29/1/2020 02:35 PM

شوێنە گەشتیارییەکانی شاری بەرشەلۆنە+وێنە

کاتێک ناوی بەرشەلۆنە ئەبیستن، یانەی بەناوبانگی بەرشەلۆنەتان دێتە یاد. بەڵام ئەم یانەیە تەنها یەک هۆکارە بۆ سەرنجڕاکێش بوونی ئەم شارە. باسی جوانییەکانی شاری بەرشەلۆنە پێویستی بە نووسینی کتێبێک هەیە. ئەم شارە کە لە تەنیشت دەریا هەڵکەوتووە خاوەنی فەرهەنگێکی دەوڵەمەند، کۆشک و تەلاری مێژوویی سەرنجڕاکێش و هەروەها کۆمەڵیک کافەتریا و رێستۆرانتە کە کواڵێتییەکی بەرزیان هەیە. لەدرێژەدا ئاماژە بە چەند شوێنی ئەم شارە ئەکەین کە لەوانەیە بۆ گەشتیاران جێی سەرنج بێت.

کڵێسای ساگرادا فامیلیا


ئەم کڵێسایە بەرهەمی تەلارسازیی بەناوبانگ واته "ئەنتۆنیۆ گائۆدی"ـیە کە ١٠٠ ساڵە سەرقاڵی دروست کردنەکەین و پێدەچێ تا 20 ساڵی دیکەش کۆتایی پێ نەیەت. لەم کڵێسایەدا هێما ئایینییەکان لەگەڵ هێما سروشتییەکان و فۆرمە هەندەسییەکان تێکەڵ کراون و بەدڵنیاییەوە لەگەڵ دیمەنێکی سەرنجڕاکێش رووبەڕوو ئەبنەوە.

گەڕەگی گۆتیک


"گۆتیک کوارتر/ Gotich Quarter" کە ناوەندی مێژوویی بەرشەلۆنەیە، لە سەدەی 15 و 16ـدا بەتەواوی نۆژەن کراوەتەوە و رواڵەتێکی نێئۆکلاسیک و نێئۆگۆتیکی هەیە. لەم گەڕەکە هەندێک نهێنی دێتە بەرچاو بۆ نموونه: کەلەسەر، ئێسکی بەنەفەرت کراو و هەروەها کۆمەڵێک زەرفی نامەی نهێنی!

هونەری هاوچەرخ


جگه لە بوونی هونەرمەندانێک وەکو "پابلۆ پیکاسۆ" و "سالڤادۆر دالی" کە ناوبانگێکی جیهانیان بە شاری بەرشەلۆنە بەخشیوە، هونەری هاوچەرخ، پێگەی فەرهەنگی ئەم شارەی زیاتر قایم کردووە. "مۆزەخانەی هونەرە هاوچەرخەکانی بەرشەلۆنه" یان بە کورتی MACBA یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە هونەرییەکانی سەرجەم کیشوەری ئەوروپایە. ئەم مۆزەخانەیە لەلایەن تەلارسازی بەناوبانگی ئەمریکی واته "ریچارد میر"ـەوە دروست کراوە.

بازاڕی بۆکوریا


بازاڕی هاوشێوەی بازاڕی "بۆکوریا/ Boqueria" لەجیهاندا کەم دەست ئەکەوێت. ئەم بازاڕە لەڕاستیدا بینایەک بووە لەسەدەی نۆزدەهەمدا کە بۆ پاشەکەوتکردن و فرۆشی گۆشتی سوور و ماسی بونیاد نراوە. هەڵبەت ئێستا جگه لە گۆشت، هەموو جۆرە خواردەمەنییەک لەوێ دەست ئەکەوێت.

 

سەرچاوە: theculturetrip

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved