18/2/2020 03:17 PM

یەکێتی ئەوروپا: فەیسبووک مافی ئەوەی نییە بڕیارەکانی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت

ئەوروپا ئیزن بە فەیسبووک نادات شێوەی یاسامەندیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر ئەم رێکخراوەیەدا بسەپێنێت. فەیسبووک چەند رۆژ لەمەوبەر بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەژێر ناوی "یاساکانی ناوەرۆکی ئۆنلاین"، داوای لەوڵاتان کردووە لەجیاتی "یاسای دەستێوەردان" شێوازێکی سادەتر بۆ ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە لەبەرچاو بگرن کە لەوێدا ئەم کۆمپانیایە لەماوەیەکی زەمانی تایبەتدا کۆمەڵێک راپۆرت سەبارەت بەو بابەتانەی پۆست ئەکرێن، بڵاو بکاتەوە و دەرفەتی تاقیکردنەوەی ئەو تەکنەلۆژیا نوێیانەی هەبێت کە بۆ چاوەدێری بەسەر ئەو ناوەرۆکانەی وا بەرهەم دێن بەکاردێن.
"تیری برێتۆن"ـی کۆمیسیۆنەری پیشەسازیی یەکێتی ئەوروپا بە رەد کردنەوەی ئەم پێشنیارە گوتی ئەم قسانه کەموکووڕیان هەیە. بەگوتەی ئەم بەرپرسە فەیسبووک لەم پێشنیارەدا ئاماژەی بە رادەی زاڵێتی بەسەر بازاڕ و بەرپرسایەتییەکانی نەکردووە. "برێتۆن" کە پێشتر بەڕێوەبەری کۆمپانیای "Orange" و لەنێوان ساڵەکانی 2005 بۆ 2007 وەزیریی دارایی فەڕەنسا بووە، سەبارەت بەم بابەتە گوتی:
"ئەوە ئەرکی ئێمە نییە لەگەڵ کۆمپانیاکان هاوتەریب بین، ئەوە ئەوانن کە ئەبێ لەگەڵ یاساکانی ئێمه خۆیان رێکخەن."
ئەم بۆچوونه راشکاوانەیە لەکاتی چاوپێکەوتنی "برێتۆن" و بەرپرسی فەیسبووک واتە "مارک زاکێربێرگ"ـدا هاتە ئاراوە کە بڕیارە کۆمپانییە ئەمریکییەکانی بواری تەکنەلۆژیا و ئەو کۆمپانیانەی وا لەلایەن چینەوە پشتیوانیان لێ ئەکرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە "زاکێربێرگ" ئەم گفتوگۆیەی بە رووداوێکی دڵخواز و باش وەسف کردووە.
"زاکێربێرگ" بەر لە ئێستاش خوازیاری چاوەدێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو. بە بۆچوونی ئەو، پلاتفۆرمێکی وەکو فەیسبووک نابێ هاوشێوەی گۆڤارە ئاساییەکان بەرپرسایەتی سەرجەم ئەو بابەتانەی تێیدا بڵاو ئەبێتەوە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەبێ چاوەدێریش بکرێت. سەرەڕای ئەم باس و خواسانە، ئەوروپییەکان زۆریان حەز لە لەبەرچاوگرتنی ئەم پێشنیارانه نییە. "وێرا جۆرڤا" سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دادگا، داوای لە کۆمپانییە ئەمریکییەکە کردووە کە بەرپرسایەتیەکانی قەبووڵ بکات:
"فەیسبووک ناتوانێ بەرپرسایەتییەکان قەبووڵ نەکات. فەیسبووک و "زاکێربێرگ" ئەبێ لەخۆیان بپرسن وەکو کۆمپانییەک ئەیانەوێ بانگەشە بۆ چ سیستەمێکی بایەخی-ئەخلاقی بکەن."

 

سەرچاوە: engadget

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved