17/1/2020 02:13 PM

ژاڤی ناگەڕێتەوە بۆ بەرشەلۆنە!

ژاڤی هێرناندێزی ئەستێرەی دێرینی یانەی بەرشەلۆنە و راهێنەری ئێستای یانەی سەددی قەتەری دووپاتی دەکاتەوە، هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە پۆستی راهێنەری یانەیەکی گەورە وەربگرێت.
لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئیدارەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لەڕێگەی دوو بەڕێوەبەری یانەکەوە کە پێکهاتوون لە "ئۆسکار گوراو" و "ئیریک ئەبیدال"، چەند جارێک پەیوەندیان بە ژاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری یانەی سەددی قەتەرییەوە کرد و داوایان لێکرد بگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا و پۆستی ڕاهێنەری یانە کەتەلۆنیەکە وەربگرێت، بەڵام "مایسترۆ" بەهەموو شێوەیەک ئەو ئۆفەرانەی ڕەتکردەوە و پاڵپشتی خۆی بۆ "ئێرنیستۆ "ڤاڵڤەردە"ـی ڕاهێنەر دەربڕی.
لەم بارەیەوە ڕۆژنامەوانان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیاریان لە ژاڤی کرد، ئەویش لەوەڵامدا ڕایگەیاند : "ئەو پێشنیارەی لەیانەی بەرشەلۆنەوە پێمگەیشت کاتی قبووڵکردنی نەهاتبوو، چونکە من لام وایە هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە بگەڕێمەوە و پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەیەکی ئاوەها گەورە وەربگرم".
لە وەڵامەکانیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ "کیکی سیتین"ـی ڕاهێنەری شوێنگرەوەی "ڤاڵڤەردە"ـ خواست و ڕایگەیاند : "کیکی سیتین"ـی ڕاهێنەری نوێی یانەی بەرشەلۆنەم خۆشدەوێت، حەزم بە شێوازی ڕاهێنان و یاریکردنیەتی، هیوادارم لەداهاتوودا و لەکارە نوێیەکەیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت”.
سەرچاوە کەتەلۆنیەکان بۆ نموونە ڕۆژنامەکانی "موندۆ دیپۆرتیڤۆ" و "سپۆرت" لەسەر ئەو بڕوایەن ژاڤی تا کۆتایی وەرز لە پۆستی یانەی سەددی قەتەری بەردەوام ئەبێت و ئەگەری زۆرە لەدوای ئەو وادەیە پۆستی ڕاهێنەری یانەیەکی مامناوەندی ئەوروپی وەربگرێت، لەدوای تەواوبوونی ئەو وادەیە و لە نزیکی ساڵانی 2021 و 2022 ئەگەری زۆرە بگەڕێتەوە و هاوشێوەی "گواردیۆلا" ببێتە ڕاهێنەری بلاوگرانا.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved