19/2/2020 08:47 PM

ئەڵمانیا بە یاسایەكی نوێ روبەڕووی تاوانی ئەلیكترۆنی دەبێتەوە

ئەڵمانیا بۆ روبەڕووبونەوەی تاوان و دیاردەی بڵاوكرنەوەی گیانی نەژادپەرستی و هەڕەشەی كوشتن و ئەتكردن و لاقەكردن و چەندین تاوانی تر لەڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، پرۆژە یاسایەكی نوێی پەسەندكردو بڕی تێچووی ساڵانەی جێبەجێكردنی ئەو یاسایەش بە زیاتر لە 24 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێنراوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی حكومەتی ئەڵمانی ئەم بودجەیە دامەزراندنی زیاتری داواكاری گشتی و دادوەرەكانیش دەگرێتەوەو بۆ ڕێگەگرتنە لە تاوانی ئەلكترۆنی، سفین ریبین بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یەكێتی دادوەرانی ئەڵمان پێیوایە ئەم بڕە پارەیە لەچاو ئەو هەزاران تاوانانەدا كە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامدەدرێت زۆر نیە.

ئەو لیِپرسراوەی ئەڵمانیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی وتووە: گرنگ ئەوەیە دادگاو یاسای ئەڵمانی توانای جێبەجێكردنی یاسای تاوانەكانی بە شێوەیەكی فراوان هەبێت و لە چوارچێوەی ئەو بنەمایانەدا روبەڕووی تاوانەكان ببێتەوە. 

بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە كە دوای گفتوگۆیەكی زۆر ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ئەڵمانیا بڕیاری لەسەردا پێگە ئەلكترۆنیەكانی وەك فەیسبوك، یوتوب، ئینستاگرام لەسەریانە نوسینگەی لێكۆڵینەوەی تاوانەكان دەستبەجێ لەو بڵاوكراوانە ئاگاداركەنەوە بەبێ دواكەوتن.

مەبەست لەو بڵاوكراوانەش بۆ نموونە پرۆپاگەندەكردن بۆ نازیەكان و زەمینە خۆشكردن و وروژاندنی گیانی رق و تۆڵە سەندن و تاوان و بڵاوكردنەوەی توندوتیژی ئەمە جگە لە بڵاوكردنەوەی هەڕەشەی كوشتن و لاقەكردن و وێنەی دەستدرێژی سێكسی ناشیرین بەرامبەر بە منداڵان، بۆ نموونە هەركەسێك لەڕێگەی فەیسبوكەوە هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی بكاتەسەر كەسێكی تر سێ ساڵ سزای زیندانیكردنی ئەدرێت.

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یەكێتی دادوەرانی ئەڵمانیا خۆشحاڵی خۆی بە دەركردنی یاسایەكی لەوجۆرە دەربڕی و وتی: لە بەرامبەر فەیسبوك و كەناڵەكانی تری ئینتەرنێت و سیاسەتی ناجێگیر لە بەرامبەر تاوان و بڵاوكردنەوەی گیانی ناتەباییدا حكومەت زۆر دانی بەخۆیدا گرت.

وەك وەزیری دادی فیدرالی كریستین لامبشت ئاشكرایكرد، ئەم پرۆژە یاسایە لە مانگی 12ی ساڵی رابردوەوە پێشنیار كراوەو كاری لەسەر كراوە، بەپێی ئەو یاسایە دەسەڵاتی تایبەت لەتوانایدا دەبێت بچێتە ناو خاوەندارێتی ئەو پەیج و سایتە ئەلكترۆنیانەوە.

لەدوای دەرچوونی ئەم یاسایە وەك كەناڵی ZDF بڵاویكردەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەوڵەت دەتوانێ و لەتوانایدا دەبێت و سەركەوتوو دەبێت دەرگای نهێنیەكانی فەیسبوكی بەكارهێنەرانی بكاتەوەو زانیاری وەرگرێ؟ ئایا كێشە یاساییەكانی بەردەمی ڕێگە ئەدەن؟ هەربۆیە ئەم یاسایە لە سەرەتاوە كەوتۆتە بەر رەخنەیەكی زۆر.

خاك - شیهاب عوسمان / ئەڵمانیا
س: كەناڵی ZDF

 


 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved