12/1/2020 02:25 PM

چەند خاڵی گرنگ سەبارەت بە جلوبەرگی ژێرەوەی خانمان

جلوبەرگی ژێرەوە رۆڵێکی گرنگی لە تەندروستیی خانماندا هەیە و لەوانەیە زۆر کەس لەم گرنگییە ئاگادار نەبێت. دیارە بەگشتی سەبارەت بەم بابەتە کەمتر قسە ئەکرێت، بەڵام ئەمە هیچ لەگرنگی بابەتەکە کەم ناکاتەوە. لەدرێژەدا هەندێک خاڵی گرنگ سەبارەت بەم بابەتە ئەخەینە روو.

مەتریالی سروشتی
لەوانەیە زۆر جار گوێبیستی ئەم قسەیە بووبێتن کە واباشە لەو جلوبەرگانە کەڵک وەرگرین کە لەمەتریالی سروشتی بەرهەم هاتوون. ئەم قسەیە دەربارەی جلوبەرگی ژێرەوە سەتاسەت راستە و هیچ گومانی تێدا نییە. مەتریالی سروشتی بەباشی شێ و شلەمەنییەکان هەڵئەمژێ و تەندروستی جەستە گەرانتی ئەکات.

هەموو رۆژێک جلوبەرگی ژێرەوە بگۆڕن

هەندێک لە پزیشکان ئەڵین ئەگەر زۆرتان عارەقە نەکردبێتەوە ئەتوانن ئەم کارە دوو رۆژ جارێک ئەنجام بدەن. بەڵام دوکتۆر "کلی جۆنز" ئەڵێ: ئەگەر بەهۆی کۆبوونەوەی شێ و شلەمەنی هەستتان بە ئازار کرد، واباشە هەموو رۆژێک جلوبەرگی ژێرەوە بگۆڕن. هەستیار بوونی پێست و خوارنی پێست بەشێکن لە دواهاتەکانی نەگۆڕین یان درنگ گۆڕینی جلوبورگی ژێرەوە.

شەوانە بەبێ جلوبەرگی ژێرەوە بخەون
سەبارەت بە پۆشین و نەپۆشینی جلوبەرگی ژێرەوە لەکاتی خەودا جیاوازیی بیروڕا هەیە. بۆ ئەو کەسانەی کە جەستەیەکی تەندروستیان هەیە هەر دوو حاڵەتەکە کێشەی نییە. بەڵام ئەو کەسانەی کە جەستەیان تووشی هەوکردن بووە، بەڕووتی خەوتن بەسوودترە. دۆکتۆر "جۆنز" ئەڵێ: "من لەسەر ئەو بڕوایەم ئەندامی زاوزێ هاوشێوەی باقی ئەندامەکانی جەستە ئەبێ هەوا لێی بدات". ئەگەر ناتوانن بەڕووتی بخەون لانیکەم بیجامەیەک بکەنە بەرتان.

جلوبەرگی ژێرەوە بەسابوونی دژە هەستیاری بشۆن

جلوبەرگی ژێرەوە نزیکایەتی راستەوخۆی لەگەڵ جەستە هەیە، کەوابوو ئەبێ بەباشی پاک بکرێتەوە. بەپێی قسەکانی دوکتۆر "جۆنز" ئەو سابوونانەی کە دژە هەستیارین باشترین بژاردەن بۆ پاککردنەوەی جلوبەرگی ژێرەوە.

 

سەرچاوە: healthline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved