5/2/2020 03:49 PM

جۆكۆڤیچ گەڕایەوە پێشەنگی

نۆڤاك جۆكۆڤیچی سربی گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی یاریزانانی تێنسی سەرزەوی، ئەمەش دوای ئەوەی توانی بۆ دووەم ساڵ لەسەریەك و بۆ جاری هەشتەم لە ژیانی وەرزشی ببێتە پاڵەوانی گراندسلامی ئوسترالیا.
جۆكۆڤیچ كە خاوەنی 17 گراندسلامە توانی شوێن بە رافائێل نادالی ئیسپانی چۆڵ بكات كە لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو لە شوێنی جۆكۆڤیچ سەركەوتبوو بۆ پێشەنگی ریزبەندی.
جۆكۆڤیچ بەهۆی ئەوەی خاوەنی نازناوەكە نەبوو بۆیە ژمارەی خاڵەكانی بە 9720 خاڵ ماوەتەوە، بەڵام رافائێل نادال بەهۆی ئەوەی لە قۆناغی چارەكی كۆتایی ماڵئاوایی كرد خاڵی زۆری لەدەستدا بەهۆی ئەمەش ژمارەی خاڵەكانی بوووەتە 9395 خاڵ و دابەزیوە بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی.
رۆجێر فێدرەری سویسریش كە گەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی پارێزگاری لە پلەی سێیەمی ریزبەندی كردوە بەڵام تەنها 85 خاڵ لە پێش دۆمینیك سیم دێت كە دوای گەیشتن بۆ یاری كۆتایی گراندسلامی ئوسترالیا سەركەوتووە بۆ پلەی چوارەم.
لەنێو ئەو یاریزانانەشی كە ریزبەندیەكەیان گۆڕانكاری گەورە بەسەردا هاتوە نیك كیرگیۆسە كە 6 پلە هاتۆتە پێشەوەو لە پلەی 20 گیرساوەتەوە، تینیس ساندگرینی ئەمریكیش كە گەیشتە قۆناغی چارەكی كۆتایی 44 پلە هاتۆتە پێشەوەو لەپلەی 56ی جیهاندایە.
سۆفیا كینین بۆ یەكەم جار هاتە نێو ریزبەندی باشترین 10 كچە یاریزان
دوای بردنەوەی نازناوی گراندسلامی ئوسترالیا سۆفیا كینینی ئەمریكی بۆ یەكەم جار لە ژیانی وەرزشی هاتە نێو ریزبەندی باشترین 10 كچە یاریزانی جیهان و لەپلەی حەوتەمی ریزبەندی گیرساوەتەوە.
یەكێتی یاریزانە پیشەگەرەكانی تینسی سەرزەوی دوای كۆتایی هاتنی گراندسلامی ئوسترالیا ریزبەندی نوێی یاریزانانی بڵاوكردۆتەوە كە ئاشلی بارتی پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی كردوە.
سیمۆنا هالیپی رۆمانیش دوای پێشكەش كردنی ئاستی بەرز لە پاڵەوانێتییەكە پلەیەك هاتۆتە پێشەوەو لەپلەی دووەم گیرساوەتەوە.
نایۆمی ئۆساكای ژاپۆنیش كە نازناوەكەی لەدەستدا 6 پلە چۆتە دواوەو لەپلەی دەیەم گیرساوەتەوە لەبەرامبەردا سۆفیا كینین 8 پلە لە ریزبەندیەكە هاتۆتە پێشەوەو لە پلەی حەوتەمدایە.
گاربینی مۆگۆرۆزاش وەرزی رابردوو بەهۆی پێكان ئاستی وەكو پێویست نەبوو لە گراندسلامی ئوسترالیا بە ئاستی بەرز دەركەوت و گەیشتە یاری كۆتایی بەهۆی ئەمەش بەیەك جار 16 پلە لە ریزبەندیەكە هاتۆتە پێشەوەو لەپلەی 16 گیرساوەتەوە.
لەنێو ئەو یاریزانانەشی كە بازی گەورەیان لە ریزبەندیەكە داوە ئەنەس جابری تونسیە كە 33 پلە هاتۆتە پێشەوەو لەپلەی 45 گیرساوەتەوە.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved