23/2/2020 12:40 PM

جەڵتەی مێشک؛ هۆکار و چارەسەرەکان

بەپێی بۆچوونی دامەزراوەی "دڵ، سی و خوێن"، جەڵتەی مێشک دوو جۆری سەرەکی هەیە:
ئیسکمی: جەڵتەی ئیسکمی کاتێک روو ئەدات کە دەمارەکانی مێشک باریک ببنەوە یان خوێنی دەڵەمە بەسوو لەناو دەمارەکانی خوێندا بسوورێتەوە. نزیکەی 78٪ـی سەرجەم جەڵتەکان لەجۆری "ئیسکمی"ـیە.
هێمۆراژیک: کاتێک یەکێک لەدەمارەکانی خوێن کون ئەبێت یان ئەدڕێت، جەڵتەی هێمۆراژیک روو ئەدات. ئەم جۆریان، 10٪ـی کۆی حاڵەتەکانی جەڵتەی مێشک پێک ئەهێنێت. ئەو 3٪ـی دیکەش بریتین لە جۆرەکانی دیکە (خوێنبەربوون لەدەرەوەی مێشک).
نیشانەکانی جەڵتەی مێشک بریتین لە زمان گیران، سڕ بوونی بەشێک لەمێشک، لەدەستدانی هاوسەنگی، سەر ئێشە بەبێ هۆکارێکی تایبەت و کەمبوونی بینایی چاوێک یان هەر دوو چاوەکە. ئەگەر ئەم نیشانانەتان بینی، بەخێرایی سەردانی بنکەکانی تەندروستی بکەن، چونکە کات بەفیڕۆدان لەدۆخێکی ئاوەهادا کێشەی جیددیتان بۆ دروست ئەکات.
بەپێی توێژینەوەکان 54٪ـی حاڵەتەکانی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن. بەرزبوونی فشاری خوێن، سترێس و زەختێکی زیاتر ئەخاته سەر دڵ و بەگوتەی ئەنجومەنی جەڵتەی مێشکی ئەمریکی، ئەم حاڵەتە لەدرێژخایەندا زیانێکی زۆری بۆ دەمارەکان و بەگشتی میکانیزمی دڵ هەیە. بەرزبوونەوەی تەمەن و هەروەها هەندێک لەنەخۆشییەکان بۆ نموونه شەکرە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بەرز ئەکەنەوە.
گرنگترین بابەت بۆ چارەسەریی جەڵتەی مێشک ئەوەیە کە بەخێرایی نیشانەکان بناسرێن و چارەسەری پێویست بێتە ئاراوە، واتە ئەگەر بەخێرایی دەرمانی پێویست بخۆین مەترسییەکان کەم ئەبنەوە. هەندێک دەرمان کە بە زنجیرەی "پلاسمینۆژن" ئەناسرێن وەکو "ئالتپلاس" بۆ شل کردنەوەی خوێنی دەڵەمە بەستوو بەکاردێن و سووڕی خوێن بەهێزتر ئەکەن. بەپێی توێژینەوەیەک کە ساڵی 2015 لە گۆڤاری ئەنجومەنی پزیشکی کەنەدا بڵاوبۆوە، کاتێک لە 4/5 کاتژمێری یەکەمی پاش روودانی یەکەم نیشانەکانی جەڵتەی مێشک، دەرمانی "ئالتپلاس" بەکار بێت، ئەگەری دروست بوونی کێشە لە جموجۆڵی جەستەدا بەڕادەی %7 بۆ %13 کەم ئەبێتەوە.
هەروەها "شێوازی ژیان/ LifeStyle"ـیش ئەتوانێ مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک کەم یان زیاد بکات. جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحوول و خواردنی خۆراکە سوورکراوەکان ئەم مەترسییە زیاد ئەکەن و وەرزش کردن و سیستەمیکی خۆراکی گونجاو ئەم مەترسییانە کەم ئەکەنەوە.

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved