17/12/2019 01:34 PM

نەخوێندەواری، دەردە کورد!

خوێندەواری، هەست و زانیاری هەمیشە بەرهەمی زانکۆ و قوتابخانه نییە. دەستەبەرکردنی ناسین خۆی پێویستی بەناسین هەیه. واته تاک ئەبێ بگاته ئاستێک کە بەرەو ناسین بڕوات. هیچ ناسینێک بەهەڵکەوت روو نادات و بەمیرات بەکەس نەبڕاوە. هەر بۆیه خوێندەواری بەرهەمی خواست و ویسته نەک میراتی رابردوو.
نەتەوەی نەخوێندەوار، نەتەوەیەکە بەڕێوبەرییەکەی ئاسانترە. نەتەوە بە نەخوێندەواری لەدایک نابێت، بەڵکو بەرهەم دێت. لەم سەردەمەدا زۆرینەی مرۆڤەکان لانیکەم خولی دواناوەندیان تەواو کردووە و حکومەتەکان هەوڵ ئەدەن هاووڵاتیان لانیکەم لە خوێندنەوە و نووسیندا شارەزاییەکی سەرەتاییان هەبێت. ئێوە پێویستتان بەوە هەیه کە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باش بڕۆنه زانکۆ و بەهۆی ئەو بڕوانامەیەی وەری ئەگرن پیشەیەک پێکەوە بنێن. ئەگەرچی لەئێستادا پارە و ناوبانگ بەئاراستەی زانکۆدا ناڕۆن و "بیل گەیتس" و "هۆندا" و زۆر کەسی دیکە ئەم بابەتەیان بۆ ئێمه سەلماندووە.
زۆرکەس ماستەر و دوکتۆرایان هەیه بەڵام دواجار هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ نەخوێندەوارانی گوندێکی دوور دەست نییه. ئەم کەسانه هەندێک جار ئازارت ئەدەن تەنانەت ئەگەر یەک خولەک لات بن. زۆرن لەو پزیشکە پسپۆڕانەی کە پارەی چرچ و لۆچ لە کابرایەکی هەژار وەردەگرن و باجیش بە حکومەت نادەن. زۆرن لەو پزیشکانەی کە پرۆسەی "نەخۆش سازی" بەڕێوە ئەبەن و بێ ئەوەی پێویست بێ عەلاگەیەک دەرمان بەم کابرا هەژارە ئەکڕن و پاشان داهاتەکەی لەگەڵ دەرمانخانەکان دابەش ئەکەن.

نەخوێندەواری مۆدێرن نموونەی زۆرە. ئەوەی کە لەم رۆژگارەدا کە کەم ئاوی مەترسییەکی جددیه دەرگاوبان و نیوەی گەڕێکێک بخووسێنیت، نەخوێندەواری مۆدێرنه. ئەوەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها بۆته شوێنی خۆنواندن، جنێودان و یەکتر سووک کردن، نەخوێندەواری مۆدێرنه. ئەوەی کە هەمووان کەم خەون و ئەگەر رۆژێک پۆستێک لە فەیسبووک دانەنێ شەو خەوی لێ ناکەوێ، نەخوێندەواری مۆدێرنه.


نەخوێندەواری مۆدێرن واتە ئەوەی تەنانەت یەک گەشتیاری بیانی رووی لەشارەکەت نەکردبێ، بەڵام پڕ بێت لەم جۆرە تابلۆیانه: OFF، DISCOUNT، AUCTION، COMING SOON!. کە لێیان ئەپرسی کاکه بۆ بەکوردی ناینووسی وەڵام ئەدەنەوە: بەم شێوەیە جوانترە. کاتێکیش لێیان ئەپرسی بۆچی لە لەنەدەن و پاریس و نیۆرک یەک تابلۆش بە زمانی کوردی نەنووسراوە تەنها سەیرت ئەکەن و هیچ وەڵامێکیان نییه...
ئەم قسانه و زۆر گلەیی و گازندەی دیکە روویان لە کۆمەڵگای ئێمەیه و ئەبێ ئێستا بیر لە چارەسەر و چاکسازی بکەینەوە و لەم نێوەندەدا هیچ چارەسەرێک باشتر و کاراتر لە خوێندەواری نییه، بەڵام نەک بەو جۆرەی باسمان کرد.
هێمن موکریانی ئەڵێ:
دەرکە بشکێنە، پەچە بدڕێنه راکە مەدرەسە
چاری دەردی کوردەواری خوێندنە هەر خوێندنە

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved