28/1/2020 08:27 PM

ئەزمەڕ داخرا

بەهۆی گرانكردنی نرخی غازی ماڵان لەسەر بریكارەكانی دابەشكردن، لیژنەی غازی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كارگەی غازی ئەزمەڕ دادەخات و غازەكەی بە نرخی ئاسایی بەسەر بریكارەكاندا دابەشدەكات.

لە راپۆرتی لیژنەی غاز ئەوە خراوەتەڕو‌‌و: كارگەی غازی ئەزمەڕ نرخی غازی ماڵانی لەسەر بریكارەكان زیادكردووە، لەكاتێكدا شاری سلێمانی روبەرووی هیچ گرفتێك لە بڕو نرخی غازی ماڵان نەبووەتەوە، بەڵام خاوەنی كارگەكە بە حەوت هەزارو (500) دینار فرۆشتویەتی بە بریكارەكان كە پێوسته بە نرخی ئاسایی كە‌ تەنها‌ شەش هەزارو (500) دینارە پێیان بفرۆشێت.

ئاماژەی بەوەش كردووە: خاوەن كارگەی غازی ئەزمەڕ بە بریكارەكانی راگەیاندووە نرخی غاز لەسەر‌ هاووڵاتیان زیادبكەن، وتویەتی: بە نۆ هەزار یاخود (10) هەزار دینار بیفرۆشن، بۆیە بەهۆی گرانفرۆشییەوە‌ لەلایەن قائیمقامی سلێمانی بڕیاری داخستنی كارگەی غازی ئەزمەڕ دراوە، هەروەها ئەو غازەی له كۆگای‌ كارگەكەدایە بە نرخی ئاسایی بە سەر بریكارەكان دابەشدەكرێت.

لیژنەی غازی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی جارێكیتر دڵنیایی ئەدات بە هاووڵاتی سلێمانی كە هیچ كێشەیەك لە بڕو نرخی غازی ماڵاندا دروست نەبووەو هەر هاووڵاتیەك حاڵەتێكی بینی كە نرخی غاز گران كرابوو یان دوكاندارێك ئامادەنەبوو بیفرۆشێت، دەستبەجێ لیژنە هاوبەشەكانی لێ ئاگاداربكەنەوە بۆ ئەوەی رێكاری پێویستی لەگەڵدا بگیرێتەبەر.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved