23/11/2019 10:59 AM

خوێندنەوەی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی ״‌دنیا سێ پیته‌״‌ی مه‌حمود نه‌جمه‌دین

مه‌حمود نه‌جمه‌دین ئه‌و چیرۆكنووسه‌ گه‌نجه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی (2002) یه‌كه‌م چیرۆكی له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ بڵاوكردۆته‌وه‌، له‌وساوه‌ به‌ به‌رده‌وامیی ده‌نووسێت و بڵاوده‌كاته‌وه‌، واته‌ حه‌ڤده‌ ساڵه‌ به‌ به‌رده‌وامیی ده‌نووسێت و بڵاوده‌كاته‌وه‌. یه‌كه‌م به‌رهه‌می وه‌كو كتێب رۆمانی «خۆكوژی»یه‌ كه‌ له‌ ساڵی (2007)دا چاپبووه‌ و له‌ بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری شاره‌. دووه‌م به‌رهه‌می كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی «هاوشێوه‌كانی سه‌لیم جه‌وده‌ت»ه‌ كه‌ له‌ ساڵی (2011)دا بڵاوبۆته‌وه‌ و له‌ بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوبه‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌. سێیه‌م به‌رهه‌می كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی «پاسه‌كه‌ی گورون»ه‌ كه‌ له‌ ساڵی (2017)دا بڵاوبۆته‌وه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی دیالۆگه‌. چواره‌م به‌رهه‌می رۆمانی «پیاوه‌كان به‌ خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه‌»یه‌ كه‌ له‌ ساڵی (2018)دا له‌سه‌ر ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی و لاوان چاپبووه‌. پێنجه‌م به‌رهه‌می كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی «دنیا سێ پیته‌»یه‌ كه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانی چاپه‌مه‌نی خانییه‌ له‌ سه‌قز و ئه‌مساڵ (2019) بڵاوبۆته‌وه‌.
محه‌مه‌د كه‌ریم
هه‌ندێ سه‌رنجی گشتی:
له‌م نووسینه‌دا ده‌مه‌وێ قسه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «دنیا سێ پیته‌»بكه‌م كه‌ كتێبێكی قه‌واره‌ بچووكه‌ و نۆ چیرۆكی له‌ خۆگرتووه‌، (168) لاپه‌ڕه‌یه‌ و تازه‌ خه‌ریكه‌ لێره‌ له‌ باشووری كوردستان بڵاوده‌بێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی من پێشان هه‌موو چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌م تاك تاك خوێندۆته‌وه‌ و سه‌رنج و تێبینیی خۆشم به‌ چیرۆكنووس وتوه‌، به‌ڵام حه‌زم كرد وه‌كو كتێبیش هه‌موو چیرۆكه‌كان پێكه‌وه‌ بخوێنمه‌وه‌، چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب چێژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێت كاتێكی باشیشی بۆ ته‌رخان بكه‌یت، جیاوازه‌ له‌وه‌ی به‌ كاغه‌ز یان به‌ ده‌ستنووس بیخوێنته‌وه‌. دیاره‌ پێشان ئاگاداری ئه‌وه‌شم كه‌ هاوڕێم مه‌حمود نه‌جمه‌دین به‌ نیاز بوو ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌ پێكه‌وه‌ چاپ بكات و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌م و ئیشه‌كه‌ی له‌ جێی خۆیدایه‌.
ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ جێگای سه‌رنج و مایه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ ئه‌وه‌یه‌ چیرۆكنووس به‌ درێژایی كتێبه‌كه‌ی توانیویه‌تی له‌سه‌ر یه‌ك هێڵ ئیش بكات و نه‌هێڵێت كۆنترۆڵی ئه‌و هێڵه‌ی له‌ ده‌ست ده‌ربچێت و تاڕاده‌یه‌كی زۆر یه‌كێتی بابه‌تی له‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌دا ره‌چاو كردووه‌ و پاراستوویه‌تی، كه‌ بریتین له‌ چیرۆكی ترسناك یان چیرۆكی دنیای سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ دنیای واقیعی ئێمه‌ جیاوازن. ئه‌مه‌ش خاڵێكی گرنگه‌ كه‌ چیرۆكنووس بتوانێت به‌ درێژایی كتێبێك هێڵی ئیشكردنی خۆی بپارێزێت و لێی لانه‌دات. دیاره‌ ئه‌وه‌ی له‌م ئیشه‌یدا چیرۆكنووس پشتی پێبه‌ستووه‌ گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كه‌ هه‌ندێ جار به‌ راناوی كه‌سی سێیه‌می تاك و هه‌ندێ جاریش به‌ راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك به‌ هاوكاری «سیدرا»ناوێك كه‌ هاوڕێ یان دۆستی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌، واته‌ له‌ سه‌راپای چیرۆكه‌كاندا راناوی كه‌سی دووه‌م به‌كارنه‌هاتووه‌، بێگومان وه‌كو خوێنه‌ر نازانین ئه‌مه‌ به‌ رێكه‌وته‌ یان چیرۆكنووس خۆی نه‌یوستووه‌ ئه‌و راناوه‌ به‌كاربهێنێت.
له‌ رووی زمانه‌وه‌، بێگومان زمانی نووسینی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر جیاوازه‌ له‌ زمانی نووسینی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «پاسه‌كه‌ی گورون» و تاڕاده‌یه‌كیش جیاوازه‌ له‌ زمانی رۆمانی «پیاوه‌كان به‌ خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه‌» مه‌به‌ستم له‌م جیاوازییه‌ ئه‌وه‌یه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی نووسینی چیرۆكنووس ده‌وڵه‌مه‌ندتر و فراوانتر بووه‌، دنیای ترسناك و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ش زمانی تایبه‌تی خۆی ده‌وێت و چیرۆكنووس له‌م رووه‌وه‌ خۆی ماندوو كردووه‌ و ماندووبوونه‌كه‌شی به‌ خه‌سار نه‌چووه‌ و به‌ردار بووه‌. من ئه‌مه‌ وا لێك ده‌ده‌مه‌وه‌ كه‌ چیرۆكنووس له‌و راستییه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی ده‌قی ئه‌ده‌بی زمانه‌ و به‌ بێ زمانێكی به‌ هێز و پاراو مه‌حاڵه‌ بتوانێت ده‌قێكی سه‌ركه‌وتوو و نه‌مر بنووسیت، ئه‌وه‌ی من رۆژانه‌ له‌م هاوڕێ چیرۆكنووسه‌می ده‌بینم خۆماندووكردن و هه‌وڵی به‌رده‌وامه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانی نووسینی خۆی و هه‌ست ده‌كه‌م له‌م بواره‌دا ماندوو نه‌ناسه‌ بۆیه‌ ئاساییه‌ كه‌ هه‌ست بكه‌ین ورده‌ ورده‌ زمانی به‌قوه‌تتر ده‌بێت.
یه‌ك به‌ یه‌كی چیرۆكه‌كان:
لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت به‌ پێی زانیاریی خۆم سه‌باره‌ت به‌ دنیای چیرۆك قسه‌ له‌سه‌ر یه‌ك به‌ یه‌كی چیرۆكه‌كان بكه‌م و سه‌رنجی خۆمی له‌باره‌وه‌ بنووسم:
چیرۆكی یه‌كه‌م: چه‌كه‌رداسی قزه‌:
ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ كه‌سی سێیه‌می تاك گێڕدراته‌وه‌، گێڕه‌ره‌وه‌ زۆر باسی شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ده‌كات و تاڕاده‌یه‌كیش بێڕه‌حمانه‌ باسی ده‌كات، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌م باسكردنه‌ی شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كه‌ له‌گه‌ڵ ناخه‌ پاكه‌كه‌ی كاره‌كته‌ره‌كه‌دا هاوسه‌نگ نییه‌، واته‌ گێڕه‌ره‌وه‌ بێلایه‌نی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی قسه‌كانی له‌سه‌ر له‌ش و لاری كاره‌كته‌ر چڕ ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ناخه‌ پاكه‌كه‌ی چڕی ناكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكه‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌دوای رووداوه‌كاندا راتده‌كێشێت و نایه‌ڵێت له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌یدا بێزار بیت و خه‌یاڵت بڕوات. دواجار ئه‌م چیرۆكه‌ زیاتر له‌وه‌ی ترسناك بێت له‌ناو دنیایه‌كی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌دا رووده‌دات و له‌ كۆتاییدا ده‌بێته‌ چیرۆكێكی كۆمیدی یان ته‌نز.
چیرۆكی دووه‌م: كه‌لله‌ زراو:
گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ كه‌سی سێیه‌می تاك یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی فه‌زای چیرۆكه‌كه‌مان بۆ بگوێزێته‌وه‌ و هه‌ستی پێبكه‌ین، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ست به‌و فه‌زا سارده‌ ده‌كه‌ین و ته‌زوو به‌ گیانماندا دێت و هێدی هێدی به‌ره‌و دنیا ترسناك و بوونه‌وه‌ره‌ ترسناكه‌كان په‌لكێشمان ده‌كات. بێگومان ئه‌م چیرۆكه‌ چیرۆكێكی ترسناكه‌ و خوێنه‌ریش له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا كاتێك بوونه‌وه‌ره‌ ترسناكه‌كان دێنه‌ ئاراوه‌ له‌گه‌ڵ ئاڤار واته‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌دا هه‌ست به‌ ترس ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ئاڤار له‌ بوونه‌وه‌ره‌ ترسناك و شێوه‌ سه‌یره‌كان ده‌ترسێت، به‌ڵام ئه‌وان له‌ ئاڤار ناترسن و له‌ شێوازی قسه‌كردن و ره‌فتاریانه‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌ به‌ره‌و كۆمێدیا ده‌چێت. ئه‌م چیرۆكه‌ش به‌ خێرایی ده‌گوزه‌رێ و خوێنه‌ر به‌ شه‌وقه‌وه‌ دوای رووداوه‌كان و شته‌ كوت وپڕه‌كان ده‌کەوێت.
چیرۆكی سێیه‌م: به‌ڵای سه‌رشین
ئه‌م چیرۆكه‌ش به‌ كه‌سی سێیه‌می تاك نووسراوه‌، لێره‌دا كۆمه‌ڵێ باڵنده‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌بنه‌ ملۆزمی سه‌ری كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆك و هه‌تا كه‌ركوك راوی ده‌نێن و له‌وێش له‌ كۆڵی نابنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆك ئاشنای دنیای باڵنده‌ و په‌له‌وه‌ره‌ و سه‌راپای ژیانی له‌گه‌ڵ په‌له‌وه‌ر و باڵنده‌ و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ باڵنده‌ و په‌له‌وه‌ردا به‌سه‌ر بردووه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵێ باڵنده‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ لێی ده‌بنه‌وه‌ ملۆزم و نایه‌ڵن جێ به‌ خۆی بگرێت. ئه‌م چیرۆكه‌ چیرۆكێكی ترسناكه‌ و مچوڕكه‌ به‌ گیانی خوێنه‌ردا ده‌هێنێت. ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ سه‌ره‌تادا خاوه‌ و ئاسایی ده‌گوزه‌رێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕینی شوێندا ره‌وتی چیرۆكه‌كه‌ش خێرا ده‌بێت و خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات و به‌دڵ حه‌زده‌كات بزانێت ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی له‌ ترسی باڵنده‌ نازانێ له‌ كوێ ئارام بگرێت چی به‌سه‌ر دێت.
چیرۆكی چواره‌م: بۆرچیل و مۆره‌:
گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ رێگه‌ی دوو راناوه‌وه‌یه‌، هه‌م كه‌سی سێیه‌می تاك هه‌م كه‌سی یه‌كه‌می تاك یان مه‌نه‌لۆج. ئه‌م چیرۆكه‌ جوانترین چیرۆكی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌یه‌ و به‌ جۆرێك خوێنه‌ر به‌ خۆیه‌وه‌ شه‌ته‌ك ده‌دات بۆ ساتێك ناتوانێت له‌ رووداوه‌كانی داببڕێت، هه‌ستی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ستی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌دا جووت ده‌بێت و خوێنه‌ریش له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیدا ده‌كه‌وێته‌ دڵه‌ڕاوكێ و ترس ده‌چێته‌ گیانییه‌وه‌ و چاوه‌ڕێیه‌ بزانێت كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی تووشی چ نه‌هامه‌تییه‌ك ده‌بێت. ئه‌م كورته‌چیرۆكه‌ به‌مانای ته‌واو كورته‌چیرۆكه‌ و هیچ زیادییه‌كی تێدا نییه‌ و رسته‌كان چڕ كراونه‌ته‌وه‌ و وشه‌ و رسته‌ی زیادی تێدا نییه‌، كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ش دراوه‌ته‌وه‌ ده‌ست هه‌ستی خوێنه‌ر و خوێنه‌ر ده‌توانێت كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ دیاری بكات، واته‌ كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ كراوه‌یه‌ و خوێنه‌ری جیاواز ده‌توانێت خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بكات و به‌پێی خه‌یاڵی خۆی كۆتاییه‌كه‌ی بۆ ده‌ستنیشان بكات.
چیرۆكی پێنجه‌م: منداڵه‌كه‌ی زامبیا:
ئه‌م چیرۆكه‌ كه‌سی یه‌كه‌می تاک ده‌یگێڕێته‌وه‌، نازانین بۆچی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ شه‌و بێداره‌ و خه‌وی لێناكه‌وێت، ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و رووداوی چیرۆكه‌كه‌ په‌لكێشمان ده‌كات. چیرۆكنووس له‌م چیرۆكه‌دا جیاواز له‌ هه‌موو چیرۆكه‌كانی تری كتێبه‌كه‌، رووداوی چیرۆكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ رووداوی فیلمێكی سینه‌مایی تێكه‌ڵ ده‌كات كه‌ نازانین كام فیلمه‌یه‌ و له‌ رووداوێكی هاوشێوه‌ی فیلمه‌كه‌دا رووداوی چیرۆكه‌كه‌یمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌م چیرۆكه‌ش خوێنه‌ر به‌ره‌و رووداوه‌كانی راده‌كێشێت و به‌ دڵه‌ڕاوكێوه‌ له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌م چیرۆكه‌ زیاتر له‌وه‌ی چیرۆكێكی ترسناك بێت چیرۆكێكه‌ كه‌ رووداوی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی تێدا رووده‌دات و مناڵێكی سه‌یری تێدا له‌ دایك ده‌بێت.
چیرۆكی شه‌شه‌م: كفن دڕ:
ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك گێڕدراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ له‌ جێگایه‌كدا خۆی قایم كردووه‌ و له‌ ترسی گیانی خۆی ناتوانێت قسه‌ بكات، بۆیه‌ حوكمه‌ كه‌ به‌ شێوازی مه‌نه‌لۆج چیرۆكه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌، واته‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی خوێنه‌ر یان گوێگر بكات، چیرۆكه‌كه‌ له‌ حاڵی حارزدا ده‌گێرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م مه‌نه‌لۆجه‌ هه‌تا كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ بڕ ناكات و كاتێك له‌ناو داره‌مه‌یته‌كه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو زاره‌تره‌ك ده‌بن و راده‌كه‌ن و ئه‌ویش به‌ڕاكردن دوایان ده‌كه‌وێت، ئه‌وسا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ رووی ده‌می له‌ خوێنه‌ر یان گوێگره‌. ئه‌م چیرۆكه‌ چیرۆكێكی جوان و كاریگه‌ره‌ و خوێنه‌ر به‌ شه‌وقه‌وه‌ دوای رووداوه‌كان ده‌كه‌وێ. هه‌رچه‌نده‌ رووداوه‌كانی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ترس ده‌خه‌نه‌ دڵی خوێنه‌ره‌وه‌، به‌ڵام كۆتاییه‌كه‌ی به‌ره‌و كۆمیدیا ده‌چێت به‌ تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی باسی مه‌لاكه‌ ده‌كات. كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌ و بۆ خه‌یاڵی خوێنه‌ر به‌جێهێڵراوه‌ نازانین مێرده‌كه‌ی ساوێن مرد یان بوورایه‌وه‌؟
چیرۆكی حه‌وته‌م: به‌لاقی موفه‌ره‌ح راده‌كات:
ئه‌م چیرۆكه‌ش به‌ راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك گێڕدراوه‌ته‌وه‌، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ كه‌سێكی راكه‌ره‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ راكه‌ره‌كانی هاوڕێی داده‌بڕێت ده‌كه‌وێته‌ ناو دنیایه‌كی ترسناك و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌وه‌. كۆمه‌ڵێك ژنی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌بینێت و پاش راكردنێكی تاقه‌ت پڕوكێنی تر له‌ ده‌ستیان ده‌رباز ده‌بێت. ده‌شێ ئه‌م چیرۆكه‌ وا لێك بدرێته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ درێژایی ژیانی راده‌كات و دواجار له‌ جێگایه‌كدا ئارام ده‌گرێت كه‌ گۆڕه‌. له‌م چیرۆكه‌شدا بوونه‌وه‌ره‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كان ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌، به‌ڵام جیاواز له‌ چیرۆكی دووه‌م كه‌ بوونه‌وه‌ره‌كان له‌وێدا جه‌سته‌یان بچووك و سه‌ریان زل بوو، لێره‌دا بوونه‌وه‌ره‌كان له‌ شێوه‌ی مرۆڤدان به‌ڵام ئه‌ندامانی جه‌سته‌یان زیاتره‌ چوار قاچ و دوو سه‌ر و هتد ده‌بینین.
چیرۆكی هه‌شته‌م: دڵم ده‌له‌رزی:
له‌م چیرۆكه‌دا كه‌ به‌ راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك گێڕدراوه‌ته‌وه‌، بۆ یه‌كه‌مجار په‌یوه‌ندی نێوان سیدرا و گێڕه‌ره‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ هه‌م خۆشه‌ویستی یه‌كن و هه‌م دڵسۆز و پشت و په‌نای یه‌كن و ژوان و پێكه‌وه‌ بوونیشیان هه‌یه‌. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆك له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ ماڵی سیدرا بمێنێته‌وه‌ و عه‌یش و نۆشی خۆی بكات، سواری گای هار ده‌بێت و خۆی ژیانی خۆی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی كردبێت به‌ توونی بابادا و ده‌رچوونی بۆ نه‌بێت، له‌ لێواری مه‌رگ نزیك ده‌بێته‌وه‌ هه‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵی سیدرا. ئه‌گه‌رچی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه‌دا ده‌كه‌وێته‌ دڵه‌ڕاوكێوه‌ و ترس دایده‌گرێت، به‌ڵام هاوڕای ده‌رچوونی نییه‌ له‌ ماڵی سیدرا. ئه‌م چیرۆكه‌ دنیایه‌كی ترسناكی وه‌كو فیلمه‌ كۆرییه‌كانمان بۆ ده‌خوڵقێنێت و چه‌ندان سوار ده‌نیشنه‌ سه‌ر كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ی پارچه‌ پارچه‌ی بكه‌ن، كه‌چی وه‌ك ئه‌وه‌ی موعجیزه‌یه‌ك روویدابێت قوتار ده‌بێت و نه‌ سواره‌كان و نە‌ لافاو و وه‌یشوومه‌ی ئه‌و فه‌زایه‌ی چیرۆكنووس دروستی كردووه‌ كۆڵی پێناده‌ن و ته‌سلیم نابێت.
چیرۆكی نۆیه‌م: سیدرا رۆیشت و دنیا سێ پیته‌:
ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ هه‌موو چیرۆكه‌كانی تر كورتتره‌ و ئه‌میش به‌ كه‌سی یه‌كه‌می تاك نووسراوه‌. زۆربه‌ی چیرۆكه‌كه‌ له‌وێدا رووده‌دات كه‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ چاوه‌ڕێیه‌ سیدرا له‌ حه‌مام بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئامێزی گه‌رمی بۆ بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كییه‌وه‌ سیدرا له‌ حه‌مام دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌فڕێت. ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی زیره‌كانه‌یه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌ و له‌ هه‌مانكاتیشدا كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ش كراوه‌یه‌ و نازانین سیدرا دێته‌وه‌ سه‌رزه‌وی و به‌هاوكاری گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی دیكه‌ كۆمه‌ڵێ چیرۆكی دیكه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ یان نا؟ كه‌واته‌ دیسان خوێنه‌ر به‌شداری ده‌ق ده‌كات و هه‌ر خوێنه‌ره‌ش به‌پێی خه‌یاڵی خۆی كۆتایی بۆ چیرۆكه‌كه‌ داده‌نێت كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا ده‌بێته‌ كۆتایی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌ یان ده‌ستپێكی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی دیكه‌. كۆتایی كراوه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خاسیه‌ته‌كانی ده‌قی پۆستمۆدێرن كه‌ هه‌موو شتێك وه‌كو هێلكه‌ی پاكراو ناخاته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ر و خوێنه‌ریش به‌شداری پێده‌كات له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌قدا یان خوێنه‌ر ئه‌و بۆشاییانه‌ ته‌واو ده‌كات یان پڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نووسه‌ری ده‌قی پۆستمۆدێرن به‌ ئه‌نقه‌ست بۆی به‌جێده‌هێڵێت.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم ده‌ستخۆشی له‌ هاوڕێی چیرۆكنووسم مه‌حمود نه‌جمه‌دین ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌ و هیوادارم له‌ به‌رهه‌می داهاتوویدا به‌ دنیایه‌كی جوانتری ده‌ق ئاشنامان بكات، كه‌ من بێگومانم خوێنه‌رانی نائومێد ناكات و هیچ كۆسپێك جووڵه‌ی زیره‌كانه‌ی راناگرێت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved