19/2/2020 02:44 PM

گرنگ؛ ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە ئێران

سەرۆکی ناوەندیی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران دوو حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە شاری "قوم" راگەیاند. بەگوتەی ئەم وەزارەتخانەیە کۆمەڵێک تاقیکاری بۆ دڵنیایی زیاتر سەبارەت بەم بابەتە خەریکە ئەنجام ئەدرێت و ئاکامەکانیشی دواتر بڵاو ئەبێتەوە.
بەپێی هەواڵی "وبدا/ دەزگای هەواڵنێریی وەزارەتی تەندوستی ئێران"، "کەیانووش جیهانپوور" رایگەیاندووە کە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری "قوم" راگەیەندرا و لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە تیمەکانی پشکنین و بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشییە گوازراوەکان و تیمەکانی دژکردەوەی خێرا لەشاری "قوم" جێگیر بوون و بەپێی پرۆتۆکۆلەکان ئەو دوو کەسەی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەر بوو خرانە بەر "ئیزۆلاسیۆن":
بەپێی راپۆرتێک کە وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، "جیهانپوور" لە قسەکانی خۆیدا جەختی کردەوە کە لەئێستادا تیمەکانی پزیشکی و پشکنین لەشارەکە جێگیر بوون: "تیمەکانی پزیشکی و کۆنتڕۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ پێشگیری لە رووداوی نەخوازاو. ئەم تیمانه هەروها لەرێگای راگەیاندنەکانەوە هۆشداری ئەدەنه خەڵک کە ئامۆژگارییە پزیشکییەکان لەبەرچاو بگرن، بۆ نموونه: شۆردنی بەردەوامی دەست، خۆپاراستن لە تۆقەکردن و ماچ کردن و شتی لەم چەشنە.
پێشتر دەنگۆیەک سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە وڵاتی ئێران بڵاو کرابۆوە و بەردەوام لەلایەن بەرپرسانەوە رەد ئەکرایەوە. بەڵام ئەم جارەیان ئەم بابەتە لەلایەن کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە بەپێی ئەوەی وڵاتی ئێران سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، واباشە هاووڵاتیانی خۆشەویست ئامۆژگارییە پزیشکییەکان سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەبەرچاو بگرن بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراو نەبین.

 

خاک _ پشکۆ کامەران

#ڤایرۆسی_کۆرۆنا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved