26/12/2019 02:09 PM

دڵەراوکێی مناڵی ئەبێتە هۆی خەمۆکی لەگەورەساڵیدا

سەردەمی مناڵی گرنگترین کاتی دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤە. بەپێی دوایین توێژینەوەکان بوونی سترێس لەم سەردەمدا ئەتوانێ مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی لە گەورەساڵیدا بەرز بکاتەوە. لەم توێژینەوەیەژدا هەندێک مشکیان تووشی دڵەڕاوکێ کرد. بە هەڵکشانی تەمەنی مشکەکان، هەندێک نیشانەی خەمۆکی لەم مشکانەدا بەدی کرا. 
توێژەران لەسەر ئەو بڕوایەن دڵەڕواکێی ساڵە سەرەتاییەکانی ژیان، ئەبێته هۆی بەرزبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە ئازارە دروونییەکان و هۆکاری ئەم بابەتەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاڵوگۆڕەی وا لە "DNA"ـدا روو ئەدات، کە لەگەڵ گۆڕانی خووخدەی کەسەکان و تووشبوون بەخەمۆکی لەپەیوەندیدایە. 
بەرپرسی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە، دوکتۆر "کاترین پنیا" لە نەخۆشخانەی "مۆنت سینا"ـی نیۆرکەوە لەم بارەیەوە ئەڵێ: لەم توێژینەوەیەدا، مۆلکۆلە بنەڕەتییەکانی ئەم مشکانەمان دایە بەر تاقیکردنەوە و تێگەیشتین هەندێک گۆڕان لە سەرەتای لەدایکبوون و پاشان تووشبوون بەخەمۆکی لە گەورەساڵیدا خۆی نیشان دا. 
توێژەرانی بنکەی توێژینەوەی "مۆنت سینا"، مشکە 10 رۆژە و 20 رۆژەکانیان تووشی دڵەڕاوکێ کرد و رادەی پرۆتینی Otx2ـی خوێنیان بەرز کردەوە. ئەم پرۆتینە بەرپرسی رێکخستنی "جین"ـێکە کە ئەبێته هۆی گەشەکردنی مێشک، چاو، گوێچکە، زمان، پێست و لووت. 
کاتێک مشکەکان گەشەیان ئەکرد، هەندێک لە جینەکان رەوتی ئاسایی و سروشتی خۆیان تێپەڕ ئەکرد بەڵام "DNA" هەندێکیان لەکاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سترێس و دڵەڕاوکێ تووشی گۆڕان ئەبوو. دوکتۆر "پینا" ئەڵێ: توێژینەوەکەی ئێمه ئەو ملۆکۆلە بنەڕەتیانە دەستنیشان ئەکات کە پەیوەندییان بە سترێسەوە هەیه و لەگەورەساڵیدا لە چوارچێوەی خەمۆکیدا وڵامی ئەو سترێسە ئەدەنەوە. دوکتۆر "نێلستەر"ـیش گوتی: ئەم سەرچەشنە لە مشکەکاندا، دەلاقەیەکی بەڕووی زۆرینەی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە کردۆتەوە. 
ئەنجامی ئەم توێژینەوەیه، کۆمەڵێک دەرمان بۆ لەناوبردنی سترێسەکانی سەردەمی مناڵی ئەخاتە بەردەستی توێژەران. 

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved