9/2/2020 03:22 PM

درێژەی بەرهەمهێنانی ئایفۆن ناروونە؛ کارمەندانی فۆکسکان نابێ بگەڕێنەوە بۆ کارگەکان

فۆکسکان ماوەیەک لەمەوبەر بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناچار بوو کارگەکانی خۆی لەچین دابخات و بەتەما بوو لەڕۆژی دووشەممەدا دەرگای کارگەکان بکاتەوە، بەڵام ئەم داخوازییە لەلایەن بەرپرسانی چینەوە رەت کرایەوە.
پسپۆڕان پاش پشکنینی یەکەکانی بەرهەمهێنانی فۆکسکان هۆشداریان دا کە ئەم شوێنانە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەرە. وادیارە فەزای کارگەکانی فۆکسکان لەباری ئاگۆڕی هەواوە هەندیک تەنگەبەرن و ئەمەش نیگەرانییەکانی دوو بەرابەر کردووە.
کۆمەڵەی فۆکسکان لە "ژەنگ ژۆ" کە گەورەترین یەکەی بەرهەمهێنانی ئایفۆنە لەجیهاندا، بەرنامەی دەستبەکاربوونەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی ئایفۆنی دواخستووە. ئەو شتەی وا لەم یەکەیەدا بەرپرسانی نیگەران کردووە، قەرەباڵغی فەزای کارگەکەیە و لەئەگەری تووشبوونی یەکێک لە کارمەندان بە نەخۆشییەک، بەخێرایی بەناو کارمەندانی دیکەشدا بڵاو ئەبێتەوە. یەکێک لەسەرچاوەکانی گۆڤاری Nikkei لەم بارەیەوە گوتوویەتی: هیچ بەرپرسێک ئامادە نییە مەترسی دەستبەکاربوونەوەی کارگەکان بگرێتە ئەستۆ.
جگه لەم ناوەندانه، Innolux واتە گەورەترین باسکی بەرهەمهێنانی شاشەی فۆکسکانیش بەمەبەستی تاوتوێ کردنی تەندروستی و پشتڕاسکرنەوەی ئەمنیەتی بارودۆخەکەی، دادەخرێ. بەرپرسانی چینی بە بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکەن لە چ کاتێکدا ئەم ناوەندانه ئەتوانن دەستبەکار ببنەوە، رایانگەیاندووە کە تەنها لەئەگەری هێوربوونەوەی دۆخەکەدا ئەم ناوەندانه ئەتوانن کارەکانی خۆیان دەست پێ بکەنەوە.
فۆکسکان کە لەدەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئایفۆن بێ هیوا ببوو، بە کارمەندە تایوانییەکانی راگەیاندووە لەماڵەوە بن. لەلایەکی دیکەوە داوا لە کارمەندانی ئەم کۆمپانیایە کە دانیشتووی شاری "شێنزێن"ـن کراوە نەڕۆن بۆ سەرر ئیشەکەیان. هەندێک لەسەرچاوەکان پێشتر ئەمەیان پشتڕاست کردبۆوە کە ئەگەر چالاکییەکانی فۆکسکان لەڕۆژی دووشەممەوە دەست پێ نەکاتەوە کاریگەریی نیگەتیڤی لەسەر ئەم کۆمپانییە ئەبێت و زەبرێکی گەورە بەر هێڵەکانی بەرهەمهێنانی ئەپڵ ئەکەوێت.

 

سەرچاوە: macrumors

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved