20/1/2020 10:24 PM

وەزیری رۆشنبیری: پێویستمان بە کۆمەڵگەیەکی وەرزش دۆستە

به‌ مه‌به‌ستى گرنگیدانى زیاتر به‌ وه‌رزش و وه‌رزشوانان، حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیرى رۆشنبیرى و لاوان و د.شاكر سمۆ به‌رێوەبه‌رى گشتى وه‌رزش، له‌گه‌ڵ ژماره‌یەك له‌ سه‌رۆك و جێگرو نوێنه‌ری یانه‌ وه‌رزشیيه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم كۆبوویەوە.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ڕەوشى وه‌رزش و وه‌رزشوانان و گوێگرتن له‌ راو پێشنیاره‌كانیان و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م كاره‌كانی یانه‌كان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو .

وه‌زیرى رۆشنبیرى و لاوان وتى: پێویسته‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك كاربكه‌ین بۆ فه‌راهه‌مكردنى كۆمه‌ڵگایه‌كى وه‌رزش دۆست، چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین كه‌ كۆمه‌ڵگاى وه‌رزشى كۆمه‌ڵگای ته‌ندروسته‌، وتیشى: ئێمه‌ نامانه‌وێت به‌بێ یاسا كاربكه‌ین له‌ ئێستاشدا نه‌بوونى یاسایه‌كى سه‌رده‌میانه‌ى تایبه‌ت به‌ وه‌رزش كێشه‌ى هه‌ره‌ گه‌وره‌ى بواره‌كه‌یه‌، بۆیه‌ له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا چه‌ند خاڵێك پێشنیاز ده‌كه‌ین و ده‌یكه‌ینه‌ بنه‌ماى كاركردنمان، بۆ رێكخستن و به‌ره‌وپێشبردنى ئه‌م بواره‌.

له‌میانى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا كێشه‌و به‌ربه‌سته‌كان خرانه‌ڕوو چه‌ندین پێشنیار پێشكه‌شكران و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

له‌ كۆتایشدا بریاردرا به‌ پێكهێنانى دوو لیژنه‌ بۆ:
*گه‌یاندنى پێشنیارو داواكاریه‌كانیان به‌ لایەنی پەیوەندیدار.
*به‌دواداچوون و رێكخستنه‌وه‌ى یانه‌ وەرزشییەکان.

جێى باسه ئێستا لە هەرێمی کوردستان ۹۷ یانەی وەرزشی هەن و مۆڵەتیان هەیە.

خاك - راگەیاندنی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved