11/2/2020 02:32 PM

ماڵاوایی لە چەک

سەبارەت بە شەڕ و وێرانکارییەکانی زۆر نووسراوە و ئێستاش ئەکرێ لەسەری بنووسرێ. گرینگ نییە ئەم شەڕە لەکوێ رووی داوە یان چەند ساڵی بەسەردا تێپەڕ بووە. شەڕ کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر مرۆڤ دادەنێ و ئەم کاریگەرییە تا کۆتاییەکانی تەمەن هەر بەردەوامه. کتێبی "ماڵاوایی لە چەک" چیرۆکێکە کە لەدڵی شەڕی جیهانی یەکەمدا روو ئەدات و لەڕاستیدا ژیانی نووسەرەکەیمان بۆ ئەگێڕێتەوە، واتە "ئەرنێست هەمینگوەی". لەدرێژەدا باسێکی کورت سەبارەت بەم کتێبە ئەخەینە روو.
چیرۆکی "ماڵاوایی لە چەک" لەرۆژێکی ئاسایی بەرەکانی شەڕ لە ئیتاڵیاوە دەست پێ ئەکات و باسی ژیانی رۆژانەی ئەفسەرێکی ئەمریکییە کە لەبەشی پزیشکیدا خەریکی ئیش کردنه. پاش ئەوەی ئەم ئەفسەرە بریندار ئەبێت، چیرۆکەکە لەبەرەکانی شەڕەوە ئەگوازرێتەوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی کە بردوویانه بۆ ئەوێ.
هۆگریی ئەم ئەفسەرە ئەمریکییە بە یەکێک لە پەرستارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بەشی رۆمانسیی چیرۆکەکەیە و زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەگەرچی کارەکتەرەکان و رووداوەکان راستەقینە نین، بەڵام هەموویان رەنگدانەوەی ئەزموونی تاکەکەسی ئەم نووسەرەن، ئەو کاتەی وا لە بەرەکانی شەڕ بووە.
وەسفە وردەکانی نووسەر لەفەزای بەرەکانی شەڕ، نەخۆشخانه و باری دەروونی سەربازەکان، بایەخی ئەم کتێبەیان بەرز کردۆتەوە. بێزاری لە شەڕ و وێرانکارییەکانی بەشێک لە پێکهاتەی ئەم چیرۆکەیان دروست کردووە کە ئەگەرێتەوە بۆ بیروڕای نووسەرەکەی.
وەرزەکانی ئەم چیرۆکە ناونیشانێکی تایبەتیان نییە و تەنها دەکرێ بڵێین ئەم چیرۆکە لە باری کاتەوە دابەش ئەبێ بەسەر سێ بەشدا: ئەو کاتەی ئەفسەرە ئەمریکییەکە لە بەرەکانی شەڕە، ئەو کاتەی بریندار ئەبێت و رەوانەی نەخۆشخانە ئەکرێت و ئەو کاتەی وا برینەکەی چارەسەر ئەبێت. جێی ئاماژەیە ئەم چیرۆکە بۆتە هەوێنی چەندین فیلم کە یەکیان ناوەکەشی هەر ناوی کتێبەکەیە.
"ئەرنێست هەمینگوەی" ساڵی 1899 لە گوندی "ئوک پارک"ـی سەر بە ویلایەتی "ئیلینۆی لەدایک بووە. باوکی پزیشک و دایکی مامۆستای پیانۆ بوون. هەمینگوەی نووسین و رۆژنامەوانی لە تەمەنی 18 ساڵییەوە بەشێوەی جیددی دەست پێکردووە و ئەو کاتەی تەمەنی 19 ساڵان بوو، بەشێوەی خۆبەخش خۆی گەیاندۆتە بەرەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی.
ئەم نووسەرە لە بەرەکانی شەڕ ئەبێت بە سایەقی ئامبۆلانس و پاشان قاچی بە توندی بریندار ئەبێت و ماوەیەکی زۆر لەنەخۆشخانه ئەبێت. کتێبی "ماڵاوایی لە چەک" بە کاریگەری وەرگرتن لەم رۆژە سەختانەوە نووسراوە.
هەمینگەوەی بەهۆی لێهاتوویی لە دروست کردنی کارەکتێر، گێڕانەوەی رووداوەکان و بەرهەمە بەناوبانگەکەی واتە "پیرەپیاو و دەریا" لەساڵی 1954ـدا خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا.

بەشێک لە کتێبی "ماڵاوایی لە چەک":
واباشترە سەبارەت بە شەڕ قسە نەکەین. ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان دەست لە شەڕ بکێشێتەوە، خۆ شەڕەکە تەواو نابێت. ئەگەر پاشەکشێ بکەین دۆخەکە خراپتر ئەبێت.


"پاسینی" بە راوێژێکی جیددییەوە گوتی: "لەوە خراپتر نابێت. هیچ شتێک لە شەڕ خراپتر نییە."

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved