاف چاپی‌ كردن هەمووی‌ لەوانە بوون كە حەپسەخان هەڵی‌ گرتبوون و زۆر بە گرنگ داینابوون، ئەیزانی‌ كتێبخانە چ رۆڵێكی‌ دەبێ‌ لە مێژووی‌ میللەتی‌ كوردا بەتایبەتی‌ دەستنووسەكانی‌ شێخ مارف، جگە لەوە ئەوەی‌ ژیانی‌ حەپسەخان بخوێنێتەوە دەزانێ‌ پێدەكات حەپسەخان ساڵانە پەیوەندی‌ كردوە بە دائیرەی‌ مەعاریفی‌ بەغداوە و داوای‌ یارمەتی‌ لێ‌ كردوون تاوەكو یارمەتی‌ خوێنكارە كوردەكان بدەن و ساڵانە چەند كورسییەكیان پێ‌ بدەن تاوەكو لەوێ‌ بخوێنن، چونكە میللەتی‌ كورد زۆری‌ چەشتووەو چەوسێنراوەتەوە و دوورە لە زانستەوە، دیارە ئەمانە هەمووی‌ ئەوە ئەگەیەنن كە حەپسەخان رۆڵێكی‌ گەورەی‌ هەبووە لە پێشخستنی‌ زانست و قوتابخانە لە شاری‌ سلێمانیدا و هەر ئەو پێشخستنەش بوو كە لە دوای‌ ئەو قۆناغ بە قۆناغ گەیشتووەتە ئەم ئاستەی‌ ئێستا كە لە سلێمانی‌ هەنگاوی‌ گەورە نراوە. ئێمە  هەمیشە باسی‌ ئێستا دەكەین دەبێ‌ بیبەستینەوە بەرابردووەوە. رابردووی‌ ئێمە، رابردووی‌ زانست لە سلێمانی‌ و سەردەمی‌ میرنشینی‌ بابان، كە لە شێخ مارفەوە دەست پێدەكات، دوای‌ شێخ مارف كۆمەڵێك زانای‌ گەورەمان هەیە، دوای‌ ئەوانە لە شاری‌ سلێمانی‌ وەك خوێندنی‌ بەدەر لە مزگەوت حەپسەخانی‌ نەقیب دایناوە.

شاعیرەكانی‌ ئەو سەردەمە ستایشیان كردوە
د. شوكریە رەسوڵ: تۆ سەیری‌ ئەم ژنە بە توانا و زیرەك و لێوەشاوەیە بكە، ماڵەكەی‌ ببووە میوانخانەیەك بۆ ئەو كەسانەی‌ لە ناو شاری‌ سلێمانی‌ بە تایبەتی‌ هانی‌ ئەدیبان و نووسەرانی‌ ئەدا لەو سەردەمەدا. زێوەری‌ شاعیر لە گەنجینەی‌ مەرداندا یادی‌ حەپسەخانی‌ نەقیبی‌ كردوە، ئەڵێ‌ بەراستی‌ ئەمە پێویستە بچێتە ناو مێژووەوە، ئەم ژنە هەڵكەوتە و چاك و رۆشنبیرە، كوردپەروەر و ئاین پەروەر و بەرێز و بەحورمەتە، لە شیعرێكی‌ ئەلیف با هەوریدا یادی‌ دەكرێتەوە، شێخ سەلامی‌ شاعیر خستویەتێ‌ ناو شیعرەكانییەوە بێخودی‌ شاعیر لە شیعرەكانیدا باسیكردووە، پیرەمێردی‌ شاعیر زۆرجار پێی‌ وتووە دەبوایە ئێمە ناوت بنێین شێخ حەپسەخان، نەك حەپسەخان، واتە ئەمەندە شوهرەتی‌ هەبووە، زیاتر لە مێردەكەی‌ بڵاوبووبووەوە لە ناوشاری‌ سلێمانیدا.
رەئوف عوسمان: ئەم خانمە لە رووی‌ كۆمەڵایەتیشەوە چۆن لە رووی‌ زانست و لایەنی‌ هاوبەشی‌ سیاسیانەی‌ لە رەوتی‌ ژیانی‌ شۆڕشگێڕی‌ كوردا لە رووی‌ كۆمەڵایەتیشەوە رۆڵێكی‌ یەكجار گەورەی‌ هەبووە. هەر بۆ نموونە حەپسەخان دادەنرێ‌ بەڕابەری‌ جوڵانەوەی‌ ژنانی‌ كوردستان لە ساڵی‌ 1930دا یەكەمین لقی‌ ژنان لە سلێمانی‌ حەپسەخانی‌ نەقیب داینا، هەموو كۆبوونەوەكان لە ماڵی‌ خۆی‌ كراوە، باسی‌ كێشەی‌ ژنیان كردووە، لە ساڵی‌ 1942 یەكەمین لیژنەی‌ یارمەتی‌ هەژارانی‌ دروستكردووە بۆ یارمەتی‌ هەژارانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و بۆ ئەو ژنانەی‌ كێشەیان هەبووە لەگەڵ مێردەكانیان و كێشەی‌ خێزانیان هەبووە، حەپسەخان توانیوێتی‌ بەدەمیانەوە بچێ‌ و هاوكاریان بكات، جگە لەوەش وەكو وتم لە خێزانێكی‌ ئاینی‌ و نیشتمان پەروەربووە، پەیوەندییەكی‌ یەكجار بەتینی‌ لەگەڵ فەلەكانی‌ سلێمانیدا هەبووە هەفتانە زیارەتی‌ كردوون و بە تایبەتی‌ لەگەڵ خێزانی‌ كەریمی‌ عەلەكە.
د. شوكریە رەسوڵ: خاڵێكی‌ تر كە من خوێندومەتەوە یان گوێ بیستی‌ بووم، زۆرجار لە سلێمانیدا دەبینین كوڕە موسڵمانێك حەزی‌ لە كچێكی‌ مەسیحی‌ كردووە یان بەپێچەوانەوە، كە چوونەتە ماڵی‌ حەپسەخانی‌ نەقیب كێشەكەی‌ رەوانوەتەوە و بە یەكیشی‌ گەیاندوون كەواتە لەگەیاندنی‌ دڵ و دڵخوازیشدا رۆڵێكی‌ باشی‌ هەبووە.
رەئوف عوسمان: لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی‌ حەپسەخانی‌ نەقیب پەیوەندییەكی‌ زۆر بەتینی‌ هەبووە لەگەڵ هەموو شاعیر و ئەدیب و روناكبیر و مێژوونووسانی‌ ئەو سەردەمەی‌ كورد، لەگەڵ زێوەر كە لە گەنجینەی‌ مەردان زۆر بە جوانی‌ باسی‌ دەوری‌ شەرەف مەندانەی‌ حەپسەخان دەكات لەو سەردەمەی‌ شاری‌ سلێمانیدا، جگە لەوە بێخود و پیرەمێرد و بێكەس و شێخ سەلام و شێخ نوری‌ شێخ ساڵح و مامۆستا برایم ئەحمەد و ئەوانە لەگەڵ‌ هەموویاندا پەیوەندی‌ هەبووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved