24/1/2020 12:47 PM

کارگەکانی کۆکاکۆلا لە هەر خولەکێکدا 200هەزار بتڵی پلاستیکی دروست ئەکەن!

لە کۆبوونەی جیهانیی ئابووریدا کە هەر ئێستا لە "داڤۆس"ـی سویسڕا خەریکی بەڕێوەچوونه، کۆکاکۆلا رایگەیاند کە درێژە ئەدات بە بەکارهێنانی بتڵی پلاستیکی. Beatriz Perez جێگری سەرۆکی ئەم کۆمپانیایە لە گفتوگۆیەکدا بەرپرسایەتی ئەم شاخەی کە بە بتڵ دروست بووە، خستە ئەستۆی مشتەریان و گوتی: مەشتەرییەکانمان تینووی ئەو خواردنەوانەن وا لەناو بتڵی پلاستیکییە سووکەکاندان و هەر بۆیە کۆکاکۆلا هیچ پلانێکی بۆ وەلانانی ئەم بتڵانه نییە.
خاتوو "پرێز" لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر خۆمان لەگەڵ ویستی مشتەرییەکان رێک نەخەین، کار و کاسپییەکەمان بەردەوام نابێت. کەوابوو هاوکات لەگەڵ گۆڕینی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنانی بتڵ، هەوڵ ئەدەین بەرەو تەکنەلۆژیای ریسایکڵین هەنگاو هەڵبێنینەوە.
کۆکاکۆلا هەموو ساڵێک 3 ملیۆن تەن بتڵی پلاستیکی بەرهەم دێنێت، واتە لە هەر خولەکێکدا 200هەزار دانە. ساڵی رابردوو ئەم کۆمپانیایە پلەی یەکەمی لەناو ئەو کۆمپانیانەدا بەدەست هێنا کە زیاترین زیانیان بە ژینگە گەیاندووە. کۆمپانیاکانی نەستەلە و پێپسی کۆلا لە پلەی دووهەم و سێهەمدا جێگیر بوون.
 ئەو بتڵ و زەرفە پلاستیکییانەی کە لەلایەن ئەم کۆمپانیانەوە بەرهەم دێت خەریکن لە ئەقیانووسەکەندا کەڵەکە ئەبن و ماوەیەکە دزەیان کردۆتە ناو سکی بوونەوەرانی دەریاییەوە. هەڵبەت چەند کۆمپانیای دیکە بۆ نموونە "ستارباکس" بەتەمان پەرداخێک بەرهەم بهێنن بۆ فروشی خواردنەوەکانی خۆیان، کە دوو یان سێ جار بتوانی بەکاری بهێنیت و ئەمەش داهاتی ئەم کۆمپانیایەی کەم کردۆتەوە. کۆکاکۆلاش بەتەمایە تا ساڵی 2030 لەسەتا 50ی بتڵەکانی خۆیان لەو مەوادە بەرهەم بهێنێت کە لەڕێگای ریسایکلینەوە دروست بوون.

 

سەرچاوە: nasdaq

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved