12/2/2020 03:46 PM

ئایا کۆنگرەی جیهانیی مۆبایل-2020 بەڕێوە ئەچێت؟

کۆمەڵێک کۆمپانیا خۆیان پاراستووە لەبەشداریکردن لە کۆنگرەی جیهانیی مۆبایل-2020. بەم پێیه ئەگەری بەڕێوەنەچوونی پێشانگای MWC-2020 لەئارادایە.
پێشانگای MWC-2020 لەڕێکەوتی 24ـی فێبریە لەئیسپانیا دەست بەکار ئەبێت. بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا گوتوویانە لەم پێشانگایەدا بەشداری ناکەن. GSMA واتە بەڕێوەبەری کۆنگرەی جیهانیی مۆبایل-2020، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، باسی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگرەیە کردووە لەو رێکەوتەدا کە پێشتر بۆی دیاری کراوە.
بەڵام ئێستا هەواڵێکی نوێ خراوەتە بەردەستی میدیاکانی ئیسپانیا و بەپێی ئەم هەواڵە، GSMA بۆ بڕیاردان لەسەر بەڕێوەچوونی MWC-2020، دوو رۆژی دیکە واتە 14ـی فێبرییە، دانیشتنێک بەڕێوە ئەبات. لەئێستادا GSMA ئاماژەی بەم دانیشتنە نەکردووە؛ بەم حاڵەوە چاوەڕوان ئەکرێ لەڕۆژی هەینیدا چارەنووسی ئەم پێشانگایە یەکلا ببێتەوە.
تا ئێستا بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکان بەشدارینەکردنی خۆیان لەم کۆنگرەیەدا راگەیاندووە. LG، TCL، ئامازۆن، ئەنڤیدیا، ئەریکسۆن، سۆنی و ڤیڤۆ لەم پێشانگایەدا بەشداری ناکەن. کۆمپانیای "ئینتەل"ـیش لەم دواییانەدا رایگەیاند کە لە کۆنگرەی مۆبایل-2020ـدا بەشداری ناکات.
ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا زۆر کەسی کردۆتە قوربانی. زۆرینەی کۆمپانیا چالاکەکانی بواری تەکنەلۆژیان لەترسی پەرەسەندنی زیاتری ئەم نەخۆشییە و هەروەها گواستنەوەی بۆ وڵاتانی دیکە، بڕیاریان داوە لەم کۆنگرەیەدا بەشداری نەکەن. لەو بەیاننامەیەدا کە لەلایەن ئەم کۆمپانیایانەوە بڵاو بۆتەوە، ئاماژە بە تەندروستی کارمەندان و هەروەها بەشداربووانی پێشانگای MWC-2020 کراوە.

 

سەرچاوە: gsmarena

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved