29/12/2019 04:05 PM

مرگی سەیرەسەمەرەی "هیراکلیتووس"

فەیلەسووفی یۆنانی هیراکلیتووس، نازناوی سەیرەسەمەرەی هەبوو. تاقمێک پێیان ئەگوت "تاریک"، چون بیروڕای گوماناوی هەبوو، دەستەیەک پێیان ئەگوت "فەیلەسووفی خەمبار" چونکە حاڵەتێکی مالیخولیایی بوو. هیراکلیتووس بەهۆی قسە سەرنجڕاکێشەکانیەوە ناوبانگی هەبوو. ئەو ئەیگوت ناکرێ دوو جار لە رووبارێکەوە تێپەڕ بیت. ئاو بەردەوام لە جووڵانەوەدایە. کەوابوو کاتێک بۆ جاری دووەم قاچ بخەیتە رووبارێکەوە، ئاوەکان گۆڕاون.
چیرۆکی مەرگی ئەم بیرمەندە گەورەیە زۆر سەیروسەمەرەیە. هیراکلیتووس حەزی لە هاونشینی مرۆڤەکان نەبوو و هەر بۆیە بەرەو شاخەکان رای ئەکرد. هیراکلیتووس گیاوگژی ئەخوارد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی ببێت و بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ شار. یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ ئەم نەخۆشییە ئەوە بوو کە خۆی پەیناوی بکات بۆ ئەوەی ژەهرەکان لە جەستەی بڕۆنە دەرەوە.
ئالێرەدا بوو کە هەموو شتێک ئاڵۆز و ناروون بوو. سێ بیروبۆچوون سەبارەت بە مەرگی هیراکلیتووس لەئارادایە. هەندێک ئەڵێن لەژێر ئەو گشتە پەینەدا خنکاوە، تاقمێک ئەڵێن هیرالکلیتووس بەهۆی مانەوەی لەژێر تیشکی خۆردا بۆ ئەوەی پەینەکان وشک ببنەوە گیانی لەدەست داوە. دەستەیەکیش ئەڵێن کە جەستەی وەها بە پەین داپۆشرابوو کە دیار نەبوو و هەر بۆیە سەگ قەپی لێ گرتووە و خواردوویەتی.
دوایین بۆچوون مشتومڕی دروست کرد. ئایا سەگ حەزی لە خواردنی پەینی مانگایە؟ ئەم پرسە لەگەڵ عەقڵ ناگونجێت، بەڵام لەڕاپۆرتی مەرگی هیراکلیتووسدا پەیوەندییەکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە بیروبۆچوونەکانی هیراکلیتووس و ئەم چیرۆکە ئەبیندرێت. بۆ نموونه ئەو گوتبووی :تەرمەکان  بەنسبەت پەین بایەخی زیاترە بۆ گواستنەوە.
هیراکلیتووس لە پزیشکان بێزار بوو و ئەم چەشنە مەرگە سەیرەسەمەرەیە تانە و تەشەرێک بوو بۆ ئەم تاقمە. ئەو لە شوێنێکی دیکەدا ئەڵێ: سەگ بە کەسێک ئەوەڕێ کە نەیناسێت. ئەکرێ ئەم قسەیە بەم جۆرەش بخوێنینەوە کە سەگ کەسی نەناسیاو ئەخۆن، چونکە ئەو بڕیاری دابوو خۆی لەژێر پەینەکاندا حەشار بدات. هەروەها سزای لەتوکوت بوون لەلایەن سەگەوە بەسەر کەسێکدا ئەسەپا کە دژایەتی دین و ئایینیان ئەکرد.
ئەم فەیلەسووفە یۆنانییە بەهۆی ئەوەی لەخەڵک بێزار بوو دوژمنێکی یەکجار زۆری هەبوو و پاش مەرگی زۆربەی قسه و وانەکانیان بەلاڕێدا برد.

 

سەرچاوە: listverse

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved