2/12/2019 09:26 AM

لە كۆنگرەی پاریس كوردیش قسەی خۆی كرد

ئامادەکردنی: زاهیر سدیق

ئەم كۆنفرانسە دوای كۆتایی هاتن بەجەنگی یەكەمی جیهانی لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا لەشەشی شوباتی 1919ی زاینی بەسترا، ئامانجیش لەبەستنی ئەم كۆنفرانسە چەسپاندنی ئاشتی جیهانی بوو، ئاوڕدانەوەبوو لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە تێكشكاوەكانی جەنگ، لەو كۆنفرانسەدا زۆربەی وڵاتانی جیهان و گەلانی بەشخوراو بەشداریان تێداكرد، نوێنەری گەلی كوردیش بۆ ئەو كۆنفرانسە جەنەراڵ شەریف پاشا بوو، كە راپۆرتێكی پێشكەش بەكۆنفرانسەكە كردبوو، هەروەها شەشی شوباتی 1919 چاوی بەسەرۆكی كۆنفرانسەكە كلیمان سۆل سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا كەوت و لەسەر مافی گەلی كورد بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد، بەڵام كۆنفرانسەكە بەهیچ شێوەیەك ئاوڕی لەمافی كورد نەدایەوە، لەكاتێكدا مافی گەلانی وەك ئەرمەن و عەرەب لەبەرچاو گیرا، چونكە كورد لەو جەنگەدا بەرەی دەوڵەتانی ناوەندی هەڵبژاردبوو، جەنەرال شەریف پاشا بەشێوازێكی دیبلۆماسییانەی بەرز توانی لەكاتی كۆنفرانسی ئاشتی پاریسدا دەوڵەتانی هاوپەیمان قایل بكات، یاداشتنامە بەناوبانگەكەی لەگەڵ نەخشەی كوردستاندا پێشكەش بكات، ئەم دیبلۆماسییەتە بووە هۆكاری ئیمزاكردنی رێككەوتننامە بەناوبانگەكەی سیڤەری 1920  كە بەئاشكرا داننرا بەمافی گەلی كورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی، جەنەراڵ شەریف پاشا لە 27ی 4ی 1920 دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لەنوێنەرایەتی كردنی گەلی كورد راگەیاند.
بۆ دابەشكردنی ئەو دەستكەوتانەی كە لەجەنگدا بەدەستیان هێنابوو
د.ئارام عەلی: كۆنفرانسی ئاشتی پاریس كە لەپاریس بەسترا لەكۆشكی فێرسای كە ئەكەوێتە نزیك پاریسی پایتەختی فەرەنساوە، ئەو وڵاتانەی كە لەجەنگی جیهانی یەكەمدا سەركەوتنیان بەدەست هێنا تێیدا بەشداربوون، لەپێش هەموویاندا بەرێبەری بەریتانیا و فەرەنسا و دواییش ئەمریكا ئەم كۆنفرانسەیان بەست بۆ تاوتوێ‌ كردنی ئاكامەكانی جەنگ وسەرلەنوێ‌ دابەشكردنی ئەو دەستكەوتانەی كە لەجەنگدا بەدەستیان هێنابوو.
كۆنگرەكە دانانی نەخشەیەكی نوێ‌ بوو بۆ ئەوروپا
د.سۆزان كەریم: كۆنگرەی ئاشتی لەپاریس لەساڵی 1919دا بۆ یەكلاكردنەوەی سێ‌ بابەتی گرنگ دروستبوو، یەكێك لەو بابەتانە چارەنووسی زەوییە داگیركراوەكان بوو كە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو بەرووخانی دەوڵەتی عوسمانی چارەنووسی ئەم ناوچانە دیاری نەكراوبوو، بۆیە یەكێك لەهۆكارەكانی بەستنی ئەم كۆنگرەیە بۆ چارەنووسی ئەو ناوچانە بوو، هۆكارێكی تری دروستبوونی كۆنگرەكە دانانی نەخشەیەكی نوێ‌ بوو بۆ ئەوروپا، چونكە هەر یەكێك لەو دەوڵەتە زلهێزانەی لەجەنگی یەكەمی جیهانیدا بەشداریان كرد ئەیانویست پێگەی خۆیان لەناوچەی رۆژهەڵات بەتایبەتی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی جێگەی خۆیان بكەنەوە، بۆیە ئەمە دانانی نەخشەیەكی نوێ‌ بوو بۆ وڵاتە زلهێزەكان لەرۆژهەڵاتدا، هۆكارێكی تر باسكردنی ئەو پەیماننامە نهێنییانە بوو كە لەپێش كۆنگرەی پاریسدا دروستبوو. بۆ نموونە پەیماننامەی سایكس پیكۆ، پەیماننامەی سان ریمۆ، بۆیە ئەم كۆنگرەیە دەرفەتێك بوو بۆ باسكردن و یەكلایی كردنەوەی ئەو پەیماننامە نهێنییانە.
د.ئارام عەلی: كۆنفرانسەكە نزیكەی دوو ساڵێكی خایاند، هەمووی تایبەت نەبوو بەكورد، كورد لەو كۆنفرانسە نوێنەری هەبوو، بەشێكی كۆنفرانسەكە كۆمەڵێك كۆبوونەوە و پەیمانی جیاوازی تێدابوو، بۆ نموونە لەگەڵ ئەڵمانیا پەیماننامەیەك هەبووە، ئەوەی لەسیڤەر بەسترا لەساڵی 1920 ئەو كاتە نوێنەری كورد شەریف پاشای خەندان بوو ئەو بەشداری كردووە یاریدەدەرێكیشی هەبووە.
كورد ئەیویست لەدوای جەنگ مافەكانی خۆی بەدی بهێنێ‌
د. سۆزان كەریم: كورد بۆ یەكەم جار لەكۆنگرەی ئاشتی پاریسدا بەشدار بوو، كۆمەڵێك هۆكار هەبوون كە هاندەر بوون بۆ ئەوەی كورد لەم كۆنگرەیەدا بەشدار بێت، یەكێك لەو هۆكارانە ئەوە بوو كە لەدوای تەواو بوونی جەنگ و بەستنی ئاگربەست كاتێ‌ ئەم كۆنگرەیە بەسترا، كورد ئەیویست لەدوای جەنگ بەشێك لەمافەكانی خۆی بەدی بهێنێ، یەكێك لەو هاندەرانە بڵاوبوونەوەی چواردە بەندەكەی وێڵسۆنی سەرۆكی ئەمریكا بوو، بەتایبەتی بەندی دوانزە كە باس لەمافی چارەنووسی نەتەوە ژێر دەستەكانی دەوڵەتی عوسمانی ئەكات، كوردیش وەك یەكێك لەو نەتەوانەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی ئەیویست مافی چارەی خۆنووسین بەدەست بهێنن، ئەمە یەكێك بوو لەهۆكارەكان، هۆكارێكی تر بوونی هەندێك رێكخراو كە ئەو كاتە لەمەیدانی سیاسیدا تازە دروست بوون بۆ نموونە كۆمەڵەی تەعالی كوردستان لەساڵی 1918دا دروست بوو، شێخ عەبدولقادری شەمزینی سەرۆكایەتی دەكرد، هەروەها كۆمەڵێك رۆشنبیری وەكو جەللادەت بەدرخان تێیدا بەشدار بوون، جگە لەوە كۆمەڵەی سەربەخۆیی كوردستان ئەمانە لەو كاتەدا تازە دروستبوو بوون، هەوڵیان ئەدا لەمەیدانی سیاسیدا بەشێك لەمافەكانی كورد بەدەست بهێنن، ئەمانە كۆمەڵێك هۆكاربوون وای لەكورد كرد نوێنەرێكی هەبێ‌ لەكۆنگرەی ئاشتی، یان نوێنەرێك بۆ خۆی هەڵبژێرێ‌ تا  لەكۆنگرەی ئاشتیدا داكۆكی لەمافەكانی خۆی بكات، بۆیە ئەبینین لەدوای ئەمەوە شەریف پاشا لەو كۆنگرەیەدا وەكو نوێنەری كورد دەستنیشان دەكرێ‌، بێگومان نوێنەرایەتی شەریف پاشا لەلایەن ئەم كۆمەڵانەوە هەڵبژێردرا، جگە لەوە لەباشووری كوردستانیشدا هەوڵدرا شەریف پاشا وەك نوێنەری خۆیان بناسێنن، بۆ نموونە شێخ لەتیفی كوری شێخ مەحمود باس لەوە دەكات كە شەریف پاشا پەیوەندی كردووە بەشێخ مەحمودەوە داوای لێكردووە كە مافی نوێنەرایەتی كوردی پێبدرێ‌ لەكۆنگرەی پاریسدا، بۆیە شێخ مەحمود دەست دەكات بەكۆكردنەوەی پشتگیری و لایەنگری بۆ شەریف پاشا، مەسبەتەیەك بەعەشایەرەكانی ناوچەكە مۆر ئەكات، رەفیق حیلمی خۆی باس لەوە دەكات كە ئەو مەسبەتەیەیەی بەخەتی خۆی لەماڵی حوكمدار نووسیوە، واتە لەماڵی شێخ مەحمود، ئینجا بەدوو كەسایەتی كە رەشید كابان و سەید ئەحمەدە مەسبەتە دەینێرێ‌ بۆ كۆنگرەی ئاشتی لەپاریس و هەروەها هەوڵێكی تری شێخ مەحمود ئەوە بووە كە نەیویستووە تەنها لەباشووری كوردستاندا پشتگیری بۆ بەدەست بهێنێ‌ و لەرۆژهەڵاتی كوردستانیشی پشتگیری بۆ شەریف پاشا كۆكردەوە، بۆیە نوێنەرێك ئەنێرێ‌ بۆ ئەوەی كە عیزەت مەتفەعی و كەسایەتییەكی تر دەستدەكەن بەكۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ شەریف پاشا و لەوێش دیسانەوە مەسبەتەیەكی تر بەخەڵكی ناوچەكە مۆر ئەكەن، بەڵام ئینگلیز ئاگاداری ئەم هەوڵەی كوردەكان بووە، بۆیە فەرەنسییەكان ڕادەسپێرن كە رێگە لەرەشید كابان و سەید ئەحمەد بگرن، ئیتر لەحەلەب دەستگیر دەكرێن و تەسلیم بەئینگلیزەكان دەكرێن و دەستبە سەر دەكرێن و پاش ماوەیەك رەشید كابان ئازاد ئەكرێ‌، بەڵام سەید ئەحمەد نەفی دەكرێ‌ بۆ ناوچەی بنجام لەكەنداو.
فەرەنسییەكان ئاستەنگیان بۆ دروستكرد
د: ئارام عەلی: ئەوە هەر بۆ خۆی بەڵگەی ئەوەیە شەریف پاشا نوێنەرایەتی خۆی نەكردووە، وەكو ئەو مێژوونووسانە ئەڵێن، بەڵكو پشتیوانییەكی زۆری هەبووە، لەسلێمانی بەزمانی جاران ئەڵێن مەسبەتەیەك كۆكراوەتەوە، شێخ مەحمودی نەمر و سەرۆك خێڵ و كەسانی ناوداری هەموو ناوچەی سلێمانی و كوردسانی رۆژهەڵاتیش ئیمزایان لەسەر ئەو مەسبەتەیە كرد و بەدووكەسدا ناردوویانە بۆ سوریا و لەوێ‌ فەرەنسییەكان رێگەیان نەداوە برۆن، ئاستەنگیان بۆ دروستكردوون.
د. سۆزان كەریم: كۆمەڵێك هۆكار رۆڵی خۆی بینی لەدژایەتی ئینگلیزەكان بۆ هەوڵی كوردەكان، ئینگلیزەكان هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبوون دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ لەناوچەكەدا دروستبێت، چ ئینگلیز و چ فەڕەنسییەكان، چونكە ئەمە لەبەرژەوەندی ئەواندا نەبوو، ئەوان هاتبوون تاوەكو ناوچەكانی كوردستان كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە لەنێوان خۆیاندا دابەشبكەن، بۆیە دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی یان قەوارەیەكی سەربەخۆی كوردی دژ بە بەرژەوەندییەكانی هەریەك لەو دەوڵەتانە دەوەستایەوە، بۆیە ئەمانە بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون پشتیوانی لەدروستبوونی قەوارەیەكی سەربەخۆی كوردی بكەن، بۆیە بەهەموو شێوەیەك دژی بوون، چ لەناو كۆنگرەدا دژی شەریف پاشا وەستانەوە و چ لەهەوڵەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستاندا دژی وەستانەوە و نەیانهێشت سەربگرێ‌.
د. ئارام عەلی: هێندەی من بزانم ئەوە نەبووە پێشتر دیاریبكرێ‌، شەریف پاشا بۆ خۆی كەسێكی چالاك بووە، لەبواری دیبلۆماسی و سیاسەتدا، سەردەمانێكیش باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی بوو لەستۆكهۆڵم، دوای كە كێشە دروستبوو لەگەڵ دەوڵەت و ئینجا لەگەڵ ئیتیحادولتەرەقییەكاندا كەوتە سەر رێبازی كوردایەتی، ئەو دیدو بۆچوونێكی عوسمانیانەی هەبوو، بەڵام دوایی كەوتە سەركەڵكەڵەی سەربەخۆیی. ئەو كاتە خۆی راستەوخۆ پەیوەندی بەدیبلۆماتكاران و سیاسی و خاوەن دەسەڵاتی فەرەنسی و بەریتانی بۆ ئەوەی شتێك بۆ مەسەلەی كورد بكەن، ئەمە دەستپێشخەری و چالاكی خۆی بوو، بەڵام ناكرێ‌ بڵێین بەتەنها خۆی بووە و كەسی لەگەڵ نەبووە، هەندێك لەمێژوونووسەكان بەتایبەت ئەوانەی سۆڤێتی جاران بەو چاوەوە سەیری جەنەراڵ شەریف پاشا دەكەن كە نوێنەری كەس نەبووە، یاخود جاری واهەیە دەڵێن لەگەڵ شاندی توركی یان عوسمانی دا چووەتە ئەوێ‌. بەڵام نەخێر راستییەكەی وانییە، كۆمەڵەی تەعالی كوردستان كە سەید عەبدولقادر سەرۆكایەتی كردووە، لەناوچەی سلێمانی و باشووری كوردستان و زۆربەی ناوچەكانی كوردستاندا پشتیوانی لێكراوە و بەنوێنەری خۆیان داناوە.
 دوو بیرخەرەوەی پێشكەش بەكۆنگرەی پاریس كرد
د.سۆزان كەریم: سودی كورد لەم كۆنگرەیەدا ئەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەكانی ژەنەراڵ شەریف پاشا، ئەو هەوڵێكی زۆری دا لەكۆنگرەی پاریسدا شتێك بۆ كورد بەدەست بهێنێ‌، لەوانە دوو بیرخەرەوەی پێشكەش بەكۆنگرەی پاریس كرد لە 22ی ئاداری 1919دا و لە 1ی ئاداری 1920 هەر یەكێك لەم بیرخەرەوانە كە بەزمانی فەرەنسی پێشكەش كراوە نەخشەیەكی كوردستانی لەگەڵ بووە، لێرەدا شەریف پاشا كۆمەڵێك داخوازی كوردی پێشكەش بەكۆنگرەكە كرد، یەكێك لەو داخوازییانە دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بوو بۆ كورد، دووەهەمین بەتوندی دژی هەوڵی ئەرمەنەكان وەستایەوە لەكۆنگرەكەدا، چونكە ئەرمەنەكانیش داوای دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دەكرد، بەشێك لەو ناوچانەی كە ئەرمەنەكان داوایان دەكرد لەسنووری جوگرافیای كوردستاندا بوو، خرابووە سەر دەوڵەتی ئەرمەن، بەڵام شەریف پاشا نەیهێشت ئەو ناوچەكوردییانە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردبوون بخرێنە سەر دەوڵەتی ئەرمەن. داخوازییەكی تری كورد ئەوە بوو كە بەحوكمی ئەوەی بەشێك لە عەشیرەتە كوردەكان كۆچ و ڕەویان ئەكرد لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر، گەرمیان و كوێستانیان ئەكرد، بۆیە شەریف پاشا داوای ئەوەی ئەكرد هەموو ئەو ناوچانەی عەشیرەتە كوردەكان كۆچی بۆ ئەكەن و سەر بەسنووری جوگرافیای كوردستانە بخرێتە نێو ئەو دەوڵەتەی كە بۆ كورد دروستدەكرێ‌، داخوازییەكی تر لەو بیرخەرەوانەی شەریف پاشا پێشكەشی كرد بریتی بوو لە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ دیاری كردنی سنووری جوگرافی كوردستان.
كوردیش قسەی خۆی كرد
د. ئارام عەلی: من پێم وایە كورد توانی داواكارییەكان بگەیەنێ‌، چونكە ژەنەراڵ شەریف پاشا بۆ خۆی كەسێكی دیبلۆماتكار و زیرەك بوو، لەڕووی سیاسیشەوە بەتوانا بوو، ئەوەمان لەبیر نەچێ‌ خاڵێكی گرنگ هەیە رێككەوتنێك لەنێوان شاندی كوردی و شاندی ئەرمەنیشدا هەبووە كە توانیان ئەو ناكۆكییەی لەنێوان ئەرمینیا و كوردستان هەبووە تاڕادەیەك  چارەسەر بكەن، دوای ئەوە شەریف پاشا میموردوكی پێشكەش كرد كە هەموو خاڵەكان و داواكارییەكانی تێدا بوو، تەنانەت ئەوەش باس دەكات كە چ شارێك كوردییە و دانیشتوانەكەی كوردە و بەناحەق ئەدرێ‌ بە ئەرمینیا، ئەو خاڵانەش هەمووی باس كرابوون، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی بەریتانیا و فەرەنسا و توركیای تازەی تێدانەبوو لەگەڵ ئەو داواكارییانەی كورد ناكۆك بوون، بەهیچ شێوەیەك خاڵەكان جێبەجێ‌ نەكران، بێگومان ئێمە ئەبێ‌ ئەوەش بڵێین كۆنفرانسی ئاشتی پاریس یاخود ئەوەی كە لەدواییدا پەیمانی سێڤەری پێدەڵێن، بۆ یەكەم جارە كورد راستەوخۆ بەشداری بكات و پرسی پێبكرێ‌، وەك وتم چالاكی جەنەڕاڵ شەریف پاشاشی تێدابوو، ئەو سەردەمە كوردیش وەك نەتەوەكانی تر مافیان هەبوو، هەر بۆیە كوردیش بەشداری پێكرا و راستەوخۆ گوێ‌ لەقسەیان گیرا، بەڵام لەهەمان كاتدا بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەش بەتایبەت فەرەنسا و بەریتانیا حیسابی بۆ دەكرا، كاتێ‌ مەسەلەی ویلایەتی موسڵ هاتە پێشەوە، ئەوان كێشەیەكیان هەبوو ئەیانویست ئاستەنگی بۆ دروست بكەن، بۆ ئەوەی مافەكانی كورد بەدی نەیەت بەو شێوەییەی كورد دەخوازێ‌.
ناكۆكی ناوخۆ هۆكارێكی شكستی كوردبوو
د. سۆزان كەریم: كۆمەڵێك هۆكار هەبوون وایان كرد هەوڵەكانی شەریف پاشا و كورد لەم كۆنگرەیەدا شكست بهێنێ‌، بەداخەوە دووبەرەكی و ناكۆكی ناوخۆیی هۆكارێكی شكست پێهێنانی كوردبوو، وەك چۆن هەمیشە ململانێی دووبەرەكی كورد هۆكارێك بووە بۆ شكست، كۆمەڵەی تەعالی كوردستان لەو سەردەمەدا بەهۆی ململانێی ناوخۆیییەوە دابەشبوون بۆ دووبەرە، بەرەیەكیان پشتیوانی لەهەوڵەكانی شەریف پاشا ئەكرد و پێیان وابوو كورد ئەبێ‌ مافی سەربەخۆیی خۆی بەدەست بهێنێ‌ و پشتیوانییان لەداواكاری شەریف پاشا دەكرد، كە بریتی بوو لەبەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی، بەرەكەی تریان كە جەللادەت بەدرخان سەرۆكایەتی ئەكرد ئەمانە داوای مافی چارەی خۆنووسین یان دروستبوونی دەوڵەتێكی ئۆتۆنۆمی لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی ئەكرد، ئەمە وای كردبوو ململانێ‌ لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا دروست بێت و هۆكارێك بێت بۆ شكسپێهێنانی هەوڵەكانی كورد، جگە لەوە پێش ئەمەش شێخ عەبدولقادری شەمزینی و جەللادەت بەدرخان لەهەوڵێكدا بوون بۆ پێكهاتن لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا، ئەو كاتە سەدری ئەعەزەم كە لەبەرژەوەندی نەبوو دەوڵەتێكی كوردی لەناوچەكەدا دروست ببێ‌، كۆمەڵێك هەوڵیدا، لەوانە بانگێشتی كوردەكانی كرد بۆ توركیا و پێی گوتن جیابوونەوەی كورد باش نییە، كوردو تورك هەمیشە برابوون و هاوئاینن و پێویستە داوای مافی سەربەخۆیی نەكەن. بەڵێنی پێدابوون كە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ كوردەكان دروستبكات، بەڵام دواتر بەهۆی گۆڕینی سەدری ئەعەزەمەوە لەو سەردەمەدا كە فەرید پاشا بوو بەسەدری ئەعەزەم ئیتر هەوڵەكە شكست ئەهێنێ‌ و داخوازییەكانی كورد پشتگوێ‌ ئەخرێ‌ و یەكێكش لەوانە جێبەجێ‌ ناكرێ‌. جگە لەوە لەدوای مۆركردنی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئەرمەنەكاندا كە ئەمەش كارێكی تری شەریف پاشا بوو لەساڵی 1919 پەیماننامەیەكی ئاشتیان مۆركرد، كە تێیدا دان بەوەدا نرابوو  كورد وەكو نەتەوە بەشدارنەبووە لەقڕكردنی ئەرمەنەكاندا كە پێشتر لەسەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدا هەوڵی قڕكردنی ئەرمەنەكان درابوو، بۆیە پەیماننامەیەكی ئاشتیان مۆركرد و ئاشتبوونەوەیەك لەنێوان كورد و ئەرمەندا دروستبوو، دانپێدانانێكی مێژوویش بوو بۆ كورد كە وەكو نەتەوە لەقڕكردنی ئەرمەنەكاندا بەشدارنەبووە، ئەم رێككەوتننامەیە جێی ناڕەزامەندی بەشێك لەكوردەكان بوو، بۆ نموونە شێخ عەبدولقادری شەمزینی لەدوای مۆركردنی ئەم رێككەوتننامەیە لەرۆژنامەكانی توركیادا زۆر بەخراپە باسی ئەم رێككەوتنەی كرد و ناڕەزایی خۆی لەسەری دەربڕی.
د.ئارام عەلی: ئەوە كێشەیەك بوو لەدیدو بۆچوونی سیاسییەكانی كورددا لایەنێكی سەربەخۆخواز هەبوو كە زیاتر خوێندەوار و رۆشنبیرەكانی كوردبوون لەنێوان شەریف پاشا و كوڕانی یان نەوەكانی  بەدرخانییاندا، بەڵام لەبەرانبەردا سەید عەبدولقادر كە كوڕی شێخ عوبێدوڵڵای نەهرییە ئەو زیاتر دیدێكی ئیسلامی هەبوو، باوەڕی وابوو كە ئۆتۆنۆمی بدرێ‌ بەكورد لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا، ئەمە هەر زوو بوو بەكێشەیەك لەنێوان سیاسییەكانی كوردستان و كۆمەڵەی تەعالی كوردستان و رۆشنبیرەكان، ئەگەرچی لەپێشەوە كۆمەڵەی تەعالی كوردستان پشتیوانی شەریف پاشایان دەكرد، بەڵام كە گفتوگۆ لەسەر ئەوە دروست بوو مەسەلەی ئۆتۆنۆمی لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا ئەوە تەنانەت وای كرد كە شەریف پاشا كە بەپێی هەندێك سەرچاوە كوتوپڕ وەكو هەڵوێستێك، وەك توڕەبوونێك وازی لەنوێنەرایەتی هێنا.
كەمالییەكانیش رازی نەبوون كورد سەربەخۆیی بەدەستبهێنێ‌
د. سۆزان كەریم: ئەمانە هۆكارێك بوون وای لەشەریف پاشا كرد بێومێدبێ‌ لەهەوڵەكانی كۆنگرەی ئاشتی پاریس، هۆكاری دەرەكیش هەیە و رۆڵی خۆی بینیوە، بۆ نموونە هەوڵەكانی دەوڵەتی عوسمانی، دەوڵەتی عوسمانی ئەو سەردەمە بەشێكی یەكجار كەمی ئەستەنبوڵ و ناوچەكانی دەوروبەری بەدەستەوە مابوو، دژی ئەوە بوو بەشێكی تر لەخاكی كورد لەسەر ئەم دەوڵەتە نەمێنێ‌ و جیاببێتەوە. ئەمە لەبەرژەوەندی دەوڵەتی عوسمانیدا نەبوو، هەروەها هەوڵێكی تر هەر لەنێودەوڵەتی عوسمانیدا كە ئەو سەردەمە كەمالییەكان تازە سەریان هەڵدابوو، ئەمانیش بەهەمان شێوە لەبەرژەوەندیاندا نەبوو كوردەكان دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان ڕابگەیەنن و پارچەیەكی تر لەدەوڵەتی عوسمانی جیاببێتەوە ببێت بەدەوڵەتێكی سەربەخۆ. بۆیە ئەم هەوڵانە هۆكارێك بوون لەشكست هێنانی كوردەكان، جگە لەوە رۆڵی وەڵاتە زلهێزەكانی ئەو سەردەمە بەتایبەتی بەریتانی و فەرەنسا رۆڵی تەواوی خۆیان گێڕا بۆ ئەوەی كورد شكست بهێنێ‌.
د.ئارام عەلی: داواكاری كورد بێگومان وەكو نەتەوەكانی تر سەربەخۆیی بوو جا نابێ‌ ئەوەمان لەبیر بچێ‌ لەكوردستاندا جگە لەوەی هەر لەسەرەتای سەدەی بیستدا خەباتی رزگاری خوازی دەستی پێكردبوو، خەباتی رێكخراوەیی سیاسی و رۆشنبیریش دەستی پێكردبوو، توێژێكی تازەی كورد هاتنە پێشەوە بەپێچەوانەی جارانەوە كە میر و میرزادە و بەگ و ئاغاكان، ئەمانە زیاتر خەڵكانی رۆشنبیر و خوێندەواربوون،  بێگومان ئەو ڕاگەیاندنەی وێڵسۆنی سەرۆكی ئەمریكا كە لەچواردە خاڵ پێك هاتبوو هاندانێكی زۆری تێدابوو بۆ كورد، چونكە لەخاڵی دوانزەهەمدا باسی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەكانی بن دەستی عوسمانی دەكات، ئەمە بەگشتی كوردی هاندابوو بۆ ئەوەی ئەوانیش وەكو نەتەوەكانی تر بیر لەوە بكەنەوە سەربەخۆیی بەدەست بهێنن.
د.سۆزان كەریم: كورد لەكۆنگرەی ئاشتی پاریسدا هەوڵی زۆریدا تاوەكو هەرچۆنێك بێت مافێك بەدەست بهێنێ‌، جا ئەو مافە مافی سەربەخۆیی بێت یان مافی ئۆتۆنۆمی بێت، تاكە هاندەر وەكو باسم كرد ئەو بەڵێنانەبوو كە دەوڵەتە داگیركەرەكان لەدوای داگیركردنی دەوڵەتی عوسمانی بەگەلانی ژێر دەستەی ناوچەكەیان دابوو، لەوانە سەرۆكی ئەمریكا بوو كە ئەو بەندانەی راگەیاند، یەكێك لەبەندەكان جەختی لەسەر مافی سەربەخۆیی چارەنووسی نەتەوە        ژێر دەستەكان ئەكردەوە، كوردیش ئەمەی بەهەل زانی بۆیە لەسەر ئەم بەندە كاری كرد و لەكۆنگرەی ئاشتی پاریسدا هەوڵەكانی خۆی خستەگڕ بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ هەر بۆیە ئەمە لەئەنجامدا پەیمانی سیڤەری لێ‌ كەوتەوە كە لەسێ‌ بەنددا توانیان دان بەسەربەخۆیی كوردستاندا بنێن، بەڵام دواتر بەهاتنەسەر كاری كەمالییەكان، ئەم هەوڵە هەڵوەشێنرایەوە و لەجیاتی ئەوە پەیمانێكی ترمۆر كرا كە پەیمانی لۆزان بوو.
پرسی كورد بێت لەساحەیەكی گەورەتردا
د.ئارام عەلی: تەناسولەكە ئەوەبوو كورد لەمەحەفەلێكی نێودەوڵەتیدا لەناو سەرۆك و سەرۆك وەزیر و وەزیرەكانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەدا بتوانێ‌ دەنگی هەبێ‌، لەوانەیە ئەوەبێ یاخود ناساندنی مەسەلەی پرسی كورد بێت لەساحەیەكی گەورەتردا، بەندی شەست و دوو و شەست و سێ‌ و شەست وچوار باسی پێدانی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردی تێدابوو كە دوای ساڵێك كورد بتوانێ‌ سەربەخۆیی بدەستبهێنێ‌، ئەو سێ‌ چوار خاڵە زیاتر پەیوەندی بەكوردەوە هەبوو، بەڵام من خۆم پێموایە زۆر كەمتربوو لەخواستی كورد بەحساب ئەو مافانەی كە دەدرا بەكورد بەشێكی زۆر كەمی كوردستان بوو، ئەوەی كە پێی ئەوترێ‌ كوردستانی ناوەند، ئەكەوێتە نێوان باشووری كوردستان و باكووری كوردستانەوە، مەبەستم پارچەی عیراق و پارچەی نزیك توركیا هەر ئەو ناوچەیەی گرتەوە، بەشی زۆری كوردستان درا بە ئەرمینیا كە بەحیساب بۆ ئەرمینیاش دەوڵەتێك دروست بكرێت، بەڵام لەوانەیە هەر شتێكی خراپ نەبووبێ‌ كورد لەژێر دەستەیی رزگاری ببێت، كە لەدوای نەمانی میرنشینەكانەوە هەر ژێر دەستەی دەوڵەتی عوسمانی بووە، بتوانێ‌ حسابێكی بۆ بكرێ‌ و قەوارەیەكی هەبێ‌، ئەوە دەستكەوتێكی خراپ نەبوو، بەڵام ئێمە زیاد لەپێویست شتەكەمان گەورە كردووە.

ئەم كۆنگرەیە بەشێوەیەكی گشتی لەقازانجی وڵاتە زلهێزەكاندا بوو
د.سۆزان كەریم: بە پلەی یەكەم قازانجی ئەم كۆنگرەیە بۆ دەوڵەتە زلهێزەكان بوو، چونكە لەم كۆنگرەیەدا كۆمەڵەی گەلان دروستكرا بۆ چەسپاندنی ئاشتی بەسەر وڵاتاندا هەروەها چارەسەركردنی كێشەی وڵاتەكان بەتایبەتی وڵاتە داگیركراوەكان، بەڵام دەبینین ئەم كۆمەڵەیە دواتر شكست ئەهێنێ‌ و ناتوانێ‌ هیچ یەكێك لەو كێشانەی كە خرایە بەردەمی ئەم كۆمەڵەیە چارەسەری بكات، بەپێچەوانەوە یەكێك لەو كێشانەی كە خرایە بەردەمی ئەم كۆمەڵەیە كێشەی ویلایەتی موسڵ بوو لەساڵی 1925دا، كە بەزەرەری كورد كۆتایی هات، ویلایەتی موسڵ لەساڵی 1925 دا ئەخرێتە سەر عێراق، ئەم كۆنگرەیە لەچارەسەر كردنی ویلایەتی موسڵدا شكستی هێنا، ئەتوانین بڵێین ئەم كۆنگرەیە بەشێوەیەكی گشتی لەقازانجی وڵاتە زلهێزەكاندا بوو، جا ئەم كۆنگرەیە نەك هەر لەچارەسەركردنی مافی نەتەوە ژێر دەستەكان شكستی هێنا، بەڵكە لەرازی كردنی دەوڵەت زلهێزەكانیش شكستی هێنا، واتە پێش ئەوەی كۆنگرەكە ببەسترێ‌ ئەمان چارەنووسی ئەو ناوچانەیان بۆ خۆیان یەكلایی كردبووەوە و بەسەرخۆیاندا دابەشیانكردبوو، بۆیە بەستنی كۆنگرە هیچ شتێكی لەو راستییە مێژووییە نەگۆڕی و لەدوای كۆنگرەكەش ئەوان بەردەوام بوون، ئینتیدابی خۆیان سەپاند بەسەر ناوچە داگیركراوەكانی دەوڵەتی عوسمانی.
د.ئارام عەلی: زۆرجار وا باس دەكرێ‌ كە ئەم دابەشكردنەی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر بناغەی سایكس پیكۆیە، ئەگەرچی پەیمانی سێڤەر لەسەر بناغەی سایكس پیكۆیە، بەڵام دەكرێ‌ بڵێین زیاتر دابەشكردنەی كوردستان بووە، وڵاتانی سەركەوتووی جەنگ بەفیعلی كەوتنە دابەشكردنی دەوڵەتی عوسمانی كە كوردستانیشی گرتبووە، دەكرێت بڵێین لەئەنجامی كۆنفرانسی پاریس بوو نەك سایكس پیكۆ، ئێمە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و ئەو دیكۆمێنتانە بەكاربهێنین، چونكە سیفەتێكی فەرمی و نێودەوڵەتی هەیە، سیاسیەكانی ئێمە دەوانن سوود لەو مەسەلەیە وەربگرن، بەس بەڕای من تا ئێستا لەسەر ئەو مەسەلەیە توێژینەوەی زۆر گەورە نەكراوە، پێویستە مێژوونووسەكان لەوبوارەدا توێژینەوەی زیاتر بكەن و هەموو دیكۆمێنتەكان بخەنە بەر دەست. بەگشتی ئێمە تا ئێستا مێژووی خۆمان نەنووسیوەتەوە، واتە ئەوەی تا ئێستا هەیە لەسەرچاوە بیانییەكانەوە وەرمانگرتووە، خۆمان راستەوخۆ كارمان لەسەری نەكردووە، ئیتر ئەمە كەمتەرخەمی خۆمان بێت یان لەناهۆشیاری بێت، زۆر بایەخمان بەمێژووی نووسراوی خۆمان نەداوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved