10/12/2019 11:15 AM

چەند تایبەتمەندی کەسایەتییە بەهێزەکان

ئەو کەسانەی کە لەبواری دەروونییەوە بەهێزن، بەم هێزەوە لەدایک نەبوون. ئەم کەسانه بەڕاهێنانی خۆیان، بوون بە خاوەنی کۆمەڵێک لێهاتوویی کە یارمەتیان ئەدات هەست و هزر و ئاکاری خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن. لە درێژەدا لەگەڵ هەندێک لەو تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە کەسانە ئاشنا ئەبین.

ئامانجەکانیان دیاری ئەکەن
کەسانی ورەبەرز بەتەوەزەلی ژیان ناکەن. گرنگ نییه بەتەمان زمانێکی نوێ فێر ببن یان ئەوەیکە کێشیان دابەزێنن. ئەم کەسانه بەردەوام خۆیان ئەخەنه ژێر پەسیارەوە بۆ ئەوەی بابەتی نوێ فێر ببن و دەسکەوتەکانیان بگەیەننە ئاستێکی بەرزتر.

ئاگایان لە خۆیانە
هەندێک کەس لایان وایە ئەوەیکە ئاگات لە خۆت بێ نیشانەی لاوازبوونە. بەڵام کەسانی ورەبەرز بۆ ئەوەی بتوانن هەوڵی جیددی بدەن ئەبێ خۆیان شەحن بکەنەوە. بەڕای ئەم کەسانه زوو خەوتن و زوو هەستان و گەشتوگوزار نەک لەدژی دەستبەرکردنی کەسایەتییەکی بەهێز نین، بەڵکوو گەیشتن بەم ئامانجه ئاسانتر ئەکەنەوە.

سنوورەکانیان دیاریکراوە
کەسانی ورەبەرز بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام دەروونی خۆیان بەهێز راگرن ئەبێ کۆمەڵێک سنوور و هێڵی سووریان هەبێ. ئەم کەسانه بۆ پاراستنی کات، پارە و تەندروستیی دەروونیان داوای لێبوردن لەکەس ناکەن. ئەم کەسانه بەپێی بەها و پرەنسیپەکانی خۆیان ئەجووڵێنەوە و ژیان ئەکەن و بۆ ئەم کارەش هەموو داخوازییەک لە دەوروبەریانی خۆیان قەبووڵ ناکەن.

 

کات بۆ تەنهاییەکانی خۆیان تەرخان ئەکەن
کەسانی ورەبەرز ترسیان لە ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان نییه، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتیش بۆ تەنیایی خۆیان تەرخان ئەکەن. ئەم کەسانه لایان وایه تەنیایی ئەتوانێ هەلێک بێت بۆ ناسینی زیاتری خۆت. بۆ ئەوەی بتوانی خاڵی بەهێز و لاوازەکانی خۆت باشتر ببینیت.

 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved