5/2/2020 05:28 PM

نارسیسمی شوێن پەرەستی



پەری کەریمی نیا

نارسیسم یا خۆشەیدایی تێرمێکی دەروونناسانەیە کە بە مانای ئەوە دێت کە تاک دەبێتە شێت و شەیدای خۆی، تایبەتمەندی و جوانی خۆی لە ھی ھەموو کەس پێ گرنگترە و ئەوەندە لە خۆیدا قوڵ دەبێتەوە کە بێگانە دەبێت لە دەورووبەری و خۆی لە ھیچ شوێنێک ناگرێت. ئەم کەسانە پێیان وایە کە بوون و بیروبڕوای ئەوان لە ھی ھەموان گرینگترە . خۆیان بە زیرەک دادەنن و شتێکی زۆر تایبەت. نارسیس کە بە مانای نەرگیزیش دێ ئەو تاکە بوو کە لە ئەوینی خۆیدا ئەوەندە نوقم بوو کە بیری چوویەوە نان و ئاو بخوا و کز بوو کز بوو و کز بوو و لە کۆتایدا مرد.

ئێستا ھەر بەپێی ئەو خۆشەیداییە جۆرێتر خۆشەیدایی ھەیە کە با بڵێن بووەتە باو لە ناو کورداندا کە با ناوی بنین خۆشەیدایی شوێن. ئەمە بە چ مانایەک دێت؟ خۆشەیدایی شوێن ئەو خۆشەیدایی و نارسیسمەیە کە تاک بە ناوی زێدی لە دایک بوونییەوە خۆی دەناسێنێ و شەیدایی و مردووی
ئەو شوێنەیە. پێی وایە لەو زێدە جوانتر بوونی نییە. ھەر چی کەسی زیرەکە لەو شوێنە کۆ بووەتەوە. تەواو دونیا لە لایەک زێدی ئەو لە لایەک. جوانی ھیچ شوێنێکتر نابینێ، لە ناسینی زیرەکی و توانایی شوێنەکانی دی دوا دەکەوێ چونکە لە بنەمادا لای ئەو ئەو شوێنانە سفری پاش فاریزەن. تۆ بڵێ بەرد ئەو دەڵێ بەردی زێدی من لە ھیچ شوێنێ بوونی نییە. بڵێ گیپە ئەڵێ گیپەی کوردەواری ھەمووی خۆشە بەڵام نازانی گیپەی شارەکەی من چییە دەست و قاچی خۆتی پێوە دەخۆی. مادام ئەوان لە ھەموو شتێکدا زێدیان سەرە دەبێ لە شتە ناشرینەکانیشدا ھەر سەر بن. نموونە: دز نییە بە دزی زێدی من بگاتەوە! تەوەزەل؟ لە زێدی من تەوەزەلی لێیە بە بۆڵدزێریش ناتوانی بیجووڵێنی! با لە ھەر لایەکەوە بێت شەن دەکات؟ ئەوە تا دڵت بخوازێ لە زێدی من کەسی تێدایە کە
بە پێی با خۆی رێک دەخات.

نموونەی ناوی کوردی. حەمەرەحیم ئەحمەدی سابڵاخی مھابادی، حەمە رەحیم ئەحمەدی سنەیی کورسانی، حەمە رەحیم ئەحمەدی تیکانتەپەی تیکاب.

نموونەی زیندووتر: من پەری کەریمی نیام. ئێستا خۆم دەکەم بە پەری سەقزی. سەقز شاڕێی کوردستانە! بڕۆ شەق ھەڵبدە ھەر بەر کەسی زیرەک و باھۆش دەکەوێ لە سەقز! جوانت دەوێ لە سەقز ئەوەندە خەڵکی جوانی لێیە کە نازانی کامی ھەڵبژێری! کەسی ئازا و بەجەرگ بەس لە مەیدان ھەڵۆی سەقزدەست دەکەوێت! مانگامان ھەیە کە جووتە دەخات زەلام دەکات بە جوانترین وێنە. پیکاسۆ بە قوتابیش وەرناگرێ ئەو مانگا سەقزییە.
ئیتر زۆر وتن قورئان خۆشە سەقز شتێکە شتێک.

ئەم خۆشەیدایی شوێنە مەترسییەکی گەورەیە کە بووەتە ھۆی ئەوەی کە کورد ئەوی تری دوژمنی لە بیر بچێتەوە و کوردەکەی خۆی بکات بە ئەویتری دوژمن. ماڵی خۆی لەو جودا بکاتەوە و سەربەخۆیی خۆی لە کوردستان رابگەیەنێت. بچێت بۆ ئەوەی ئەویدی ددانی پێدا بنێت لە گەڵ دوژمن رێبکەوێ دژی کورد. مەترسییەکی گەورەیە کە بەس لە خۆشەیداییەوە دێت. ئەمانە وەک گوڵە نەرگێز کە وەرزیان تەواو بوو دەژاکێن و دەمرن.
چارەسەری ئەوەیە کە کوردستان و کورد نەک خۆت و بەردەرکەی ماڵەکەت.
گەلۆ ئاخۆ ئێوە چی دەھزرێن لەمبارەوە؟




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved