8/2/2020 04:36 PM

کۆمەڵەشیعری 21

لەڕاستیدا داینەمۆی سەرەکی جیهانی هونەر بەگشتی و جیهانی ئەدەبیات بەتایبەتی، داهێنان و تازەگەرییە. جیهانی هونەر بە کاری نوێ و داهینەرانە هەناسە ئەدات و چەقبەستوویی و لاسایی کردنەوە پشووی سوار ئەکا. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە داهێنان و تازەگەری تێچووی تایبەت بەخۆی هەیە، هەر لە بەدناوی و شاربەدەرکردنەوە بگرە هەتا بەرپرسایەتی قورس و گران. بەڵام تافی لاوی هەمیشە دەرفەتێکە بۆ خۆتاقیکردنەوە لەم گۆڕەپانە پڕمەترسییەدا. مرۆڤی لاو بەئازایەتی و پشوودرێژییەوە بەدژی بایەخ و ستایلە باوەکان ئەوەستێتەوە و شۆڕش و سەرکێشی لەخۆی نیشان ئەدات. ئەگەرچی ئەم ئاراستەیە هەندێک جار نەک ناوبانگ بەڵکوو بەدناوی و بیرچوونەوەشی بەدواوەیە. بەڵام مرۆڤی سەرکێش دەروەستی ئەم شتانە نییە.
کۆمەڵەشیعری 21 یەکێک لەو ئەزموونانەیە کە هەوڵی داوە ئەم رێگایە بپێوێ، هەر لە ناونیشان و دیزاینی دەرەوە و ناوەوەی کتێبەکەوە بگرە هەتا شێوەی چنینی دێڕەکان و هەڵبژاردنی وشەکان. ئەم ئەزموونە نوێیه بەرهەمی چەندین ساڵ نووسینی شاعیرێکی لاوی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانه کە بە گوێرەی خۆی هەرگیز خۆی بە دادوەرییەکانی بەردەنگانەوە نەبەستۆتەوە و ئەوەی کردوویەتی لەپێناو زمان و شیعری کوردیدا بووە. ئەم ئیدعایە ئیدعایەکی قورسە، بەڵام وەک پێشتر گوتمان "هەموو شتێک لە لاوان ئەکاڵێتەوە".
سولەیمان سۆفی ساڵحی، شاعیری لاوی بۆکانی ماوەیەک لەمەوبەر کۆمەڵەشیعری 21ـی لێ بڵاوبووەوە. ئەم کتێبە کە لەلایەن چاپەمەنی خانییەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، پێکهاتووە لە 24 شیعری کورت و درێژ و لە دووتوێی کتێبێکی 100 لاپەڕەییدا کۆبوونەتەوە. دیزاینی ئەم کتێبه کاری هونەرمەندی دەستڕەنگین "ئاسۆ مامزادە"ـیە و لاپەڕەیەکی نوێی بەڕووی دیزاینی کتێبدا کردۆتەوە.
شیعرەکانی ناو ئەم کۆمەڵەشیعرە بەشێکیان پێشتر لە گۆڤار و رۆژنامەکان و پاشان لە جیهانی مەجازیدا بڵابوونەتەوە، بەڵام کۆی گشتی کتێبەکە ئەوەمان بۆ روون ئەکاتەوە کە ئەم شیعرانه ئاڵقەی یەک زنجیرن و لەوانەیە بەبێ یەک تەواو نەبن.
ئەم کتێبە لەئێستادا لەباشوری کوردستان بەشێوەی سنووردار و لەچەند کتێبفرۆشیی شاری هەولێر دەست دەکەوێ، بەڵام لەداهاتوو و لە چاپەکانی دیکەدا بەفراوانی دێتە بەر دەستی خوێنەرانی چالاک و هۆگرانی وێژه و ئەدەبی کوردی.

 

ئا: مەحموود محەمەدیان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved