2/2/2020 10:39 AM

فیلمی خودای سپی، كاتێك مۆسیقا دڕنده‌ش ئارام ده‌كاته‌وه‌




بابه‌تی فیلمی ترسناك بابه‌تێكی گرنگه‌ و گه‌لێك له‌ ده‌رهێنه‌ره‌كانی دنیا كاریان له‌سه‌ر كردووه‌، له‌ ژانری گێڕانه‌وه‌شدا، به‌ تایبه‌ت رۆمان و چیرۆك زۆر نووسه‌ری جیهانی له‌م بواره‌دا كاریان كردووه‌، له‌وانه‌ نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریكا ئه‌دگار ئالان پۆ، كه‌ به‌شی زۆری به‌رهه‌مه‌كانی ترسناكن، له‌ رۆژهه‌ڵاتیشدا چیرۆکنووس و رۆماننووسی ئێرانی غوڵام حسێن ساعیدی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكی هه‌یه‌ به‌ ناوی ترس و له‌رز، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌ كه‌شێكی ترسناكی هه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ جوانه‌كانی ئه‌ده‌بی فارسی، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ به‌ڕۆژ ئاكرێی وه‌ریگێڕاوه‌. بابه‌تی ترسناك له‌ سینه‌ما و له‌ ئه‌ده‌بیاتدا زۆرن و بابه‌تی ئه‌م جاره‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ش فیلمێكی ترسناكه‌ به‌ ناوی خودای سپی» White God « .

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

خودای سپی» White God « ئه‌م فیلمه‌ كه‌شێكی ترسناكی هه‌یه له‌هه‌مان كاتدا فیلمێكی رۆمانسیشه‌، وێنه‌یه‌ك له‌ په‌یوه‌ندی مرۆڤ ئاژه‌ڵ نیشان ده‌دات، چیرۆكی سه‌گێكه‌ له‌ شارێكدا چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ته‌كدا ده‌كرێت، شارێك ژیان تێیدا بۆ سه‌گ حه‌رام كراوه‌، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ فیلمێكی درامی و خه‌یاڵی و ترسناكی هه‌نگارییه‌، ساڵی 2014 به‌رهه‌م هاتووه‌، ده‌رهێنانی كۆرنیل موندروكزۆ» Kornél Mundruczó «یه‌.

چیرۆكی فیلمه‌كه‌
چیرۆكی فیلمه‌كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان سه‌گێك و كچێكی سیانزه‌ ساڵانه‌، سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌ به‌ دابڕانی كچه‌كه‌ و سه‌گه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات. باوكی له‌یلا به‌ زۆر ئه‌و سه‌گه‌ كه‌ ناوی هاگینه‌ له‌ كچه‌كه‌ی دوور ده‌خاته‌وه‌ و له‌سه‌ر شه‌قامێك به‌ره‌ڵڵای ده‌كات. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌گه‌ بووه‌ته‌ كێشه‌ بۆ ژیانی خۆی و كچه‌كه‌ی، چونكه‌ ئه‌و كچه‌ ئه‌ندامی گروپێكی موزیكه‌ و مایسترۆكه‌ی گروپه‌كه‌ رازی نییه‌ له‌یلا ئه‌و سه‌گه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێ بۆ ئه‌و هۆڵه‌ی كه‌ ئه‌وان موزیكی تێدا ده‌ژه‌نن، له‌و باڵه‌خانه‌یه‌ش كه‌ تێیدا ده‌ژین دراوسێكان رازی نین ئه‌و سه‌گه‌ له‌وێ بێت. باوكی له‌یلا بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و سه‌گه‌ی لێ دوور بخاته‌وه‌ له‌ پێناوی ژیانی كچه‌كه‌یدا، لێره‌وه‌ دابڕانی نێوان ئه‌و له‌یلا و هاگین دروست ده‌بێ، كه‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌یه‌. هاوكات دۆخی ئه‌و شاره‌ نیشان ده‌دات كه‌ ده‌وڵه‌ت له‌ رێگای كارمه‌نده‌كانییه‌وه‌ راوی ئه‌و سه‌گه‌ به‌ره‌ڵایانه‌ ده‌كات له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن. ئه‌و سه‌گه‌ش ده‌بێ به‌ یه‌كێ له‌و سه‌گانه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێو سه‌گه‌ به‌ره‌ڵاكانی شاره‌كه‌وه‌، به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی راوكردندایه‌، لێره‌ و له‌وێ هه‌ڵدێت و ناگیرێت، تاوه‌كو ده‌كه‌وێته‌ لای پیاوێكی هه‌ژار، ئه‌و پیاوه‌ش ده‌یفرۆشێت به‌ كه‌سێك، جارێكی تر هاگین به‌ راهێنه‌رێكی دڕكردنی سه‌گ ده‌فرۆشرێ، كه‌ كاری به‌ خێوكردنی سه‌گ و دڕكردنیانه‌ و پاشان شه‌ڕیان پێده‌كات، هاگینیش ده‌كه‌وێته‌ لای پیاوه‌وه‌، كه‌ ماوه‌یه‌ك راهێنانی قورسی پێده‌كات، به‌جۆرێك راهێنانه‌كان ئه‌وه‌نده‌ قورسن جۆرێكن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان، ئاكام به‌وه‌ ده‌گات سه‌گه‌كه‌ ده‌بێت به‌ سه‌گێكی دڕ، راهێنه‌ره‌ جه‌للاده‌كه‌ی ده‌یبات بۆ شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ سه‌گێكی دیكه‌دا و له‌و شه‌ڕه‌دا هاگین سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێ و ده‌توانێ سه‌گه‌كه‌ی به‌رانبه‌ری بكوژێت پاشان هه‌ڵدێت. لێره‌وه‌ كه‌شێكی ترسناك به‌سه‌ر فیلمه‌كه‌دا زاڵ ده‌بێ، ئه‌و سه‌گه‌ ده‌می به‌هه‌ر كه‌سێك له‌و كه‌سانه‌ی ئازاری داوه‌ ده‌گات تۆڵه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه‌، یه‌ك یه‌ك ده‌یابینێته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ به‌ قه‌پ هه‌نجن هه‌نجنیان ده‌كات.
جوانی كۆتایی فیلمه‌كه‌
جوانی فیلمه‌كه‌ش له‌ كۆتاییه‌كه‌یدایه‌ كه‌ هاگین كاتێك فشار بۆ باوكی له‌یلا ده‌هێنێت و له‌وه‌دایه‌ بگاته‌ سه‌ری له‌یلا ده‌گاته‌ فریای باوكی، ئه‌گه‌رچی هاگین له‌ دۆخێكی ده‌روونی خراپدایه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر په‌لاماردانی خه‌ڵكی و ته‌نیا خۆشی نییه‌، سه‌دان سه‌گی دیكه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌ له‌و شوێنه‌ی به‌ندكراون به‌هۆی ئه‌و هاگینه‌وه‌ ئازاد ده‌كرێن. له‌یلا وه‌ختێك ده‌زانێ باوكی له‌به‌رده‌م مه‌ترسی په‌لاماردانی سه‌گه‌كه‌یدایه‌، ئه‌و سه‌گه‌ی كه‌ زۆری خۆشده‌ویست. به‌ فریای باوكی ده‌كه‌وێت و له‌ رێگه‌ی موزیكه‌وه‌ هاگین هێور ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و سه‌گه‌ی كه‌ شێتانه‌ په‌لاماری خه‌ڵكی ده‌دات له‌ رێگای موزیكه‌وه‌ نه‌رم ده‌بێته‌وه‌، به‌جۆرێك ئارام ده‌بێته‌وه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌و راهێنان و په‌روه‌رده‌ توندڕه‌وانه‌ی رابردووی بیر ده‌چێته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ به‌ سه‌گه‌ بێوه‌یه‌كه‌ی جاران. ئه‌مه‌ كۆتایی فیلمه‌كه‌یه‌ كه‌ وانه‌یه‌كی زۆر جوانه‌ له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌وه‌. ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ ده‌یه‌وێت پێمان بڵێ په‌روه‌رده‌ رۆڵێكی چه‌ند گرنگی هه‌یه‌، ئه‌و سه‌گه‌ی به‌ راهێنان دڕكراوه‌، چۆن به‌ موزیك نه‌رم ده‌كرێته‌وه‌. راهێنان و توند و تیژی چه‌ند ترسناكه‌، هاگین ئاژه‌ڵێكی ماڵی عاقڵ بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئازاردان و راهێنانی قورسه‌وه‌ چۆن دڕ ده‌كرێت، به‌جۆرێك ده‌بێته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌واوی شاره‌كه‌ و كاتێك ئه‌و سه‌گه‌ ده‌رفه‌تی هه‌ڵهاتنی بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێت و له‌گه‌ڵ سه‌گه‌كانی دیكه‌دا به‌نێو شاره‌كه‌ راده‌كه‌ن و هه‌روا خه‌ڵكه‌ هه‌ڵدێت.

رۆڵی په‌روه‌رده‌
په‌روه‌رده‌ له‌ ژیانی ئاژه‌ڵ و مرۆڤیشدا رۆڵی زۆر گرنگی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌م فیلمه‌دا بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌موو گیاندارێكدا ده‌كه‌ین، هاگین سه‌ره‌تا ژیانێكی ئارامی هه‌یه‌، پاشان به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ له‌یلای هاوڕێی داده‌بڕێ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، لێره‌دا ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی كوشنده‌، به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵهاتن دایه‌، له‌م كۆڵان بۆ ئه‌و كۆڵان، له‌ شه‌قام بۆ ئه‌و شه‌قام، له‌ ماركێته‌كاندا، له‌ بازاڕدا، سه‌گێك به‌رده‌وام راده‌كات، راوچییه‌كانیش به‌رده‌وام به‌ دوایه‌وه‌ن، ئه‌مه‌ وای كردووه‌ دۆخی ده‌روونی ئه‌و سه‌گه‌ تێكبچێت، به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ئاژه‌ڵدا لای مرۆڤیش كاردانه‌وه‌ی خراپ دروست ده‌كات، مرۆڤ كاتێك له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و ترسدایه‌ تووشی دۆخێكی ده‌روونی ترسناك ده‌بێت، بۆ نموونه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عسدا مرۆڤی ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ترسی جه‌للاده‌كانی به‌عسدابوو، ئه‌وه‌ وای كرد به‌شێك له‌ خه‌ڵك به‌هۆی ئه‌و ترسه‌وه‌ تووشی دۆخێكی ده‌روونی ده‌بوون و كاتێك هه‌لێكیان بۆ هه‌ڵده‌كه‌وت به‌جۆرێك تۆڵه‌ی خۆیان ده‌سه‌نده‌وه‌ كه‌ سوپا و هێزی دوژمن زیڕه‌ی مه‌رگیان ده‌كرد، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا و له‌ هه‌ر جێگه‌یه‌كی ئه‌م دنیایه‌دا په‌روه‌رده‌ی ترساندن ئاكامه‌كه‌ی خراپ بووه‌ چ بۆ ئاژه‌ڵ یان مرۆڤ، چون مرۆڤ كاتێ له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌ بیر له‌ هه‌ڵهاتن و ژیانیێكی كامه‌ران ده‌كاته‌وه‌، كاتێكیش به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌ بیر له‌ رێگای دووه‌م ده‌كاته‌وه‌، واته‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئینهیاركردن تاكه‌ رێگه‌یه‌ تاوه‌كو له‌و دۆخه‌ رزگاری بێت. ئه‌وه‌ی له‌م فیلمه‌شدایه‌ هه‌مان حاڵه‌ته‌، ئه‌و هاگین سه‌گێكی ئارامه‌ و حه‌زی به‌ ژیانێكی خۆشه‌ له‌گه‌ڵ له‌یلادا كه‌ هاوڕێیه‌تی، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ رێگه‌ نادات، باوكی كچه‌كه‌ش كه‌ پڕۆفیسۆرێكی ڤێته‌نه‌رییه‌ و پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌ سه‌ربڕاوه‌كان ده‌كات له‌ قه‌سابخانه‌یه‌كدا به‌ زۆره‌ملێ و ناچاری هاگین له‌ كچه‌كه‌ی داده‌بڕێ. ئه‌م جۆره‌ فیلمانه‌ نموونه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یین كه‌ ئه‌وروپای ئه‌مڕۆ به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ په‌روه‌رده‌ی دروست و ئارامی و رێزگرتن له‌ هه‌موو گیاندارێك له‌ مرۆڤه‌وه‌ تاوه‌كو ئاژه‌ڵه‌كان كارێكی پێویسته‌ له‌پێناوی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروستدا.

كه‌شی فیلمه‌كه‌
فه‌زای ئه‌م فیلمه‌ له‌سه‌ره‌تادا كه‌شێكی ئاسایییه‌، چیرۆكی خێزانێكه‌، باوك و كچێك و سه‌گێك، موزیك رۆڵی خۆی ده‌بینێ، ژیانێكی پڕ له‌ جوانی و ئارامی، دیمه‌نێكی رۆمانسی و جوانی هه‌یه‌، به‌ڵام دوایی وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێدا به‌هۆی ده‌ركردن و دابڕانی ئه‌و سه‌گه‌وه‌ دۆخی فیلمه‌كه‌ به‌كه‌شێكی ده‌روونی ناجێگیردا ده‌ڕوات، دۆخی هاگین راكردن و ترساندن و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌، دۆخی له‌یلاش خه‌مۆكی و ئازاری دابڕانه‌ له‌ سه‌گه‌كه‌ی كه‌ به‌رده‌وام بۆی ده‌گه‌ڕێ، به‌ پاسكیله‌كه‌ی به‌نێو شاره‌كه‌دا بۆ سه‌گه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێ و نایدۆزێته‌وه‌ و هه‌موو رۆژێ به‌خه‌مبارییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵ، دۆخی ده‌روونی كچه‌كه‌ زۆر خراپه‌ و به‌رده‌وام بیر له‌ هاگین ده‌كاته‌وه‌. به‌شی سێیه‌می فیلمه‌كه‌ فه‌زایه‌كی ترسناكی هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ هاگین ده‌كه‌وێته‌ لای راهێنه‌رێكی جه‌للاد كه‌ چۆن ئه‌و سه‌گه‌ په‌رده‌روده‌ ده‌كات تاوه‌كو دڕنده‌یه‌كی لێ ده‌ربچێت كه‌ هیچ سه‌گێك له‌ شه‌ڕدا ده‌ره‌قه‌تی نه‌یه‌ت. به‌ڵام له‌و شه‌ڕه‌دا هاگین ده‌رباز ده‌بێ، دیمه‌نی شه‌ڕه‌ سه‌گه‌كه‌ دیمه‌نێكی تاریك و ترسناكه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی فیلم یان چیرۆك و رۆمانی ترسناك كه‌ تاریكی زاڵه‌، پاشتریش هاگین له‌گه‌ڵ ره‌وه‌یه‌ك سه‌گی دیكه‌دا به‌نێو شاره‌كه‌دا راده‌كه‌ن و په‌لاماری خه‌ڵكی ده‌ده‌ن و خه‌ڵكیش هه‌موو هه‌ڵدێن. ئه‌وه‌ی هاگین و سه‌گه‌كان كردیان كوده‌تای سه‌گه‌كانه‌ به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا به‌سه‌رۆكایه‌تی هاگین. هێوركردنه‌وه‌شیان دۆخی ئارامی دوای شۆڕشه‌، كه‌ ئیتر ئه‌وان هه‌ست به‌ماندووێتی ده‌كه‌ن و پێویستیان به‌ حه‌سانه‌وه‌یه‌. دیمه‌نی كۆتایی فیلمه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخێكی رۆمانسی و ئارام، كه‌ له‌یلا ده‌توانێ له‌رێگای موزیكه‌وه‌ هاگین و سه‌گه‌كانی دیكه‌ هێور بكاته‌وه‌.



كۆرنیل موندروكزۆ، ده‌رهێنه‌رێكی گه‌نجی هه‌نگارییه‌، ساڵی 1975 له‌ دایك بووه‌، یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌كانی سینه‌ما و شانۆی هه‌نگاری، حه‌ڤده‌ كورته‌ فیلمی به‌رهه‌م هێناوه‌، چه‌ند فیلمێكی دیكه‌شی به‌رهه‌م هێناوه‌. ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ له‌ ئه‌كادیمیای هه‌نگاری خوێندوویه‌تی و له‌ پای كاره‌كانی چوارده‌ خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved