15/1/2020 10:15 PM

گەرمیان.. سەنتەرێكی بینین بۆ نەخۆشییەكانی چاو دەكرێتەوە

بە ئامادەبوونی (هیرش فەیزوڵا) نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قائیمقامی قەزای كەلارو ژمارەیەك لە بەڕیوەبەرانی دەزگاو دامەزراوە حكومییەكان و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی (سەنتەری بینین بۆ نەشتەرگەری چاو) لە نەخۆشخانەی لایفی تایبەت لە كەلار كرایەوە.

لە وتەیەكدا هێرش فەیزوڵا رایگەیاند: ئیدارەی گەرمیان پاڵپشت و پشتیوانی ئەمجۆرە هەنگاوانەیەو پێشوازی لێدەكەین، ئامادەیی بەڕێوەبەرایەتيیە رەسمییەكانی حكومەتی خۆجێی گەرمیانیشی دووپاتكردەوە بۆ هەماهەنگی و هاریكاری لەگەڵ كەرتی تایبەت بە ئاراستەی خزمەتكردنی خەڵكی گەرمیان بەجۆریك لە چوارچێوەی یاساو رینماییە رەسميیەكاندا بێت.

دواتر بەڕیوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان باسی لە هەنگاوەكانی حكومەتی هەریم كرد لە بابەتی خزمەتگوزاری تەندروستیداو رایگەیاند: كەرتی گشتی بەتەنها ڕەنگە نەتوانێت تەواوی بۆشاییەكان لەكۆی سێكتەرەكان پربكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی هەریم لە بەرنامەیدا لە داهاتوودا كار لەسەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بكاتەوەو لەو چوارچیوەیەشدا سێكتەری تەندروستی بوژانەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

د.سیروان محمد جەمال وتیشی: ئێمە پشتیوانی كردنەوەی  ئەم سەنتەرەمان كردووە، چونكە یەكیكە لەو پرۆژانەی بۆ ناوچەكەمان پێویستەو خواستی لەسەرە، بەڕیوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، ئومێدیشی خواست لە داهاتوودا ئەو هەنگاوە بكەویتە بواری جێبەجێكردنەوەو پشتیوانی بەریوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانیشی بۆ هەركاریكی لەوشیوەیە دووپاتكردەوە.

بە وتەی بەرپرسانی سەنتەرەكە تێچووی پرۆژەكە لەسەر كەرتی تایبەت نزیكەی 2 ملیۆن دۆلارەو بە یەكیك لە پێشكەوتووترین سەنتەرەكانی ئەو بوارە لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق و ناوچەكە دادەنریت.


خاك - پوكمیدیا





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved