3/2/2020 01:31 PM

چەند یاسای پاشایەتی کە شازدە "هەری" و هاوسەرەکەی ئیتر ناچار نین لەبەرچاوی بگرن

هەری، نەوەی شاژنی بریتانیا و هاوسەرەکەی واته "مێگان مارکێل"، ماوەیەک لەمەوبەر لەنەکاو بڕیاریان دا واز لە پۆست و پلەی خۆیان وەکوو ئەندامانی باڵای بنەماڵەی پاشایەتی بهێنن. ئەم هەواڵە سەرەتا هەمووان تووشی شۆک کرد بەڵام دواتر کۆشکی باکینگهام ئەم بڕیارەی پەسەند کرد. لەم بابەتەدا لەگەڵ چەند یاسای بنەماڵەی پاشایەتی بریتانیا ئاشنا ئەبین کە ئیتر "هەری" و "مارکێل" ناچار نین لەبەرچاوی بگرن.

ئەتوانن لاینگرەکانیان ماچ بکەن و لەئامێزیان بگرن
بەپێی یاساکانی بنەماڵەی پاشا، ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە مافی ئەوەیان نییە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی پەیوەندیی فیزیکییان هەبێت. چونکە ئەم کارە رەوشی ئەمنیان ئەخاتە مەترسییەوە. لەڕاستیدا ئەگەر کەسێک لەنزیکەوە بتوانێ ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە ماچ بکات یان لەئامێزیان بگرێت، واتە نزیکیایەتییەکی زۆری لەگەڵیان هەیە و ئەمەش بەدژی یاساکانی کۆشکی پاشایەتییە.

"مارکێل" ئەتوانێ هەمیسان ببێتەوە بە ئەکتەری فیلم و دراما
مارکێل بەر لەوەی شوو بکات بە شازادە هەری، ئەکتەر بوو. بەڵام پاش ئەوەی زەماوەندیان کرد بەپێی یەکێک لە یاساکانی بنەماڵەی پاشایەتی ئیتر نەیتوانی درێژە بە کاری هونەری بدات. بەپێی ئەم یاسایە ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە چونکە لە باجی گشتی کەڵک وەردەگرن نابێ داهاتی تاکەکەسیان هەبێت.

ئیتر نەک بە نازناوی "خانمەکەم" و "خاوەنشکۆ"، بەڵکوو بەناوی خۆیان بانگ ئەکرێن
لەبنەماڵەی پاشایەتیدا ئەم نەریتە باوە کە نابێ ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی خۆیان بانگ بکرێن. بەڵام هەری و مێگان ئەم یاسایەشیان شکاند و حەزیان لەوەیە بە ناوەی خۆیان بانگ بکرێن.

هەری ئەتوانێ جلەبەرگی نافەرمی بپۆشێت
هەری لەزۆرینەی بۆنه و مەراسیمەکاندا بە کۆت و شەرواڵێکی خۆڵەمێشی یان رەشەوە دەرئەکەوت. بەڵام لەمەودوا ئەتوانێ بە دڵی خۆی جلوبەرگەکانی هەڵبژێرێت و ئیتر ناچار نییە ئەم یاسا قورس و گرانه جێبەجێ بکات.

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved