28/1/2020 03:09 PM

داخرانی دەرگای ئینتەر بەڕووی بەرشەلۆنەدا

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی وەڵامێکی نەرێنی یانەی بەرشلۆنە دەداتەوە و ڕاهێنەری ئەو یانەیەش بڕیار لەسەر کڕینی هێرشبەرێکی ئەزمونداری خولی ئیسپانیا دەدات.
ڕۆژنامەی "سپۆرت"ـی کەتەلۆنی ئاشکرای کردووە، ئیدارەی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی تەواوی داواکاریەکانی یانەی بەرشلۆنەیان بۆ گواستنەوەی "لاوتارۆ مارتینێز"ـی هێرشبەری ئەرجەنتینی ڕەتکردۆتەوە و دووپاتیانکردۆتەوە، کە بەهیچ نرخ و شێوازێک دەستبەرداری هێرشبەرەکەیان نابن.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بە هەڵوێستی "کیکی سیتین"ـی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە کردووە و نوسیویەتی، ڕاهێنەرە نوێیەکە خواستی لەسەر "رۆدریگۆ مۆرینیۆ"ـی هێرشبەری یانەی ڤالێنسیا بووە و لەبەر چەند هۆکارێک داوای کردووە وەک شوێنگرەوەی "لویس سوارێز" گواستنەوەی پێبکرێت.
بەبۆچونی سیتین، ڕۆدریگۆ لەدەرەوەی ناوچەی سزا باشتر لە مارتینێز جموجۆڵ دەکات و جگە لەوەش لە خولی ئیسپانیا ئەزمونێکی باشی بەدەستهێناوە و باشتر لەهەر یاریزانێکی دیکە توانای خۆگونجاندنی لەڕیزەکانی یانەی بەرشەلۆنە دەبێت.
مۆرینۆ لەم وەرزەدا 28 یاریی بەجلوبەرگی یانەی ڤالێنسیاوە ئەنجامداوە و چوار گۆڵی تۆمار کردووە و 10 گۆڵیشی دروست کردووە. ئەم ڕێژە و شێوازی یاریکردنەش بۆ خۆگونجاندن لەپاڵ لیۆنەل میسی و گریزمان باشتر ئەبێت لە تەنها هێرشبەرێکی گۆڵکار.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved