1/1/2020 03:43 PM

بابانۆئێل کێیه؟

کاتێک باسی کریسمەس و ساڵی نوێی زایینی ئەکرێت یەکەم شت کە دێتە زەینمانەوە بابانۆئێلە، واته پیاوێکی ریش سپیی سوورپۆشی تاڕادەیەک قەڵەو کە باوشێک خەڵاتی جۆربەجۆری پێیه. بەڵام بابانۆئێل کێیه؟ ئایا ئەم کەسایەتییه راسته یان ئەفسانەییه؟ لەدرێژەدا زیاتر ئەم بابەتە روون ئەکەینەوە.
بابانۆئێل یان هەمان "سانتا کلاوس/ کلاوسی پیرۆز" لەسەرەتاوە ئەم پیاوە ریش سپییه سوورپۆشە نەبوو. وەک باس ئەکرێت لە سەدەی چوارەم لە یۆناندا پیاوێک بووە کە ناوی "نیکۆلاسی پیرۆز" بووە و بە خەڵات کردنی خەڵک ناوبانگی بووە.
بەپێی بڕوای هۆڵنداییەکان، سەنت نیکۆلاس هەموو ساڵێک لەناوەڕاستەکانی مانگی نۆڤەمبەردا کڵاوێکی سووری ئەکردە سەر و بە بەلەمێکی پڕ لە خەڵاتەوە ئەهات بۆ هۆڵەندا و بەسواری ئەسپێکی سپی ئەم خەڵاتانەی بەناو خەڵکدا بڵاو بەکردەوە. بەتێپەڕبوونی کات وێنەی سەنت کڵاوس بوو بەو بابانۆئێلەی ئێستا کە عارەبانەیەکی پڕ لە خەڵاتی پێیە و کۆمەڵێک کەڵەکێوی رایدەکێشن.
نەریتێکی پەیوەندیدار بە کەسایەتی بابانۆئێل، هەڵواسینی گۆرەوەییه بەلای سۆبەوە. بەپێی ئەفسانەکان، نیکۆلاسی پیرۆز کە بینی پیاوێکی ژن مردوو بەهۆی هەژارییەوە نیگەرانی بەشوودانی کچەکانیەتی، شوێنی ژیانیانی دۆزییەوە و بە لوولەی سۆبەکەدا هاته ناو ماڵەکەیان و کاتێک گۆرەوی کچەکانی بینی کە بەلای سۆبەکەدا هەڵواسراون، بۆی پڕ کردن لە ئاڵتوون و ئەو خێزانە بەیانی کە لەخەو هەستان بەبینینی ئەم دیمەنە شاگەشکە بوون. ئەم نەریتە لەئێستاشدا لەناو مناڵانی کرستیانیدا باوە و گۆروییەکانی خۆیان هەڵئەواسن و ئەخەون بۆ ئەوەی بابانۆئێل بێت و بۆیان پڕ بکات لەخەڵاتی جۆربەجۆر.
بەڵام ئەم وێنه گشتییەی بابانۆئێل کە ئێستا خەڵک لە زەینیاندایە ئەگەڕێتە بۆ کاری دیزاینەرێکی کۆمپانیای "کۆکاکۆلا" کە داوایان لێ کردبوو بۆ رێکلامەکانی خۆیان وێنەیەکی بابانۆئێل بکێشێتەوە. تا بەر لەم وێنەیە، وێنەیەکی سەقامگیر و ئەوتۆ لە بابانۆئێل لەئارادا نەبوو.

 

سەرچاوە: rd ،rd

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved