28/1/2020 03:35 PM

كاریگەریی شەكر لە مێشكدا هاوشێوەی مادە هۆشبەرەكانە


زانایانی زانكۆی (ئارهۆس)ی دانیمارك سەلماندویانە كاریگەریی شەكر لەمێشكدا وەك ماددە هۆشبەرەكانە، بە هۆی ئەوەی كیمیای مێشك دەگۆرێت و كەسەكە تووشیی خوگیریی دەكات.
بەپێی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری (Scientific Reports)، زۆربەی خەڵك سكاڵا دەكەن لەوەی كە زۆرحەزیان لە شیرینەمەنییەكانە و ناتوانن دەستبەرداری بن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشیان و قەڵەویان دەكات، زۆجاریش بە شەكر دەوتریت «بێهۆشكەری شیرین».
لەبەر ئەوەی تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەكی زانستیی نەكراوە تا بیسەلمێنێت كە حاڵەتێك هەیە بە ناوی (خوگیریی شەكر)، بۆیە ئەو پسپۆڕانەی زانكۆی(ئارهوس)ی دانیمارك دەستیانكردووە بە لێكۆڵینەوەكانیان، بۆ ئەمەش سەرەتا تاقیكردنەوەكانیان لەسەر بەراز كردووە، بەو پێیەی مێشكی بەراز تا ڕادەیەك لە مێشكی مرۆڤ دەچێت، لەو ڕێگەیەشەوە گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی كە بە ڕاستی وایە و شەكر هاوشێوەی ماددەی بێهۆشكەرە بۆ مێشك.
لەمبارەیەوە دكتۆر ( مایكل وینتردال) لە بەشیی پزیشكیی كلینیكی ئەو زانكۆیەی دانیمارك وتی» هیچ گومانمان نەبوو لە شەكر و كاریگەرییە فسیۆلۆژییە مەترسیدارەكانی لەسەر تەندروستیی، بەڵام گومانمان لەوە هەبوو كە شەكر كاریگەریی لەسەر مێشك و تەنانەت هەڵسوكەوتیش هەبێت».
ئەو پزیشكە دەشڵێت» لە ماوەی 12 ڕۆژدا حەوت بەرازمان بەكارهێناو و ڕۆژانە یەكی 2 لیتر و نیو شەكراومان دەدانێ، دواتر بە هۆی وێنەی لەرینەوەی موگناتیسیی مێشكەوە ئەو گۆڕانكارییانەمان دەستنیشان كرد كە لە سیستمی دوپامین و هێوركەرەوەی ئەفیونیی مێشكدا ڕوودەدەن، پااشان بۆیان دەركەوت ئەو دوو سیستمەی بە شێوەیەكی كیمیایی پەیوەستن بە شادیی و حەوانەوە دوای یەكەمین ڕۆژی تاقیكردنەوەكە چالاك بوون، ئەمەش مانای ئەوەیە كە شەكر بە هەمان شێوەی ماددە بێهۆشكەرەكان كاردەكاتە سەر سیستمی پاداشتی مێشك.
دەشتوانرێت ئەو سیستمەی مێشك بە ڕێگەی تر چالاك بكرێتەوە وەك سێكسكردن و پەیوەندیی كردن بە كەسانی تر و بەدەستهێنانی زانیاریی نوێ و سوود بەخش، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە هاندەر و چالاككەرەوە دەستكردەكان بە هێز و خێراترن.
دیسانەوە دكتۆر وینتردال دەڵێت» ئەگەر لەماوەی 12 ڕۆژدا شەكر بەم شێوەیە سیستمی پاداشتی مێشكی بەرازەكانی گۆڕیبێت، ئەوا ئاشكرایە كە چالاككەرەوە سروشتییەكانی وەك فێربوون و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی پاشەكشەی كردوە و شەكر و چالاككەرەوەكانی دوپامینی دەستكرد جێگەی ئەوانەیان گرتووەتەوە».

سەرچاوە:الصحە و الحیاە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved