27/11/2019 12:38 PM

کافتریایەک لە "هیند" ئۆکسجین به خەڵک ئەفرۆشێت

ژەهراوی بوونی هەوا لە"هیند" لە ئاستێکی مەترسیداردایە. هەر بۆیە چەند کەسێک کافتریایەکیان لە شاری "دلهی" کردۆتەوە، لەوێ "ئوکسجین" بە خەڵک ئەفرۆشن.
کافتریای "Oxy Pure" لە گەڕەکێکی ئارامی شاری "دلهی" دامەزراوە و بە ماوەی 15 خولەک ئۆکسجین بەمشتەرییەکانی پێشکەش ئەکات. ئەم کەپسوولی ئۆکسجینانه لەگەڵ بۆنی پرتەقاڵ و دارچین و وانیل و نەعنا و لیمۆ تێکەڵ ئەکرێن و ئاراستەی مشتەرییەکان ئەکرێت. خاوەنی ئەم کافتریایە ئەڵێ: ئەم کارە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتیان لەماوەی رۆژدا بۆ چەند خولەکێک ئۆکسجینی پاک هەڵمژن و لەو دۆخە نالەبارە کە بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە ئارادایه دەرباز بن.


ئەم کافتریایه لە ئێستادا لە ماوەی رۆژدا 15 کەس سەردانی ئەکەن و چونکە کەپسوولەکان بچووکن ئەتوانن بۆ هەر شوێنێک حەزیان لێ بوو بیگوێزنەوە. هەڵمژینی ئەم ئۆکسجینه بەماوەی 15 خولەک 299 تا 499 رۆپیه خەرجیی هەیه و بەگوێرەی قسەی خاوەنی ئەم کافتریایه ئەم کارە ئەبێته هۆی لەناوچوونی ماندوویەتی، بێخەوی و کەمخەوی و هەروەها دابەزینی فشاری خوێن. هەڵبەت کارناسانی تەندروستی لایان وایه هەڵمژینی ئۆکسجینی پاک لەم ماوە کەمەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر تەندروستی گشتیی جەستە نییه، بەڵام خاوەنی کافتریای "Oxy Pure" ئەڵێ ئەم خزمەتگوزارییه ئەگەرچی کەمە، بەڵام تەندروستی هاووڵاتیان بەرەو باشی ئەبات.

جێی ئاماژەیە کە ژەهروای بوونی هەوا هەموو ساڵێک بە میلۆنان کەس تووشی نەخۆشی ئەکات و رووبەرووی مەرگیان دەکاتەوە. وڵاتی "هیند" یەکێک لە نالەبارترین وڵاتانی جیهانه لەم بوارەدا.

 

سەرچاوە: economictimes

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved