19/1/2020 08:53 AM

"گەڕیدەی بێهاودەم" بڵاوده‌کرێتەوە

بڵاوکراوەکانی نووسیار لەوەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ دەفتەرە شیعری (گەڕیدەی بێهاودەم)ی نووسەر و وەرگێڕ دیلان قادر چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه کە پێک هاتووە لەچەند دەقێکی شیعری ئاوێتە بە ئەدەبی تاراوگە و یەکەمین ئەزموونی شیعری دیلان قادرە.
له‌باره‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌وه‌ دیلان قادر ده‌ڵێت: ''شیعره‌كان له‌ نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩ نووسراون و به‌رهه‌می ژیانمە له سێ شاری جیاواز، ئه‌ویش شاره‌كانی مۆنتریاڵ، كێبێك و ڤانكوڤه‌ر له‌كه‌نه‌دا. ئه‌وه‌ی لای من ده‌قه‌كان پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ هه‌بوونی تووخمی گه‌ڕانه‌ تیایاندا، بۆ نموونه‌ گه‌ڕان به‌ڕابوردوودا، به‌ شوێنی جوگرافیدا و لەهه‌مووشیان به‌رچاوتر گه‌ڕانه‌ به‌خه‌یاڵدا.''

چەند دێرێک لە کتێبەکەوە:
له‌سپێده‌دا خۆمان پێچایه‌وه‌ و
به‌دوای ده‌رچه‌ی تردا گه‌ڕاین
سووربوونمان ئه‌ڵماسێك بوو ده‌دره‌وشایه‌وه‌
په‌مووی كێڵگه‌كان لێمانه‌وه‌ ئاڵان
قه‌وزه‌ پێڵاوه‌كانی داپۆشین
گه‌ڵا له‌ په‌نجه‌كانمانه‌وه‌ ڕوا
ناوقه‌دمان قاوه‌یی داهات
پاساری له‌ قژماندا پشووی دا
بووین به‌ به‌شێك له‌ گه‌ردوون و فریا نه‌كه‌وتین
بگه‌ین به‌نێو هه‌قیقه‌تی ئه‌شكه‌وته‌كان.

نووسەر و وەرگێڕ (دیلان قادر) له‌ ساڵی ١٩٨٧ له‌ سلێمانی له‌ دایكبووه‌ و له‌ ده‌ربه‌ندیخان گه‌وره‌ بووه‌. پاش ته‌واوكردنی خوێندنی زمان و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی له‌ زانكۆی سلێمانی، ڕۆیشتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ خوێندنی ماسته‌ر له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان و پاشان له‌ ساڵی ٢٠١٤ سه‌فه‌ری كردووه‌ بۆ كه‌نه‌دا و ئێستا له‌ شاری ڤانكوڤه‌ر ده‌ژی. ژماره‌یه‌ك له‌ نووسینه‌ تیۆری و شیعرییه‌كانی دیلان قادر له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌رگێڕانێكیدا له‌ماڵپه‌ڕی كولتور مه‌گه‌زین به‌رده‌ست ده‌كه‌ون.
پێشتر دیلان قادر دوو کتێبی وەرگێڕانی لە ئنگلیزییەوە بەچاپ گەیاندووە ئەوانیش: نامه‌یلێ بۆ شاعیرێكی گه‌نج - ڕه‌ینه‌ ماریا ڕیڵكه‌ (نامه‌) و سمایل - دانیاڵ كوین (ڕۆمان). کتێبی گەریدەی بێهاودەم یەکەمین ئەزموونی شیعرییەتی. له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان بڵاوده‌کرێتەوە.



هەواڵی زیاتر

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved