15/1/2020 10:33 PM

قەستەرە چیە؟ بۆ کێ دەکرێت؟ جۆرەکانی چین؟

قه‌سته‌ره‌ له‌ وشه‌ی (قصطورة)ی عه‌ره‌بیه‌وه‌ هاتووه‌، به‌ مانای بۆری یان سۆنده‌ دێت، بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئه‌سپ لە ساڵی ١٨٤٤ تاقیكرایه‌وه‌و پاشان له‌ ساڵی ١٩٥٦ له‌سه‌ر مرۆڤ تاقیكرایه‌وه‌.

زانیاری:
مه‌به‌ست لە قەستەرە دیاریكردنی نه‌خۆشیيه‌ زگماكیيه‌كانی دڵه‌، ساڵانه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نزیكه‌ی 2 ملیۆن قه‌سته‌ره‌ ئه‌نجامئه‌درێت.

جۆرەکانی قەستەرە:
-قەستەرە بۆ ناسینەوەو دەستنیشان کردن: ته‌نها بۆ ناسینه‌وه‌و ده‌ستنیشانكردنی گیران و ته‌سكبوونه‌وه‌ی دڵ و بۆڕيیه‌كانی خوێنه‌.
-قەستەرە بۆ چارەسەرکردن: بۆ ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ركردنی بۆڕی ته‌سكبوه‌وه‌ی دڵ و دانانی باڵۆن و شه‌به‌كه‌، هه‌روه‌ها بۆ فراوانكردنی بۆڕیه‌كانی دڵ، یان گرتنی كونی به‌ینی سكۆڵه‌كان یان گوێچكه‌ڵه‌كانی دڵ.

قەستەرە بەنجی دەوێت؟
بۆ ئەنجامدانی قەستەرە له‌ مرۆڤی پێگه‌یشتوودا پێویست به‌ به‌نجی گشتی ناكات، ته‌نها له‌ منداڵدا به‌نجی گشتی بۆ به‌كاردێت.

ڕێنمایی پێش ئەنجامدانی قەستەرە چین؟
-نەخواردنی هیچ شتێک لە دوانزەی شەوەوە (NPO)
-ئەنجامدانی پشکنین بۆ خەپلەکانی خوێن و پشکنین بۆ مەیینی خوێن و کاتی مەیینی خوێن (PTT)،(PT)
-ڕاگرتنی ئەو دەرمانانەی خوێن شلدەکەنەوە
-نەخؤشەکە توشی دڵەکوتە دەبێت و هەستدەکات ناو لەشی گەرم دادێت، بەتایبەت کاتێک ماددە ڕەنگاوڕەنگەکە (Contrast)ی پێدەدرێت، ئەوکات پێویستە بۆی ڕوونبکەیتەوە کەوا حاڵەتێکی ئاساییە.
-ڕێنماییدان بە نەخۆشەکە سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی قەستەرە
-تاشینی مووەکان لەوشوێنەی قەستەرەکەی لێوە دەکرێ
-ئەگەر نەخؤشەکە شلەژاو ترسا دەتوانرێ دەرزی هێورکەرەوەی لێبدرێت
-لەکاتی قەستەرەکە نابێت نەخۆشەکە بجوڵێ و ئەبێ لەسەر پشت ڕاکشێ
-دەتوانرێت ئەو دەرمانانەی کە دەبنە هۆی کشانی مولوولەکانی خوێن (Vasodilators) بەپێی پێویست بدرێت بە نەخؤشەکە

قەستەرە لەکوێوە دەکرێ و لەکوێ بەنج دەکرێ؟
ناوچەکانی خوێنبەری ڕان و خوێنبەری قۆل بەنج دەکرێن
-ناوچه‌ی خوێنبه‌ری ڕان: (%90ی قه‌سته‌ره‌ لێره‌وه‌ ئه‌كرێت)
- ناوچه‌ی خوێنبه‌ری قۆڵ: (% 10ی قه‌سته‌ره‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌كرێت)

ڕێنماییەکانی دوای ئەنجامدانی قەستەرە چین؟
-لە شوێنێکی هێمن و ئارام بحەسێتەوە
-چاودێریکردنی ئەو شوێنەی سۆندەکەی لێ چووەتە ژوورە نەوەک توشی خوێنبەربوون یان خوێنتیزان بێت
-گرتن و چاودێریکردنی لێدانەکانی دڵ لەژێر ئەو شوێنەی قەستەرەکەی لێوەکراوە
-گرتنی پلەی گەرمی لەو قاچەی یان ئەو قۆڵەی قەستەرەکەی لێوەکراوە
-نەکێشانی جگەرە لەو ژوورەی نەخۆشەکەی لێیە
-ئاگادارکردنەوەی دکتۆر کاتێک نەخۆشەکە توانای جوڵاندنی پەنجەکان یان پەلەکانی نەبوو

ڕێنمایی تاکو پێویستت بە قەستەرە نەبێت
-کەمکردنەوەی خواردنی چەورو زۆر سوێر
-جوڵانی بەردەوام و وەرزشکردن
-وازهێنان لە مەی خواردنەوە
-وازهێنان لە جگەرەو نێرگیلەکێشان
-خۆبەدوورگرتن لە هەڵچوون و خەم خواردن
-نەخواردنی هەندێک خۆراک لە شەواندا

خاك - ڕاگەیاندنی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved