19/11/2019 11:11 AM

حەپسەخانی‌ نەقیب، ژنێكی‌ نوێخواز لە سەردەمی‌ كۆنەپەرستیدا بەشی سێیەم



ئامادەكردنی زاهیر سدیق 

هەموو بنەماڵە بەناوبانگەكانی‌ كورد بەسەركردوەتەوە 
ئاكۆ شوانی‌: ئەگەر باسی‌ لەلایەنی‌ كۆمەڵایەتی‌ ئەم ژنە بكەین، دەبێ‌ باسی‌ ئەوە بكەین ئەم ژنە لەو سەردەمانەدا چەند شتێك هەبووە زۆر بەلایەوە گرنگ بووە پەرەی‌ پێبدات یاخود بە بەردەوامی‌ كاری‌ لەسەر بكات، لەوانە هەوڵی‌ داوە تا بۆی‌ دەكرێت ڕایڵی‌ پەیوەندییەكانی‌فراوان بێ‌، شەبەكەیەكی‌ فراوانی‌ پەیوەندییەكانی‌ هەبێ‌، لەگەڵ خزمەكانیدا هەوڵی‌ داوە ئەو پەیوەندییە بهێڵێتەوە، دووەم لەگەڵ سەرجەم ئەوانەی‌ لە سلێمانیدا بوون و ژیاون، چ خەڵكی‌ سیاسی‌ بێ‌، چ مامۆستایەك بوو هاتبێتە سلێمانی‌ ئەگەر ژن بێت، ئەگەر پیاو، فەرمانبەرێك یان كاربەدەستێكی‌ حكومی‌ لە سەردەمی‌ ئینگلیز و سەردەمی‌ حكومەتی‌ عیراقی‌ هاتبێـە سلێمانی‌ ئەو پەیوەندییەی‌ لەگەڵ دروستكردووە، دكتۆرێك یان برینپێچێك هاتبێتە ئەم شارەوە ئەم ژنە وەكو لایەنی‌ كۆمەڵایەتی‌ پەیوەندییەكی‌ بەهێزی‌ لەگەڵیدا دروستكردووە و زۆرێك لەمانە دواتر لە بیرەوەرییەكانیاندا باسیان كردوە، لە دوای‌ مردنی‌ ئەم ژنەوە هەوڵیانداوە لە رۆژنامە بەناوبانگەكاندا بەسەری‌ بكەنەوە، تەنانەت ئەو كاتەی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردووە لە ئەڵمانیاوە رۆژنامەنووسێك سەرەخۆشی‌ بۆ شێخ قادری‌ حەفید دەنێرێ‌. ئەمە شتێكە ناتوانین باسی‌ نەكەین ئەم ژنە چۆن توانیوێتی‌ ئەم هەموو پەیوەندییە بەهێزە لەگەڵ رۆژنامەكانی‌ دەیلی‌ تەلەگراف و لەگەڵ تایمزی‌ لەندەنی‌ دروست بكات. حەپسەخانی‌ نەقیب وێرای‌ ئەو پەیوەندییە بەهێزەی‌ هەیبووە، وەكو باسی‌ دەكەن وەكو ژنێكی‌ ئەرستۆقرات بیری‌ دەكردەوە، حەپسەخان لە سییەكاندا پولی‌ كۆكردوەتەوە و خولیای‌ پول كۆكردنەوەی‌ هەبووە و خولیای‌ كۆكردنەوەی‌ پارەی‌ وڵاتانی‌ هەبووە، خولیای‌ سەفەری‌ هەبووە، كەم شاری‌ عێراق هەبوە بۆی‌ نەچووبێ‌، سەفەری‌ كویتی‌ كردووە، لەو سەردەمانەدا حەپسەخان پەساپۆرتی‌ دەركردوە لەوانەیە زۆرێك لە ئێمە تا ئەم ساڵانەی‌ دوایی پەساپۆرتمان نەبووبێ‌، ئەو زەمانە بۆ ژنی‌ كورد دەرچوون لە ماڵەوە نەنگییەكی‌ گەورە بووە، فەخر بەوەوەكراوە كە فڵانە ژن لە ژیانیدا دووجار دەرەوەی‌ بینیوە، جارێك كە لە ماڵی‌ باوكییەوە بۆ ماڵی‌ مێردەكەی‌ چووە و جارێك لە ماڵی‌ مێردەكەیەوە بۆ سەرقەبران براوە، واتە بۆ مردن چووە، بەڵام ئەو كاتە حەپسەخان بە شاردا گەڕاوە و سەردانی‌ كوەیتی‌ كردوە ئەو كاتەش لە خۆیەوە نەچووە و بگرە لەلایەن بنەماڵەیەكی‌ بەناوبانگی‌ كوەیتەوە بانگێشتكراوە و بە پیرێوەچوون، ئەڵێ‌ یەكێك لەو شتانەی‌ باسی‌ كراوە، ئاواتی‌ ئەوە بووە سەردانی‌ وڵاتانی‌ ئەوروپا بكات سەردانی‌ لەندەن و ئەستەنبوڵ بكات، بەڵام بارودۆخ رێگەی‌ پێنەداوە، یەكێكی‌ دیكە لە كارەكانی‌ ئەم ژنە ئەوە بوو چۆن بتوانێ‌ لە ئەلبوومدا وێنەكانی‌ خۆی‌ هەڵبگرێ‌، وێنەی‌ كەڵە پیاوان و شۆڕشگێڕانی‌ كورد ئەرشیف كردووە، خەڵكانی‌ بە ناوبانگی‌ عیراق و وڵاتانی‌ دەوروبەر، خۆمان دەزانین لە ساڵانی‌ بیستەكانی‌ تا شەستەكانیش وێنەگرتن بۆ خۆی‌ بە نەنگی‌ و بە شورەیی‌ زانراوە، بە گوناهیان زانیوە، ئەو نەك هەر وێنەی‌ گرتووە، بگرە ئەلبومیشی‌ بۆ وێنەكانی‌ خۆی‌ داناوە، بەشێكی‌ زۆری‌ ئەوانەی‌ پاراستووە، كە دوای‌ نەمانی‌ خۆی‌ فەوتێنراوە، مەسەلەیەكی‌ دیكە بۆ سەردەمی‌ خۆی‌ گرنگ بووە یەكێك لە شتەكانی‌ ژیانی‌ ئەم ژنە، دیاری‌ بووە. دیاری‌ بەخشین بە خەڵك و دیارهاتن لە خەڵكەوە بۆ ئەم ژنە، هەوڵی‌ داوە دیارییەكانی‌ دیاری‌ گرنبەهان بن، لای‌ ئەو كەسانەی‌ بۆیان دەنێرێ‌ كاردانەوەیەكی‌ هەبێ‌، دواتر وابكات خەڵكی‌ ئەم شتانەی‌ لە بیر نەچێ‌ لەوانە فەرش، مستیلەی‌ گرانبەها، خشڵ، زۆریان بۆ شەخسیات و كەسایەتی‌ بەناوبانگی‌ ناردووە، بۆ خەڵكی‌ دیار و كەسایەتی‌ ناسراو، حەپسەخان دیارییەكانی‌ وەك ئامڕازێك بەكارهێناوە بۆ ئەوەی‌ بتوانێ‌ هەم ئەو خەڵكانە وابەستە بكات بە كورد و مەسەلەی‌ كوردەوە، هەم وابكات ئەمانە سەردانی‌ ئەم شارە بكەن و سلێمانی‌ بەسەر بكەنەوە و حەپسەخان و بنەماڵەی‌ شێخیان لەبیر نەچێ‌، یەكێ‌ لەو شتانەی‌ ئەم لە رێگای‌ دیارییەوە كردویەتی‌ ئەچێتەوە قاڵبی‌ سیاسییەوە‌ ئەوە بووە كە زۆربەی‌ بنەماڵە بەناوبانگەكانی‌ كورد لە شارەكانی‌ قایرە و لەندەن و ئەستەنبوڵ و وڵاتانی‌ دیكەی‌ دەوروبەر لە تاران بنەماڵەی‌ كوردی‌ ژیاون حەپسەخان هەوڵیدا لە رێگەی‌ دیاریەوە ئەمانە هەم رۆحە كوردییەكەیان لازیندوو بكاتەوە و هەم وابەستەشیان بكات بەگیانێكی‌ كوردانەوە، بۆ نموونە ئەو لە ساڵانی‌ سییەكان و چلەكاندا دەستێ‌ جلی‌ كوردی‌ جوان بۆ دوڕیەی‌ كچی‌ محەمەد عەلی‌ عەونی‌ بۆ میسر ناردووە و داوای‌ لێ‌ كردووە وێنەی‌ پێوە بگرێ‌ و وێنەكەشی‌ بۆ بنێرێتەوە، ئەویش لەوێدا باسی‌ دەكات و دەڵێت بەرێز حەپسەخان ئەوە لە سەر داوای‌ خۆت وێنەكەم پێوە گرتووە و بۆشم ناردی، هیوادارم وێنەكەت بە دڵ‌ بێ‌. جگە لەوەی‌ هەستی‌ كردبێ‌ ئەوانەی‌ رەگێكی‌ كورد بێ‌ ئەو بەجل و پۆشاكی‌ كوردی‌ بەسەری‌ كردونەتەوە بە فەرشی‌ كوردی‌، بە زۆر شتی‌ تری‌ كوردی‌ بەسەری‌ كردونەتەوە، لەو سەردەمەدا هەوڵیداوە بنەماڵەی‌ بەدیوعولزەمانی‌ كورد، بنەماڵەی‌ دوڕییە عەلی‌ عەونی‌ و هەموو بنەماڵە بەناوبانگەكانی‌ كورد بەسەركردوەتەوە و دیاری‌ بۆ ناردوون، كە سەرجەم دیارییەكانی‌ بریتی‌ بوون لە جۆرێك لە ئەتەكێت. حەزدەكەم لێرەدا ئەوە بڵێم حەپسەخان یەكێك بووە لەو ژنانەی‌  زۆر شارەزای‌ ئەتەكێت و هەڵسوكەوت و دیبلۆماسیانەی‌ ئەو سەردەمە بووە ئێستاش بەداخەوە زۆر كەسمان هەیە لە روانگەی‌ دیوەخانێكەوە لە دیبلۆماسی دەڕوانێ‌، بەڵام ئەو كاتە ئەو زانیوێتی‌ دیاری‌ بەخشین و خەڵك بەسەركردنەوە و سەردانی‌ خەڵك و بروسكە ناردن چەند گرنگە، یەكێك لەو شتانەی‌  ئەو ژنە بەردەوام لە خەیاڵیدا بووە، ئەوە بووە زۆر لە خەڵكانی‌ دیاری‌ كورد و غەیرە كورد و مەسیحی‌ و جولەكە و توركمان و عەرەب و خەڵكی‌ دیكە كەسێكی‌ لێ‌ مردبێ‌، یان بۆنەیەكی‌ خۆشی‌ هەبووبێ‌ ئەم بە بروسكەی‌ پیرۆزبایی‌ یان ماتەمینی‌ بەسەری‌ كردونەتەوە دواتر بروسكەیان بۆ كردوەتەوە لە ناخۆشی‌ و خۆشییەكانیدا سەردانیان كردوە. یەكێكی‌ دیكە لە كارەكان  حەز دەكەم باسی‌ بكەم و ئاماژەی‌ پێ بدەم، حەقە ژنانی‌ سلێمانی‌ ئەوە لەبەر چاو بگرن كە ئێستاش زۆرێك لە جلوبەرگیان، لە ئەتەكێتیان قەرزاری‌ ئەو ژنە و هەڵسوكەوتی‌ ئەو ژنەن، قەرزاری‌ كارەكانی‌ ئەو ژنەن كە زۆر گرنگ بووە لە ساڵی‌ سییەكان و چلەكاندا تۆ بتوانی‌ لە شاری‌ سلێمانی‌ كە شارێكی‌ بچكۆلەی‌ كوردەواری‌ بووە بتوانی‌ زۆر هەنگاو بنێیت من پێموایە ئەمڕۆ دەبێ‌ ژنانی‌ سلێمانی‌ سوپاسی‌ حەپسەخان بكەن. یەكێك لەو شتانەی‌ ئەو ژنە بۆ ژنانی‌ سلێمانی‌ كردووە گۆڕینی‌ شێوازی‌ جلوبەرگیان بووە. خۆیان لە یاداشتەكانیاندا باسی‌ دەكەن كە حەپسەخان وای‌ كردوە وتویەتی‌ واز لەكەوای‌ زستانە بهێنن و لە هاویندا ئەوكاتە خەڵك لە رووی‌ نەهاتووە ئەسڵەن لە هاوینیشدا كەواكەی‌ لەبەری‌ بكاتەوە یان كەوایەكی‌ تەنك تر بدورێ‌، ئەو یەكەم كەس بووە بڕیاری‌ داوە واز لەوە بهێنێ‌، سەروپێچ ئەوكاتە كراوە لە كوردەواریدا یەكێك بووە لەو شتانەی‌ رێگرێك بووە لەبەردەم هەڵسوكەوت و چالاكی‌ ژندا، ئەو بڕیاری‌ داوە ئەگەر لاشی‌ نەبن لە چاو حەجمەكەی‌ خۆیەوە زۆر بچوكتری‌ بكاتەوە، ئەمە بۆ خۆی‌ كارێكی‌ زۆر سەیربووە، كۆكردنەوەی‌ ژن لە حەوشەی‌ ماڵەكەی‌ خۆیدا، ماڵەكەی‌ خۆی‌ وەكو دیوەخان لێ‌ كردوە بۆیان. چەند وەجبەیەك خەڵكی‌ بینیوە، ئەمە لەكاتێكدا لەو زەمانەدا هەموو ژیانی‌ ژن بریتی‌ بوو لە چوار دیواری‌ متبەخەكەی‌ و بۆی‌ نەبووە دەرگای‌ ئەو دیوی‌ كۆڵانیش ببینێ‌، حەپسەخان لە ژیانی‌ خۆی‌ تا مردنی‌ یەك چركە ساتی‌ بەفیرۆ نەداوە، بگرە لەهەموو كاتەكاندا خەڵكی‌ بینیوە، خەڵكی‌ بەسەركردوەتەوە و سەردانی‌ خەڵكی‌ كردوە و خەڵك سەردانی‌ ئەوی‌ كردوە. 

یەكەمین ژنی‌ كورد بووە لە سلێمانی‌ چووەتە سینەما

رەئوف عوسمان: تەنانەت ئەڵێن رۆژانی‌ جەژن لە ماڵەكەی‌ خۆیدا مەجلیسی‌ ئەم بەجیابووە و مەجلیسی‌ هاوسەرەكەی‌ بەجیا بووە، رۆژی‌ یەكەم خەڵك سەردانی‌ حەپسەخانی‌ كردوە، پیاوان چوون بۆ پیرۆزبایی‌ لە حەپسەخان، لە رۆژی‌ دووەم ژنان و كچان چوون بۆ پیرۆزبایی‌ جەژن، تەنانەت حەپسەخان پەیوەندییەكی‌ زۆر بەتینی‌ هەبووە لەگەڵ كچە گەنجەكانی‌ سلێمانیدا، هەمیشە لەبۆنە و ئاهەنگەكاندا لەگەڵیاندا بووە، لە رۆژی‌ سێیەمدا ئینجا خۆی‌ لەسەر ئەو ئەتەكێتەی‌ دایناوە هاتوچۆ و رەوتی‌ ئەو كەسانەی‌ كردوە كە خۆی‌ ویستویەتی‌ بچێت بۆ لایان. یەكەمین ژنی‌ كورد بووە لە سلێمانی‌ چووەتە سینەماوە، خۆی‌ و دەستە خوشكەكانی‌، ئەو كاتانەی‌ چووە بۆ سینەما بە چەپڵە پێشوازیان لێ‌ كردوە كوڕەزاكەی‌ حاجی‌ كاك ئەحمەدی‌ شێخ بچێتە سینەما مانای‌ ئەوەیە وشیارییەكی‌ زۆر گەورەی‌ هەیە، ئەوەشی‌ زانیوە چوونە سینەما كار ناكاتە سەر لەق كردنی‌ ئاینی‌ مرۆڤ. لەبەر ئەوە حاڵەتەكەی‌ زۆر بەلاوە ئاسایی بووە، جگە لەوە پەیوەندییەكی‌ توندوتۆڵی‌ هەبووە بە ژنانی‌ عەرەبی‌ عیراقەوە، ئەو ژنانەی‌ لە بەغدا مامۆستا بوون تەنانەت جێگری‌ وەزیر بوون زۆرجار هاتوون بۆ لای‌ حەپسەخان و هەمیشە باسی‌ كێشەی‌ كوردی‌ بۆ كردوون و بردوونی‌ بۆ دەرەوەی‌ سلێمانی‌ بۆ سەیرانگاكان و سروشتی‌ جوانی‌ كوردستانی‌ نیشان داون و وتویەتی‌ ئێمە لەسەر ئەم سروشتە تێدەكۆشین بۆ ئەوەی‌ كە خۆمان ببین بە خاوەنی‌ و خەڵكی‌ تر نەبێ‌ بەخاوەنی‌. جگە لەوە حەپسەخان زۆر بەخشندە بووە، بەخشندەیی‌ یەكێكە لە سیمای‌ كەسایەتییەكانی‌ خۆرهەڵات، واتە بەخشندەییەكەی‌ لە سنوورێكدا بووە، ئاڵتونێكی‌ زۆری‌ هەبووە، لەكاتی‌ وەفاتیدا ئاڵتونەكەی‌ هیچی‌ نەماوە هەمووی‌ بەخشیوە بە خەڵك و بەتایبەتی‌ بە میوان و بە وەفدەكان، بۆ روسوركردنی‌ شاری‌ سلێمانی، تەنانەت ئەڵێ‌ مێژوونووسێكی‌ عێراقی‌ بەتەسەوری‌ خۆم رەزاق حەسەنی‌ بێت، هاتوومە بۆ لای‌ حەپسەخانی‌ نەقیب و وتویەتی‌ من ئەمەوێت كتێبێكی‌ مێژوویی‌ دانێم لەسەر عێراق و مومكینە باسی‌ كوردستانیشی‌ تێدا بكەم، حەپسەخان لەو كاتەدا هیچی‌ بەدەستەوە نەبووە، یەكێك لە پیاوەكانی‌ بانگكردوە پێنج لیرەییەكەی‌ سەری‌ قرتاندووە و وتویەتی‌ بڕۆ ئەوەی‌ بۆ بفرۆشە. یەك كوڕی‌ هەبووە ناوی‌ شامیل بووە، هەندێك قوتابخانەی‌ زانستی‌ دەرونی‌ دەڵێن ئەو پیاو و ژنانەی‌ كە وەجاغ كوێرن، رشدن، بەخشندەنین، بەڵام بەپێچەوانەوە حەپسەخان ئەو كوڕەشی‌ كە ناوی‌ شامیل بووە وەفاتی‌ كردووە، ئیتر حەپسەخان ئەوەی‌ هەیبووە و نەیبووە داوێتی‌ بە خەڵك، لە مەجلیسەكانیدا، تەنانەت ئەو جوتیارانەی‌ لە گوندەكانی‌ ئەواندا بوون بەروبومی‌ نەبووبێ‌ یەكسەر بەخشیوێتی‌، وتویەتی‌ ئێمە وەكو كوڕی‌ خۆمان سەیری‌ ئێوە دەكەین. جگە لەوانەش هەمیشە خوێنكاری‌ كورد ئەوانەی‌ زۆر هەژار بوون دەستی‌ گرتوون بۆ ئەوەی‌ خوێندن تەواو بكەن. 

زۆر ژنی‌ پێگەیاندووە

د.شوكریە رەسوڵ: ماڵەكەی‌ لە رووی‌ كۆمەڵایەتییەوە قوتابخانیەك بووە چاوی‌ كۆمەڵێك لە ژنانی‌ ئەو سەردەمەی‌ كردەوە، زۆر ژنی‌ پێگەیاندووە، هەمووشیان لە یاداشتەكانی‌ خۆیاندا بە شانازییەوە باسی‌ حەپسەخانی‌ نەقیب دەكەن، یەكێك لەوانە مامۆستای‌ خۆشەویستم كە لە قۆناغی‌ سەرەتاییدا وانەی‌ پێوتومەتەوە، ست بەهێ مەعروف بوو، هەروەها مونیرە قەفتان، پاكیزە رەفیق حیلمی‌ لە یاداشتەكانیدا بە ئیعجابەوە باسی‌ دەكات، كۆمەڵێك ژن كە دەتوانم بڵێم پتر لە پێنج سەد ژن لەوانەی‌ لە قوتابخانەی‌ ئێواران دەرچوو بوون، ئەوانەی‌ لە قوتابخانەی‌ زەهرا بوون، هەمووی‌ لە ماڵی‌ ئەودا بوون سەرباری‌ ئەوەش حەپسەخان كەسایەتییەكی‌ ئەوەندە ناسراو بوو كە دەچووە بەغدا بەبێ‌ دیاری‌ نەدەچوو، وەك لە نەخۆشییەكدا دەچێتە لای‌ دكتۆر كەمال سامەڕایی‌ مستیلەیەكی‌ ئاڵتون و فەرشێكی‌ جوانی‌ كاشان لەگەڵ خۆیدا ئەبات، چونكە پارەی‌ لێ‌ وەرنەگرتووە، ئینجا لە موزەكەراتی‌ سامەڕایی‌ لە لەندەن دەخوێنێ‌ دەڵێ‌ لە كاتی‌ ناخۆشدا بووم و بێ‌ پول و پارە بووم، ئەو مستیلەیەی‌ حەپسەخان بووە سەرەوەتێك بۆ من، كە چووم فرۆشتم وتی‌ ئەو پیاوە لە لەندەن پێی‌ وتم ئەمەت لە كوێ‌ دەستكەوتووە؟ پارەیەكی‌ زۆرباشی‌ دامێ‌، ئەڵێ‌ ئەمە بووە هۆكاری‌ ئەوەی‌ خوێندنەكەم لە چاوی‌ ئەو ژنە بزانم. ئەو لێدوانانەی‌ وەكو چیپمەن و وەكو كۆمەڵێك هۆرد و ئەمانەی‌ لە بەریتانیا دەهاتن دەبوایە سەردانی‌ حەپسەخانی‌ نەقیبیان بكردایە، پێرسی‌ كۆكس چووەتە ماڵی‌ و دانیشتووە. لەبەردانی‌ شێخ مەحمودی‌ حەفید، حەپسەخان دەستێكی‌ باڵای‌ هەبووە.
رەئوف عوسمان: حەزدەكەم لێرەدا كۆمەڵێك شت بڵێم، رۆژنامەی‌ تایمزی‌ ئینگلیزی‌ لە یانزەی‌ یەكی‌ 1949دا سەبارەت بە حەپسەخان وتویەتی‌: خەڵكی‌ سلێمانی‌ لە ناخی‌ دڵیانەوە حەپسەخان خۆش دەوێت، كە ئەویش تاقە ژنی‌ نموونەیی‌ و بنەما خۆرهەڵاتییەكانە و خاوەنی‌ بیروئایدۆلۆژیەتی‌ رۆژئاواییەكانە. واتە لەلایەك ئەڵێ‌ رۆژهەڵاتی‌ و لە لایەك لە عەقڵ و هۆشمەندی‌ و بیركردنەوە وەك رۆژئاواییەك باسی‌ دەكات و وەسفی‌ ئەكات، ژنێكی‌ رۆژهەڵاتی‌ غەیر ئیعتیادییە، زۆر سەربەست و رۆشنبیر و پێشكەوتووە، تەنانەت دكتۆر هۆفی‌ ئەڵمانی‌ ئەڵێ‌ حەپسەخانی‌ نەقیب هیچی‌ كەمتر نییە لەو شاژنانەی‌ كە ئەبن بە سەرۆكی‌ وڵاتان و رۆڵ دەبینن لە ژیانی‌ سیاسی‌ وڵاتان، ئەمەیە ئەو خانمەی‌ هەتا ئێستا شانازی‌ پێوە دەكەین، ئەمە سەرەتایەكی‌ گرنگە بۆ جوڵانەوەی‌ ژنان لە كوردستاندا و درێژە پێدەری‌ ئەو رێبازە هەر بەرەو پێشەوە ئەڕوات.











created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved