4/2/2020 08:05 PM

دهۆك.. یەكەم كێڵگەی وزەی خۆر بنیاتدەنرێت

بەمزووانەو بۆ یەكەمجار شاری دهۆك دەبێتە خاوەنی یەكەمین كێڵگەی وزەی خۆر وەك هەنگاوێكی مەزن بەرەو بوون بە پارێزگایەكی خاوێنتر لەڕووی ڕێژەی كاربۆنەوەو گوزارشت لە نموونەیەك لە وزەی نوێبووەوەو بەردەوام دەدات بۆ ئەوەی لە سەرانسەری عێراقدا جێبەجێبكرێت.

لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٠دا بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپیدان ڕێككەوتننامەیەكی لەگەڵ پارێزگای دهۆكدا بە مەبەستی بنیاتنانی كێڵگەیەكی وزەی خۆر كە بەلایەنی كەمەوە دوو مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت لە ماوەی دوو ساڵدا ئیمزا كرد.

یەكیتی ئەوروپا بڕی ٢ ملیۆن دۆلاری وەك كۆمەك بەخشیوە بەم پڕۆژەیە كە لە چوارچێوەی “پشتیوانیكردنی چاكبوونەوەو سەقامگیری لە عێراقدا لەڕێگەی پەرەپێدانی دەسەڵاتە نێوخۆییەكانەوە سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێداندا ئەنجامدەدرێت.

لەوباریەوە فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆك وتی: ئێمە لە هەموو كاتێك زیاتر پابەندین بە ئەنجامدانی كاری ژینگەیی و دابینكردنی وزەی پاك و هەرزان بۆ هاووڵاتیان و پڕكردنەوەی كورتهینانی وزەی كارەبا لە شارەكەدا،  لەژێر ڕۆشنایی پلانی كاری وزەی بەردەوامی پاریزگای دهۆكدا، بەڵێنمانداوە بڕی دەرهاویشتەی گازە گەرمەكان تا ساڵی ٢٠٣٠ كەمبكەینەوە. بنیاتنانی یەكەم پاركی وزەی خۆر لە شاری دهۆكدا پاڵپشت دەبێت لە بەدیهینانی ئەم ئامانجەداو پێداویستییەكانی بازاڕ پڕدەكاتەوە.

وتیشی: ئیمە سوپاسگوزاری یەكێتی ئەوروپاو بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانین كە هاوكارییان كردین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، هەروەها هیوادارین هاوبەشییەكی بەرهەمدار لەگەڵ كەرتی تایبەتدا دروستبكەین بە مەبەستی دابینكردنی وزەی خاوێن و ژینگەدۆست بۆ نەوەی ئێستاو داهاتوومان.

شاری دهۆك بەدەست كەمی كارەباوە دەناڵێنیت و زیاتر لە ١٠٠٠ مۆلیدەی بەرهەمهینانی كارەبای تێدایە كە هەواو ئارامی شاریان زۆر پیسكردووە. تایبەت بە پلانی كاری وزەی بەردەوام كە لە چوارچێوەی دووەم بەرنامەی پەرەپێدانی ناوچە نیوخۆییەكاندا پەرەی پێدراوە، شاری دهۆك چاوەڕێ دەكات كۆمەڵێك پاركی وزەی خۆر بنیاتبنێت كە تا ساڵی ٢٠٣٠ بتوانێت ٤٠ مێگاوات كارەبای خاوێن بەرهەمبهێنێت.

لە لایەكی ترەوە مارتن هوپ سەرۆكی وەفدی یەكێتی ئەوروپا بۆ عیراق رایگەیاند: ئەم دەستپێشخەریە نابێتە هۆی تەنها باشتركردنی فەراهەمبوونی وزە بۆ دانیشتوان بەڵكو لەهەمانكاتدا هەوڵی دەستخستنی وزەیەكی خاوێن دەدات. ئێمە لە ئەوروپا سورین لەسەر ڕوبەڕووبونەوەی گۆڕانی كەشوهەواو لەو ڕێككەوتنە ژینگە دۆستییەی (ڕێككەوتنی سەوز) ئەم دوواییەماندا سەركەوتوو بووین و تا ساڵی ٢٠٥٠ دەبین بە كیشوەرێك كە ژینگەیەكی تەواو خاوێنی دەبێت و پیس ناكرێت. هەروەها دەمەوێت بڵێم كە زۆر دڵخۆشم بەوەی كە دەتوانین هاریكاری هەرێمی كوردستانی عێراق بكەین لەو پلانەی خۆیدا كە بۆ وزەی بەردەوام هەیەتی.

هاوكات زێنە عەلی ئەحمەد نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عیراق وتی: پابەندبوونی پارێزگای دهۆك بە كەمكردنەوەی كاربۆنی دەرهاویشتوو و دابینكردنی وزەی خاوێن بۆ هاونیشتیمانییەكانی زیاتر هانمان دەدات. بنیاتنانی كێڵگەیەكی وزەی خۆر دەبێتە هۆی چاڵاككردنی زیاتری ئابووری لەڕێگەی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر لە ئابووری ژینگەدۆستی و لەسەرو هەمووشیانەوە كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگەدا ئەم پڕۆژەیەش گوزارشت دەبێت لە سەرهەڵدانی سەرچاوەیەكی لەو چەشنەی وزەی خۆر لە سەرانسەری عیراقدا.

ئامانجی بەرنامەی پشتیوانیكردنی چاكبوونەوەو سەقامگیری لە عیراقدا لەڕێگەی پەرەپێدانی دەسەڵاتە نێوخۆییەكانەوە بریتییە لە برەودان بە پەرەسەندنی سەقامگیری و ئابووری كۆمەڵایەتی لە عێراقدا لەڕێگەی باشتركردنی حوكومڕانییەكی دیموكراسیانە لەسەر ئاستی نێوخۆییدا. هەروەها كار بۆ بەرزكردنەوەی توانای پارێزگا دەستیشانكراوەكان دەكات لە بەڕێوەبردنێكی كارای دەسەڵاتە نێوخۆییەكان و خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا. گەشەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی كار خراونەتە پێشینەی كارەوە، هەروەها جەختكردنەوە لەسەر پڕۆژە سەوزەكان و بەشداریپێكردنی لاوان و ئافرەتان و باشتركردنی دۆخی ژیانی ئاوارە گەڕاوەكان و لەو ناوچانەدا كە كەوتوونەتە بەر كاریگەری ڕوبەڕووبونەوەكان.



خاك - پوكمیدیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved